دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهۆی شەڕی دوو فڕۆکەوانەوە فڕۆکەیەکی فلای دوبەی لە سعودیە نیشتەوە

هەرێم نیوز

فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فلای دوبەی کە لە ئیماراتەوە بەرەو تەلئەبیب دەفڕی، لە ئاسمانی ناوچەکەدا نیشانەی فریاگوزاری چالاک کرد و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی مەترسیی ئەوەی فڕۆکەکە ڕفێندرابێت.

فڕۆکەکە کە نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتی ئیسرائیلی لەسەر بوو، لە ئاسمانی ئوردنەوە بەرەو سعودیە ڕۆیشت و لەوێ نیشانەی فریاگوزاریی نارد. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان، پەیوەندی لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانەکە پچڕا بوو و فڕۆکەکە لە ڕادارەکان ون ببوو، ئەمەش وایکرد سوپای ئیسرائیل فڕۆکەی جەنگیی ئامادە بکات و دۆخی لەناکاو ڕابگەیەنێت.

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگری، زنجیرەیەک ڕاوێژی ئەمنیی بەپەلەیان لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکان ئەنجام دا. ئەیال زەمیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، بەشداریی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا کرد تاوەکو چارەنووسی فڕۆکەکە دیاری بکرێت.

دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شازادە سوڵتان بن عەبدولعەزیز لە نزیک شاری تەبوک لە باکووری سعودیە، گومانەکان لەسەر ڕفاندن ڕەوێنرانەوە. ڕاگەیاندنەکان ئاشکرایان کرد، هۆکاری سەرەکیی چالاککردنی نیشانەی فریاگوزاری، شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو فڕۆکەوانەکە بووە لەناو کاپینەی فڕۆکەکەدا، کە وایکردووە بە هەڵە کۆدی فریاگوزاری چالاک بکەن و تەواوی ناوچەکە بخەنە دۆخی ئامادەباشییەوە.

گوتەبێژی نەتانیاهۆ دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە هیچ هەوڵێکی ڕفاندنەوە نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP