چەمی ماوەت هەر لە گێژاوی قەشانەوە بیگرە، بابڵێین لەسەر پردی قەشانەوە درێژدەبێتەوە بۆ بەردڕی و کانی مەحمود سمایل و لەوێوە بۆ گاورە شین و خەمەڵوکە و ئیدی درێژدەبێتەوە بۆ بەردبەرد و بیشوان و بەدرێژایی ژاژڵە تاوەکو دەگاتە سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵات.
ئەم چەمە لەناو سروشتێکی شاخاوی سەخت و پڕ جادووە، سێبەری شاخ و کەرتە شاخەکان لەسەر ڕووبەڕی گۆم و گێژاوەکان حەزی تێڕامان و مانەوەت لەم لێڕەواڕە و قەراغ چەمە تێدا دەجوڵێنێت، بە جۆرێک هەستدەکەیت چەم و ڕیزە شاخی دۆڵان و قاتۆڵ، بانگتدەکەن.
هەربۆیە، ئەوەی یەکجار بەم لێڕەواڕە و قەراغ چەمە ئاشنا بێت، ئیدی وەک خەونێک وەهایە، نایەوێت وەئاگابێتەوە.
خۆ باسی ئەوە ناکەم کە ئەم لێڕەواڕە شوێنای شەڕی دەست و یەخەی هەزارەها سەربازی ئێرانی و ئێراقی بوون. لە دوای ڕاپەڕین نەک هەر کەللەسەر و گوولە هاوەن و قاوەنی فیشەک ئەم چەمەی پڕ کردبوو، بەڵکو مینی جۆراوجۆر، کە جارێک یەکێک لەو مینە کەسییە بچوکانە خەریک بوو بە مندا بتەقێنتەوە، گەر هاتوو هاواریان لێ نەکردمدایە، کۆدێک دەڵێت نەکەی ئیدی هەنگاو نانێیت... مینێک لەبەینی دوو تاشە بەردا سێڵاو هێناوبووی.
چەمی خەمەڵوکە ماشەیەکی ماسیگرتنی هەبوو، کە جارجارە ماری جۆراوجۆری بۆ خۆی ڕادەکێشا، ماسییەکان بەماشەکەوە دەنوسان و مارەکان دەهاتن... چەمی خەموڵە بۆ من، بەهەشتی منداڵی بوو. بۆ منی ماوەتی بەڵام لە سلێمانی لەدایکبوو، وەک دەیانگووت شڵە شاری کە دەچووم لەگەڵ یادی کۆچی بەخێر، عەبدولڕەحمانی ئامۆزامدا پێکەوە خۆمان دەدزیەوە و هەر لە هەڵزنان بەسەر شاخ و تاوێرەکاندا تاوەکو دۆزینەوەی هێلانەی شەمەنترێکە، تاوەکو مەلە کردن لە گاورە شین و خەمەڵوکە و تادەگاتە بارکردنی کۆڵەدار زۆرەملێ وەک سزا، لەلایەن مامە عەبدولکەریمەوە کە وەک دەیگووت ملتان پێ درێژ دەکەم، مەلەی دەکەن تاوەکو بەختەوەریەکانی مانەوەم لە ماڵی مامم لە موڵکەکەی سەرسول... ئیدی ئەم چەمە بۆ من ئیلهام بەخش بوو.
لە زەمەنی گەنجێتیشدا هاوینان بەخۆم و کتێبەکانی دەروونزانی و فەلسەفە و ڕۆمانەکانی غەسان کەنفانی دەهاتم و لە قەراغ چەمی خەمەڵوکە خەریکی خوێندنەوە دەبووم.
خزمانم گەورەترین ژمارەی پێشمەرگەیان هەبوو لە ناوچەکەدا هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا... بەڵام ئێستا گەندەڵی ئەوانی بێزار و تۆراندووە.
خەمەڵوکە ئاوەهایە، ئەشقی دەبیت و ڕاتدەکێشێت، لە پڕێکیشدا قووتدەدات و ونتدەکات... وەک چۆن ئامۆزا و هاوڕێکەمی برد و ئێستاش وەها هەستدەکەم بۆشاییەک لە ژیانمدا دروستبووە و پڕ نابێتەوە.
شاخەکان و قەراغ چەمی ماوەت بردی، لەو رۆژەوە هەموو جارێک دەڵێم؛ گەر عەبدولڕەحمان بمایە، ئێستا دەردەدڵی خۆم بۆ لای ئەو دەبرد ... ئەم ڕازەم بردە نێو نۆڤلێتەکەم شتێک لە قوڕی خوارافە... ڕاستیەکەی وەهابوو؛ لە نێو فڕۆکەدا بووم بۆ سەردانی هیوا قادر شاعیر و هاوڕێ، سەیری هەورەکانم دەکرد، ساڵانێک دوورودرێژ تێپەڕی بوو بەسەر جوانە مەرگی هاوڕێی ئامۆزامدا، بەڵام ئەو بۆشاییە ڕۆحیەی تێمدا جێیهێشتبوو تا ئێستاش پڕ نەبۆتەوە.
ئاوەها نەریتە کۆنەکەم لە فڕۆکەدا بەدەم ویسکی خواردنەوە، سەرنجی هەورەکانم دەدا، لەپڕ دەموچاویم بینی خودایە، دەموچاوی نا بە پەنجەرە خڕکەی لای منەوە، وەک ئەوەی بڵێت؛ لە یادم نەکەی … ڕاچڵکەیم، وێنەیەک، ڕازێک، خەمێک بوو، تێپەڕی و وەک خەمەڵوکە بردمی لەگەڵ خۆیدا.
بەمجۆرە یادەوەریەکانی بەدوومەوە بوو، ئاخر ئەو هاوڕێی قوتابخانەی ئامادەییم بوو، ئامادەیی هەڵکەوت، کە زەمەنی چوونە ناو کۆمەڵە و سەرکێشیە مارکیسیزمەکانم بوو، زەمەنی کەفوکوڵی ناو کۆمەڵە وەهاماندەزانی دەتوانین بە بیست و چوار کاژێر دونیای کوردی بگۆڕین.
ئەو لە من ئەقڵانیتر بوو، خەمی منی بوو دەیگووت؛ بەعس وەحشیە، دەتگرن و دەتکوژن دوایی ئێمە چی بکەین، ئاقڵ بە... ئاوەها بەدرێژایی مانەوەم لە ستۆکۆهۆڵم وێنەی ئامۆزا جوانەکەم عەبدولڕەحمان و چەمی خەمەڵوکە بە دوومەوە بوو، ئیدی چار نەبوو کەگەڕامەوە بۆ ئەلمانیا، دەستمکرد بە نوسینی شتێک لە قوڕی خورافە هەستمدەکرد خوارەفەیە جادووی چەم و لێڕەواڕی ماوەتەمان، ئەم چەمە چەندە پڕ جادوو و ئەشقە ئاوەهاش ئازیزان قووتدەدات.
نۆڤلێتەکە پانزە ساڵ لەلایەن دەزگای ئاراس چاپکراو بڵاوبۆوە و هەرچەندە سەرەتاکەی نوسیبووم، بە `` بەیادی عەبدولڕەحمان پێشکەشە`` ئەوسا شەڕی ناوخۆ بوو، پێدەچێت دەزگاکە سیاسیانە ناوی ئامۆزا جوانەمەرگەکەمیان لێکدابێتەوە و لایانبردبوو... بێگومان ئێستا ئەم نۆڤلێتە، کۆپی نەماوە.
خەمەڵوکە و ماوتیان لەزمانی یەکتر تێدەگەن، چونکە ئێمەی ماوەتیان دەزانین قاچ لەکوێ دانێنن و لەکوێدا بوەستین و لەکوێدا خاو بڕۆین و لەکوێدا پووش هەڵمانخلیسکێنێت بۆ نێو تاوێرە بەردەکانی مەرگ. لەکوێدا مەلە بکەین و لەکوێدا ئەم گۆمە مەنگە نابێت مەلەی تێدا بکەین و لەکوێدا قاچمان نەچێتە بن کەورگێکەوە و نەیەینە دەرەوە.
سەرەڕای ئەمانەش چەمی ماوەت وەک خواوەندێکی گریکی وەهایە، جارجارە ڕۆڵەیەکمان بۆ خۆی دەبات و دەبێتە قوربانی. ئاوەها لەم مانگەدا سێ گەنجی جوانی خزمانی ماوەتم ڕۆیشتن و وا چاوەڕوانی تەرمەکانیان دەکەین بەڵکو لە شوێنەکدا گیرببنەوە و بیاندۆزینەوە. خزمانی ئازیزم دەستیان لەسەر دڵیانە و پۆل پۆل بەدرێژایی ئەو چەمە زیاتر لەدوو هەفتەیە لەم قەراغ چەمە بەدوویاندا دەگەڕێن.
ئاخ، خەمەڵوکە دووبارە گەنجە جوانەکانی بردین، گوڵەکانی بردین، هەناسەکانی بردین، چ ئازارێکە، چ غەمبارییەکە...هێشتا بێ هیوا نین و دەڵێن؛ بەڵکو مابن، بەڵکو