دواین هەواڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی سلێمانی مەکەو دەردەکانی خۆت چارەبکە

‌سەردەشت حەمەساڵح

2 رۆژ پێش ئێستا

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەحسابی خۆی وەک سەرۆکی عێراق هەڵسوکەوت دەکات و لێدوان دەدات، بەڵام قسەکانی بەهایان نییەو ئەو دەبێ دواهەمین کەس بێت قسە لەسەر سلێمانی و هەرێم بکات. کێشەکانی سلێمانی مەقۆزەرەوەو خۆت وەک سەرۆک نمایش مەکە، گەر سەرۆکی راستەقینەی عێراق بای، فشاری سیاسیت تێکەڵی قوتی خەڵک نەدەکردو موچەی هەرێمی کوردستانت بە بارمتە نەدەگرت. تۆ دەزانی فەرمانبەران هۆکاری کێشەکان نین، بەڵام دەتەوێت ئەوان بەکاربێنیت بۆ مەرامەکانت دژی دەسەڵاتی هەرێم. بۆیە ئێستاش حەقت بە کێشەکانی شاری سلێمانی نەبێت، هەرچۆن بێت، بەرەو چارەکردن دەچن. ئێمە نیەتی سیاسی ئێوەمان بینی، ئێمە نیەتی یاسایی ئێوەمان بینی، ئێمە هەموو نیەتەکانی ئێوەمان بینی، بۆیە تێدەگەین، ئاستی پەرۆشیتان بۆ کوێ و بۆ کێیە.
بۆیە لەبری سلێمانی و هەرێم، باشترە بیر لە نوقم بونی عێراق لەناو کێشەو گرفت و قەیرانەکاندا بکەیتەوەو دەردی خۆتان عیلاج بکەی، ئەوجا باسی دەوا بۆ جێی تر بکە.
گرفتی هاوڵاتیانتان چارەسەر بکەو کارەبایان بۆ دابین بکە. ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکە. سەروەری هێزی دەوڵەت بەسەر میلیشیاو هێزەکانی تردا بسەپێنە. یاسا لای خۆتان سەروەرکە، رێگاوبان، نەخۆشخانەو چی و چی تر، هەموو کەموکوڕی و دەردەسەرییەکانی هاوڵاتیانت چارەسەر بکە، پاشان خۆت لە هەرێم هەڵقورتێنە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP