دواین هەواڵ

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بژاردەیەکی لۆژیکی

‌فەرەیدوون پەروازە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەندێک رووداوی سیاسی و سەربازی رووئەدات کە بێجگە لە تێکدانی ئەو ئاسایشە رێژەییە لە عێراقدا، دۆخی ناوچەکەش بە ئاقارێکی دیکەدا دەبات. 

* سەرهەڵدانەوەی داعش یەکێ لەو مەترسییانە دەبێت کە لە بۆشایی و نەمانی ئەمریکادا پێشبینی دەکرێت.
عێراق وڵاتێکە کە بۆتە حەوشەی بەتاڵی زۆرێک لە وڵاتان و ئەو وڵاتە بە هۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە رۆژ بە رۆژ دۆخی بەرە خراپ بوون دەچێت. عێراق وەک یەکەم لانکەی بە دەسەڵات  گەیشتن و خەلافەتی داعش، ئەزموونی ئەو جۆرە دەسەڵاتەی هەیە، هەر ئیستەش بە سەدان شانە و رێخستنی نەهێنی، بەجێماوی ئەو سەردەمەی هەیە بۆ سەرهەڵدانەوە. کەشوهەوای ئاینی و رادیکاڵیزمی دینی بە تایبەت لە ناوچە سونەکاندا حەکایەت لەوە دەکات کە ستەم و ناکۆکییە مەزهەبییەکان دەتوانێت لە هەر دەرفەت و بارودۆخێکی گونجاودا  بە هەزاران کەس پەیوەستی ئەو گروپە توندئاژۆییە ببێتەوە. دەستێوەردانی دەرەکی بابەتێکی دیکەیە لەو بوارەدا کە لێرەدا بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە  ناتوانین ئاماژە بە لایەنگەلێک بکەین. 

* حەشدی شەعبی و پەلوپۆکانی لە کاتی هەموو هەرەشە و بۆردومانکردنەکاندا، نەک پاشەکشەیان نەکرد بەڵکوو بەردەوام هێرشی مووشەکییان لە دژی نەیاران ئەنجام داوە. شێعە لە عێراقدا هەم زۆرینەیە و هەم راستەوخۆ پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی لە پشتە. حەشدی شەعبی هاوتەریب و شانبەشانی سپای عێراق چالاکی دەکات و  حکوومەتی عێراقی بە هیچ جۆرێک توانای چەککردنی ئەوانی نیە. کشانەوەی ئەمریکا بۆ حەشدییەکان هەلێکی زێرینە و بێگوومان رێخستنەوەیان بەهێزتر لە جاران دەبێت چوونکا پێشبینی رووبەرووبوونەوەیان لە گەل ئەمریکادا هەیە . 

* دەسەڵات و دەوڵەتی ئەحمەد شەرع  مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر عێراق. بیرۆکەی درووستکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لەو هەڵکەوتە ژیئۆپۆلیتیکەدا چەندین هۆکاری هەیە کە یەکێ لەو هۆکارانە چاوەدێری و دەستێوەردان لە دەشتی عێراقە. بەرەیەکی سونەی رادیکاڵ لە عێراق و ئەحمەد شەرعێکی رادیکاڵ لە سوریا وەک دوو جەمسەری موغناتیس  یەک دەگرنەوە. لە راستییدا لەو قۆناخە بەدواوە ئیتر رۆڵی دەسەڵاتی شەرع دەسپێدەکات. 
چۆڵکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە چەن هۆکارێکی هەیە کە یەکێکیان پێوەندی بە رمبازێنی ئەو گروپە چەکدارانەوە هەیە لە عێراقدا. گروپەکان هەر یەک بۆ خۆیان نوێنەرایەتی و بریکاریی یەکێ لە زلهێزە ناوچەیەکان دەکەن. لە راستییدا قوڵبوونەوەی شەری میلیشیاکان ناکۆکی و ئاڵۆزی لە نێوان دەسەڵاتە زلهێزەکاندا درووست ئەکات و پێدەچێت تورکیا و پاکستان لە دژی کۆماری ئیسلامی بهێنێتە سەر هێڵ. 

لە راستییدا شەری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە تەنیا لە دژی کۆماری ئیسلامی نیە بەڵکوو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین، ئامانجی سەرەکییە. بە کشانەوەی ئەمریکا باڵانس و هاوکێشی ناوچەکە تێکدەچێت و لە بازنەیەکی داخراودا شەرێکی مەزهەبی و تایفی سەرهەڵدەدات کە ئەو پلانە ئەرک و قورسایی و تێچووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان سووکتر دەکات و هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەر ئێران ئاسانتر دەبێت. بەشێک لە شەری کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکەیە، واتە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە شەر دەکات کە دیزاینی ناوچەکە نەگۆرێت بەڵام زەقکردنەوەی پرسی مەزهەبی هەموو متمانە و مەترسییە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکەی تێکداوە و لە ئاکامدا ریئال پۆلیتیکی ناوچەکە بۆ خۆی، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

کورد لەو نێوەدا راستەوخۆ بە ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە لینکە و هەروەها ئەوەیکە کورد دەیهەوێت دەقاودەق ئامانجی رۆژئاوا و دنیای دیموکراتیکە. هەر لایەنێکی کوردی دژی واقیعی سیاسی ناوچەکە بێت و بە چاویلکەی ئایدۆلۆژیا مامەڵە لە گەل روداوەکاندا بکات بێگوومان مەرگی سیاسی خۆی واژۆ کردووە و لە ئاڵوگۆرەکانی داهاتوودا رۆڵ و دەوری ون و نادیارە. کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق تاکتیکی و کاتییە و  حکوومەتی عەلی زەیدیش توانایی کونترۆڵی ململانییە ناوخۆییەکانی نابێت لە درێژ بوونەوەی ئەو دۆخەدا.

روسیاش لەو نێوەدا دەزانێت چ رووداوگەلێک بەرێوەیە و هەروەها ئەویش یەکێ لە وڵاتانی خەسارمەند دەبێت، هەرەشەی توندی(چەکی ناوکی ) ناردۆتە سەر ناتۆ و لەو چەند رۆژەی رابردووشدا هێرشەکانی سەر ئۆکراینی تووندتر کردۆتەوە. شکستی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، راستەوخۆ پێوەندی بە شکستی روسیا لە ئۆکرایندا هەیە هەر بۆیە بێجگە له روسیا تەنانەت وڵاتی چین وەک هاوبلووکی روسیا پێی لە ناو شەرەکەدا دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP