ساڵانێکی زۆرە، بە تايبەت ماوەی ئەم ساڵەی جەنگەکەی ئێران، پرسی ئەتۆمی ئێران بابەتێکی سەرەکیی ناوچەکە و جيهانە. لەگەڵ ئەوەشدا تێگەيشتنێکی قووڵ و ورد سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی بە شێوەیەکی سنووردار خراوەتەڕوو. زیاتر پرسی ئەتۆمی ئێران لەوە کورتکراوەتەوە کە ئەگەر ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، ئەوا ئەگەر هەیە دژی ئيسرائيل یان ئەمريکا بەکاری بهێنێت. ئەمە تەنيا یەک لایەنی مەترسييەکەیە، لەوانەیە واقعیش نەبێت. لایەنی تر هەیە لەو پرسە، کە زیاتر واقعييە و گرنگترە.
تەمەنی چەکی ئەتۆمی زیاد لە ٨٠ ساڵە، لەگەڵ ئەو هەموو گەشە و شۆرشە گەورانەی لە بواری سەربازی و چەک کراوە لەم چەند "دە"یەیی کۆتایی، جارێ ئەو چەکە کۆنە هەمان پێگە و کاريگەری خۆی ماوە. چەکێکە هەر دەوڵەتێک ببێتە خاوەنی، تا ئەندازەی یەقين، پارێزراو دەبێت لە داگيرکردن و لەناوبردن. بە پێی عەقيدەی ئەتۆمی دەوڵەتەکە، دەکرێت رژێمە سياسيەکەی و سەرۆکەکەشی پارێزراو بێت، ئەگەر لە عەقيدەی ئەتۆمی دەوڵەتێکی خاوەن ئەو چەکە دەستيشان کرابێت کە هەوڵدان بۆ ڕووخانی ڕژێمە سياسييەکەی و کووشتنی سەرۆکەکەی بە ئەتۆمی وەڵام دەدرێتەوە، وەک کۆریای باکور. دەکرێت بوترێت چەکی ئەتۆمی دواهەمين سەنگەری دەوڵەتی خاوەن ئەتۆمييە کە نابەزێت. چەکێکە قەرەبووی هەموو لاوازی و کەموکوڕييەکانی دەوڵەت دەکاتەوە لە ئامرازەکانی تری هێز.
ئەتۆمی چەند ڕەهەندێکی تری هەیە، یەکێک لەوانە پێی دەڵێن گورزی دووەم، یان وەڵامدانەوە. بۆ نموونە دەوڵەتی (A) خاوەن ئەتۆميە، بە بۆمبی ئەتۆمی هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتی (B )کە ئەويش خاوەن ئەتۆميە، دەوڵەتی (B) بە چەکی ئەتۆمی وەڵامدەداتەوە. لەم دۆخە، هەرچەند دەوڵەتی (A) دەستپێشخەری کردووە و گورزەکەی وەشاندووە، بەڵام دواجار دەکرێت گورزێکی بەربکەوێتەوە کە هەزمکردن و بەرگەگرتنی ئەستەمە. ئەمە دۆخێک درووست دەکات پێی دەوترێت "هاوسەنگیی ترس". بۆیە کەسيان دەستپێشخەری ناکەن. بە گشتی تا ئەمرۆ هيچ ئامراز و سيستەمێکی بەرگری نييە کە بە مسۆگەری بتوانێت ڕێ لە بۆمبی ئەتۆمی بگرێت لەوەی بگاتە ئامانج. چونکە ئامانجەکە فراوانە، دەکرێت تەواوی شارێکی گەورە بگرێتەوە. جگە لەوەی ئەگەری کەمتر لە ١٪ بۆ گەيشتنی بۆمبی ئەتۆمی بە ئامانجەکەی، ئەگەرێکی زۆر و مەترسيدارە. هاوکات، ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەن سێگۆشەی ئەتۆمين (nuclear triad)، واتە دەتوانن لە ئاسمان و دەريا و زەوييەوە بۆمب و موشەکی ئەتۆمی ئاڕاستە بکەن، وەک ئەمريکا و ڕووسيا و ئيسرائيل و چين، ڕێگرتن و بەرپەرچدانەوەی موشەک و بۆمبە ئەتۆميەکانيان مەحاڵە، تەنانەت لەو کاتەی ئەگەر هێرشی یەکەمی ئەتۆمی بکرێتە سەریان.
ئەتۆمی هاوسەنگی هێز بە شێوەیەکی ڕيشەیی دەگۆڕێت. بۆ نموونە ئەمريکا لە هەموو ڕوویەکەوە، لە هەموو ئامرازەکانی هێزی دەوڵەت، وەک دانيشتووان و ڕووبەر و چەک و تەکنەلۆژیا و ئابووری و سياسەت و هاوپەيمان... دەيان و سەدان جار، لە هەندێک بوار هەزاران جار، لە کۆریای باکور بەهێزترە، بەڵام کۆریا تەنيا بە چەکی ئەتۆمی ئەو نا هاوسەنگيە گەورەیە لە هێز، هاوسەنگ کردووە لەو ڕووەوەی ئەمريکا ناتوانێت ڕژێمەکەی بڕوخێنێت یان داگيری بکات. لەم بارەیەوە تۆماس شيلينگ لە چاپتەری "دبلۆماسيی توندوتيژی" لە کتێبی "چەک و هەژموون" پێیوایە گرنگی و مەترسی چەکی ئەتۆمی تەنيا لە قەبارە و توانای وێرانکردن نيە، بەڵکو دەکرێت ئاڕاستەی دانيشتووانی وڵاتێک بکرێت و ێرانی بکات بێ ئەوەی پێويست بکات لە هێزە سەربازييەکەی بباتەوە لە گۆڕەپانی شەڕ. واتە چەکێکە دەکرێت جەنگ یەکلابکاتەوە بێ ئەوەی بچێتە شەرێکی تەقليدی و سەربازی.
ڕووسيا ئەگەر چەکی ئەتۆمی نەبوایە، ناتۆ لە ریگەی ئۆکرانياوە دەيتوانی شکستێکی ستراتيژی و سەربازی گەورەی پێبهێنێت، تەنانەت دەکرا پوتين بکووژن. ئەمە مانای ئەوە نييە دەوڵەتی خاوەن ئەتۆمی لە جەنگ شکست ناهێنێت یاخود گورزی گەورەی لێ نادرێت، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەتە داگيرناکرێت و لە کاتی جەنگ هێڵێکی سووری هەیە کە نابێت ببەزێنرێت، بەهێزترين ئامرازی مێژووە لە پاراستنی مانەوەی دەوڵەت. هەر بۆیە ئيسرائيل تەنيا دوای چەند ساڵیک لە دامەزراندنی، دەستی کرد بە درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئەوەی کۆتایی بە مەترسی لەناوبردن و داگيرکردن بهێنێت. نەک عەرەب و مسوڵمانان، هەموو جيهان ناتوانێت ئيسرائيل، کە قەبارەکەی نيوەی باشووری کوردستانە، لەناوببات.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەکرا لە سوريا و ئێران و یەمەن و لوبنانەوە، لە یەک کات، هەزاران موشەک و درۆن ئاڕاستەی ئيسرائيل بکرێت. ئەم سيناريۆیە لە ناوەندەکانی ئيسرائيل باس کرابوو پێش حەوتی ئۆکتۆبەر، لەم دۆخەکەدا سيستەمی بەرگری ئيسرائيل لە کار دەکەوێت و بە هەزاران موشەک و درۆن بەسەريدا دەبارێت. ئەگەر هەیە هێزە ئاسمانيەکەشی لەکار بکەوێت، بە هۆی بچووکی ڕووبەری وڵاتەکە. رێگری سەرەکی لە ڕوودانی ئەم سيناريۆیە، هاتنە ناوەوەی ئەمريکا نەبوو بۆ جەنگەکە، بەڵکو ترس بوو لەوەی ئيسرائيل ڕايبگەيەنێت کە مانەوەی دەوڵەتەکە لەبەردەم مەترسييەکی جدييە و پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەمە ئەو هێڵە سوورەی دەوڵەتی خاوەن ئەتۆمييە کە نابێت ببەزێنرێت.
ئەگەر ئێران خاوەن چەکی ئەتۆمی بوایە، بە دڵنيایەوە کووشتنی خامنەیی و ئەو هەموو سەرکردەیە، ئەو هێرشە فراوانە بۆ سەر وڵاتەکە، بەو شێوەیە ئاسانە بڕياری لەسەر نەدەدرا لە لایەن ئيسرائيل و ئەمريکاوە. ئەمە فاکتەرێکی سەرەکييە کە ئەمريکا و ئيسرائيل رێ نادەن ئێران ببێتە خاوەنی ئەو چەکە. چونکە ئيتر هاوسەنگی هێز تێکدەچێت، ئەو کات دەبێت زۆر بە وریایی و سنووردارييەوە ململانێی لەگەڵدا بکەن. ترسی سەرەکی ئيسرائيل و ئەمريکا تەنيا ئەوە نييە ئێران ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی هەبێت بەکاری دەهێنێت، چونکە ئێران دەزانێت ئەگەر کاری وا بکات، ئەوا بە بۆمبی ئەتۆمی بە شێوەیەکی وێرانکەرتر وەڵامی دەدرێتەوە، ترسی سەرەکی ئەمريکا و ئيسرائيل لەو پارێزبەندييەیە کە بۆمبی ئەتۆمی بۆ ئێرانی درووست دەکات، کە ئيتر ڕووخانی ڕژێم و داگيرکردن و هێرشی گەورە و فراوان و کووشتنی سەرکردەکانی هەمووی دەکاتە هێڵی سوور. جگە لەوەی ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن ئەو چەکە، ئەوا سعودييە و تورکيا و تەنانەت ئيماراتيش هەوڵی درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدەن.