دواین هەواڵ

دووفاقی لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا !!

‌محەمەد خۆشناو

2 رۆژ پێش ئێستا

هەوڵدەدەم گرنگترین و بڵاوترین نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان کە لەواقیعدا لەگەڵی دەژیم بیخەمەڕوو ، ئەم نەخۆشیە لە وڵاتانی تریش هەیە بەڵام لەکن ئێمە زۆرترە  ، مەبەستم نەخۆشیە فسیۆلوجیەکانی وەک شەکرە و فشاری خوێن نیە کە دووچاری جەستە دەبێت ، بەڵکو نەخۆشی ڕەفتار و دووڕویی و دووفاقی « الازدواجية »ی کەسانە کە بەشێوەیەکی سلبی کاریگەری دەکاتەسەر وێنەکانیان و ئامادەبوونیان و ڕۆلیان لە کۆمەڵگاکەیاندا ، کێ هەیە لە ئێمە ڕۆژانە کەسان نەبینێت کە هاودژیەک لەنێوان ڕوالەتی دەرەوەی و ڕەفتاری هەیە ، بانگەشەی چاکە دەکات کەچی دووفاقە ، یان دەیبینیت زۆر شیرین و ئیماندار   دەردەکەوێت کەچی لە کرداردا جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ تاوانبارێکدا نیە ! ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لەناو کۆمەڵگای کوردستانیدا بکەیت ، بەتەئکید ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە بەگشتی کەلێن لەنێوان « قسە » و « کردار » هەیە و ، ئەو لێکۆلەرەوانە  ئەوە دەزانن کە تەندروستی گرنگترین بەهایە ، بەڵام کە لە چالاکی  ڕۆژانەی خەڵک بپرسیت هەست بەوە ناکەیت کە تامەزرۆی وەرزشیان هەبێت ، کەواتە ئەوەی تاکەکەس لە ڕاوەرگرتن دەیڵێت دەشێت جیاواز بێت لەگەڵ ئەوەی بەکردیی باوەڕی پێیهەیە ، زۆرن ئەو هۆکارانەی کە والەمرۆڤ دەکات بێ ئەوەی ئاگای لەخۆ بێت ڕەفتاری دووفاقی بنوێنێت ، ڕاهاتن لەسەر دووفاقی بەها و ڕەفتاری هاودژ وا لە نیشتیمان دەکات کە بەرەو دواکەوتوویی بڕوات ، هەرچەند گووشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر تاکەکەس تووندتر بێت ناتەبایی نێوان قسە و کردار زیاتر دەبێت و دووفاقی لەسەر حسابی متمانەی بەرانبەریەکتری بڵاودەبێتەوە ، دووفاقی لە بیر و قسە و کردار بزاڤی کۆمەڵگا و پێشکەوتن ئیفلیج دەکات : دووفاقی زۆرتر لەناو دوو توێژ  « پیاوانی ئایینی » و  زیاتر لەناو « ڕۆشنبیران » بڵاوە ، سەیری دووفاقی هەندێک لە پیاوانی ئایینی بکە  کە منداڵەکانیان دەنێرنە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ خوێندن ، لەهەمان کاتیش لە بڵندگۆی  مزگەفت و دانیشتنە ئایینیەکان پڕنسیبەکانی ڕۆژئاوا ڕەتدەکەنەوە و هێرشدەکەنە سەریان ، ڕۆشنبیرانیش نەخۆشیان زۆرە کە کۆنتڕۆلی کردۆتە سەر عەقل-ی هەندێکیان ، لەوانە «  نەخۆشی نەرجسیەتی لەڕادەبەدەر ، کە خۆی کراوە ناکات بۆسەر کەسانی تر یان قسە لەسەر خۆی و بەهرە و ئیمکاناتەکانی و نەبەردی ڕاستەقینە و وەهمدارەکانی دەکات  » و « نەخۆشی وەهمی نوخبەوی ،  کە خۆی بە عەقلێکی داهێنەر دادەنێت »  و  «  نەخۆشی لەدەستدانی هەستی ڕەخنەیی ، کە لەڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگر دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی عەقائیدی ڕەجعی » بەڵام باوترین نەخۆشی ڕۆشنیران بریتیە لە : دووفاقی نێوان قسە و کردار ، بەداخەوە زۆربەری ڕۆشنبیرانی ئێمە دووفاقیەکی تووند-یان لەنێوان ئەوەی دەینوسن و ئەوەی مومارەسەی دەکەن لە واقع هەیە ، کە شیعر یان نوسینی هەندێکیان دەخوێنیتەوە لوتکەی مرۆیی و جوانیە ، بەڵام کە سەیری کرداری دەکەیت کەسێکی تابڵێی سەخیفە و پەشیمانی لەوەی کە لێی نزیک بووی ، یان کە لە شوێنێک لەگەڵ کەسانی تر دادەنیشێت ئەو نیشتیمانە بە بەندینخانە و گەندەڵستان  ناودەبات کەچی خۆی سودمەندێکی باشی ئەو گەندەڵستانەیە  !!  یان لە نوسینەکانی داکۆکیکارێکی سەرسەختی ژنە کەچی ژن و کچەکەی لەماڵ بەند کردووە ، ئەوان ئەوەی دەیڵێن بە کردەیی جێبەجێی ناکەن ، داوا  لە خەڵک دەکەن بۆئەوەی کە بەڕاستی باوەڕیان پێی نیە ، ئەو ڕۆشنبیرە  دووفاقیانە دەیانەوێت ڕۆشنبیری بکەنە ئامرازێک بۆ گۆڕینی دەسەڵات و هەموو خەڵک ، بێئەوەی هەتا دەست بە گۆڕینی خۆیان بکەن ، جگەلەمەش ململانێی و قسە و قسەڵۆک لەنێوانیاندا بڵاوە ، کە هەموو ئەوانەش  کاریگەری خستۆتە سەر ڕاستگۆییان و لاوازی کاریگەریان کە ئەمەش وادەکات بوونیان لە کۆمەڵگاکەیان وەک نەبوو وابێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP