دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی لە یادی دامەزراندنی یەکێتی

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی پیرۆز دەکات و دەڵێت: جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "بە بۆنەی 50یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و سەرکردایەتیی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."

سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "ئومێدەوارم یەکێتی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی لەپێناو داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت."

مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە: "لەم بۆنەیەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بدات و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و ناوچەییەکان ببێتەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP