دواین هەواڵ

گڕگرتنی ناوچەکە

‌دڵشاد ئەنوەر

10 کاتژمێر پێش ئێستا


وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بەخێرایی گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتەنیاهۆ کۆبوویەوە، جموجۆڵێکی دیپلۆماسی چڕ لەناوچەکەدا بوونی هەیە، هەموو ئاماژەکانیش بۆ سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی نوێی شەڕ لە ناوچەکەدا دەچن.

لایەنە شیعەکانی عێراق لەدۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا رۆژ بەرێ دەکەن و چاوەڕوانی هێرشی چڕن بۆ سەر ئێران، بەپێدانی پۆست و بەشداری پێکردن لە حکومەتدا میلیشیا شیعەکان رازیکراون، تا لەکاتی سەرهەڵدانەوەی شەڕدا بێدەنگ بن.

ئیدارەی ترەمپ متمانەی لەسەر نییە، رەنگە ئەمشەو هێرش بکات و گڕ لەناوچەکە بەربدات، دووریش نییە سبەی دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا هەستی پێدەکرێت گەڕێکی قورسی شەڕ بەڕێگەوەیە.

ئەمەریکا و ئیسرائیل خۆیان ئامادە دەکەن، وڵاتانی عەرەبی و کەنداو زەندەقیان چووە، ئێرانیش ئامادەکاری دەکات.

ئەگەر هێرشەکان دەست پێبکەنەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەدەیان و بگرە زیاتریش فڕۆکە ناو ئێران بۆردومان بکرێت، ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی بەقورسی لە ئێران بدرێت، بێگومان ئێرانیش دەستەوەستان نابێ و هەوڵ دەدات پریشکی ئاگرەکە بۆ دەوروبەر هەڵبدات.

پێشرەوی حوسییەکان ئەمەریکا و ئیسرائیلی ترساند، بەوەی گەر دەست لە ئێران هەڵبگرن، ئێران بەهێزتر دەبێت لەناوچەکەدا، بەتایبەت بە رێنمایی شارەزای سەربازیی ئێران و بەزانیاریی ئاسمانی چین و روسیا ئامانجەکان بۆ حوسییەکان دیاری دەکرێت و ئەوانیش هێرشی دەکەنە سەر.

ئەمەریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هێزی سەربازیی وڵاتانی عەرەبی فشۆڵە و هی شەڕ نییە، بۆیە دەیانەوێت ئەم شەڕە بەلایەکدا بخەن، ئەگەر شەڕیش هەڵبگیرسێت قورس و سەخت دەبێت.

خواستی ئیسرائیل رووخانی ئێران و خواستی ئەمەریکاش لە پەلوپۆ خستنیەتی، بەڵام هەردوولا یەکدەنگن لەسەر ئەوەی چیتر نابێت ئێران بە برینداریی بەجێبهێڵرێت.

وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکرد ئاراستەی رووداوەکان بۆ هەڵگیرسانی شەڕی قورس و گەڕێکی تری هێرشن بۆ سەر ئێران، بەڵام هێشتا روون نییە پلانی ئەم هێرشانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت یاخود لە ئانوساتدان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP