دواین هەواڵ

سیڤەری دووەم

‌كارزان گلی

15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر بێت و توركیا پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، كە ئاماژەكان بۆ ئەوەن ئەگەر هەسەدە خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە و نەچێتە ناو سوپای سووریا، (كە بە سوپای داعشی ناو دەبەم)، دڵنیا بن، یەكەم هەنگاوی سیڤەری دووەم دەستپێدەكات، بۆیە دەبێت وریا بین و ئەمجارەشیان نەكەوینە داوی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیی.

گوێ بەو قسە پووچانە مەدەن، كە دەڵێن كورد پێویستی بە دەوڵەت نییە و لە دونیای تازەدا دیموكراتی و ئازادی لە دەوڵەت گرنگترە، ئەمانە گوتەی داگیركەرن و لەرێگەی رۆشنبیرەكانەوە هەستی نیشتیمانیان لاواز دەكەن. دەمیرتاش، لە وتارێكیدا ئەوكاتەی شارەوانییەكانی هەدەپە قەیوم كرا و چەندین ئەندامیان دەسگیر كرا گوتی: ”ئەوەی بەسەر كورددا دێت لە زوڵم و ستەم، دەوڵەتی توركیا نییە، بێدەوڵەتی ئێمەیە“ وتەیەكی بەمانا و جێی هەڵوەستەیە.

ژمارەی سەربازەكانی هەسەدە ١٠٠ هەزار دەبێت، سۆزی جیهانیشی لەگەڵدایە، نابێت بە گوتەی ئۆجەلانەكان دەستبەرداری چەك بن و تەسلیمی شەرع بن، ئاخر یەك جیاوازی شەرع و ئەسەدم پێ بڵێن؟ ئەسەد حوكمی دەكرد بۆ ئەوەی هەتا هەتایە لە دەسەڵاتدا بێت، شەرعیش هەمان شت دەكات. ئەسەد بڕوای بەمافی كورد و دوورزییەكان نەبوو، شەرعیش هەمان شت دەكات. ئەسەد ئایدۆلۆژیای حیزبی بوو، شەرعیش ئایدۆلۆژیای دینی، بۆیە نابێت بڕوا بە مافی مرۆڤ و ئازدای شەرع بكرێت، ئەو دەرفەتی بۆ رێكبكەوێت، وەڵاهی كوردی رۆژئاوا كیمیاباران دەكات.

بەهێزترین هێز لە سووریا، هەسەدەیە، عەقڵم هەزمی ناكات بچێتە ناو هێزێكی دینییەوە كە لەهەموو روویەكەوە لەیەكترییەوە دوورن، یان پێیانوابێت شەرع و حكوومەتە شەقوەشێنەكەی بڕوایان بە زمانی كوردی هەبێت.

دەبێت تێبگەین، كورد نەتەوەیەكە زیاترە لە ٥٠ ملیۆنە، ئێمە دەوڵەتمان دەوێت دەوڵەت، واز لە چەمكی دیموكراتی و ئازادی بهێنن، كەی ئازادی و دیموكراتی لای تورك و عەرەب و فارس دەست دەكەوێت.

بڕۆن بخوێننەوە و بەدواداچوون بكەن، هەموو ئەو نەتەوانەی لە ١٠٠ بۆ ٥٠ ساڵی رابردوو بوونەتەوە دەوڵەت، هەمان ئەو قسانەیان پێ گوتوون كە ئێستا بە كوردی دەڵێن، بەڵام ئەوان ئیرادە و عەقڵیان هەبووە، بۆیە هەڵنەخەڵەتێنراون و خەباتیان كردووە تا ئاڵای خۆیان لە نەتەوە یەكگرتوەكان بەرز كردووەتەوە.

كورد سیڤەری دووەمی پێویستە و دەبێت خەباتی بۆ بكات، نەك لۆزانی دووەم، كە خەونی دەوڵەت بۆ ١٠٠ ساڵی تر لەناو ببات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP