هەرێم نیوز
بڕایەر سبەینێ شەممە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پیرمام لەسەر بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگهێشتنامەیەک بۆ سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی سەرتاسەری. لە بانگهێشتنامەکەی پارتیدا هاتووە، دەستەی کارگێڕی پارتی بە پێویستی دەزانێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا بکات.
هەر دوێنێش مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، تا پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، هەڵوێستی جیددییان دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".