هەرێم نیوز
کۆمیتەی ناوەندی پارتی بەسەرپەرشتی بارزانی کۆدەبێتەوە، هەڵوەستە دەکرێت لەسەر پرسی ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و دوایین بڕیاری تەیف سامی بەرامبەر بە مووچەخۆران.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی بارزانی، كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام كۆ ببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێم و پرسی مووچە و ژیانی خەڵك، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە دەبێت.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا پارتی بڕیار دەدات، چۆن رووبەڕووی ئەو پێشهاتانە بێتەوە كە حكوومەتی عێراق دژیی هەرێم گرتوویەتیەبەر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی ژمارەیەك گۆڕانكاریی لە پۆستە حزبییەكاندا كرد و بڕیارە قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكان دەست پێ بكات.
ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی پێنجشەم 29ـی ئایاری 2025، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لـە ڕاگەیەنراوێكدا ئــەوەی خستبووەڕوو "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە حكوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، دوا پێشلكاریشی نووسراوەكەی دوێنێی وەزارەتی داراییە كە دژی دەستوور و بنەماكانی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتە و، بە سیاسی كردنی قوتی خەڵكە."
مەكتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش كردبوو "ئەم بابەتە لە كۆبوونەوەی داهاتووی كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە دووی حوزەیران دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەوانە نەكرێت هەڵوێستی رژدمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."