هەرێم نیوز
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق کرد و هەردولا جەختیان کردەوە، "بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كێشەی دارایی هەولێرو بەغداد چارەسەر بكرێت".
بە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی لەسەر ئاستی نیشتمانی و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان و پێشکەوتنی بەرنامەکانی حکومەت کرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە میانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی کرایەوە، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش پێویستە لە ڕێگەی ئەو هەنگاوانەی کە لە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە ئەنجام بدرێت.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی یەکخستنی یەکڕیزی نیشتمانیی کرایەوە بۆ سەقامگیری ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری وڵاتدا.
باسی لەوەش کردووە، هەروەها ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان وەک پایەیەکی بنچینەیی پرۆسەی دیموکراسی بکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت گوزارشت لە ئیرادە و هەڵبژاردنەکانی گەلی عێراق بکات، بەشدار بن لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە عێراقێکی ئەمین و سەقامگیردا.