دواین هەواڵ

بۆ ئەوانەی نازانن لە چ سەردەمێکدا دەژین

‌ساڵح میراودەلی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڤیدیۆیەکی مامۆستا مەسعود محەمەدم بینی، دەبێژێت: کورد دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە لە دەرەوەی مێژوودا دەژیت.

بە کورتییەکەی واتە کورد لەگەڵ ڕەوتی گۆڕان و ڕووداوەکاندا ڕێی نەکردووە.

پەکەکە بریتی نییە لەو کۆمەڵە گەریلایەی لە چیاکانی کوردستاندابەرخۆدان دەکەن.

بریتیش نییە لەو کۆمەڵە سەرکردەیەی ئێستای پەکەکە ، یان ئەو کۆمەڵە کەسانەی لێرە و لەوێ لەکاری ڕێکخراوەیی پەکەکەدا دەردەکەون.

کورد بە گشتی زۆر کەمیان پەکەکە دەناسن، بۆیەشە دوای ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی دوانزە و خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەشکستی دەزانن.
پەکەکە، بەر لەوەی ڕێکخراوێکی سیاسی چەکداری بێت، پەکەکە سیستمێکی سەردەمی ڕانەگەیەندراوە، پەکەکە فەلسەفەیە ئایدیۆلۆژیایە.

بۆ نمونە: فەلسەفەی ئۆجەلان،  دەیان توێژینەوەی لە زانکۆکانی جیهان و ناوەندە ئەکادیمیەکاندا  بۆکراوە و بە دەیان زمانی جیهانی بیر و ڕامانی  ئۆجەلان  چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە ئێستادا تێزەکانی ئۆجەلان سنورەکانی دنیای شکاندووە.

لەو ڕوانگەیەوە چواندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە کۆمەڵێک بزوتنەوەی چەکداری شکستخواردوو، ئەوپەڕی بێ ئاگایی و هەڵەی  بێ ئاگاییبوونە لەسەردەم و مێژووی ڕووداوەکان.

شکست ئەوەیە نیو سەدەلە بازنەیەکدا بخولێیەوە، بێ ئەوەی بکەویە بەر  کاریگەی گۆڕانکارییەکانی دەوروبەر و هەر لەسەر ڕیتمەکەی خۆت بەردەوام بیت.

لە ئێستادا سۆسیالیزمی دیموکراتی و پێکەوە ژیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە ئەلتەرناتیڤی دیفاکتۆیە بۆ هاوسەنگی هێزە جیهانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکی پەسەند.

تورکیا: تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە  ئەندامی ڕێکخراوی سەربازی ناتۆیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە، بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری ڕێکخراوەکە تورکیا ناتوانێت بچێتە پرۆسەیەکی لەو بابەتە، کەواتە زلهێزەکان بەوردی ئاگادارن و چاودێری پرۆسەکە دەکەن.

بە کورتی: بە دەستکەوتی کەمیشەوە بێت، پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە، بە کورد و تورکیشەوە، تەنها ئەوەی گرنگە  دەبێ تورکیا بەزوویی بژار و چاکسازییەک لە دەستوری دەوڵەتدا بکات بۆ بەردەوامی پرۆسەکە و مکومکردنی پایەی متمانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP