دواین هەواڵ

با ناوی كۆماری توركیا بگۆرێت بۆ كۆماری ئەنادۆڵ

‌كارزان گلی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

رەنگە لاتان سەیر بێت بڵێم، پێویستە ناوی توركیا بگۆڕدرێت، بێگومان ئەگەر نییەتی پاكیان بۆ چارەسەریی پرسی كورد هەبێت.

پرسی چارەسەری كورد ئەنجامی نابێت، ئەگەر توركیا هەنگاوی گەورە و نییەت پاكی خۆی بەكردار دەرنەبڕێت، سەرەتاش دەبێت لەوەوە دەستپێبكەن، ناوی توركیا بگۆڕن و بیكەن بە كۆماریی ئەنادۆڵ، ئاخر ناكرێت ٢٥ ملیۆن كورد لەو وڵاتە بن و تۆ بە تورك ناویان ببەیت.

یەكێك لە زیرەكی عوسمانییەكان ئەوەبوو، ناویان لە ئیمپڕاتۆڕییەتەكەیان نەنا (ئیمپڕاتۆرییەتی توركیا)، چونكە گوتیان لەناو ئەو ئیمپڕاتۆرییەتەدا، عەرەب و تەتەر و كورد و سریانی بوونی هەیە، بۆیە دەبێت ناوێك بێت كێشە نەبێت بۆ نەتەوەكانی تر.

باشە تاوەكوو ئێستا نەتپرسیوە، بۆچی بە ئینگلتەرا دەڵێن (بەریتانیا)؟ لەو وڵاتە نەتەوەی ئێرلەندای باكوور و ویلزی لێیە، گوتیان بۆ ئەوەی ویلزییەك یان ئێرلەندییەك ناچار نەبێت بڵێت (ئینگلتەراییم) چونكە رەنگە پێی خۆش نەبێت و نیگەران بێت پێی، بۆیە ناوێكی تریان بۆ ئەو وڵاتە دۆزییەوە ئەویش (بەریتانیا) بوو. ویلزییەك هیچ پێی عەیب و شەرم نییە بڵێت بەریتانیم، ئینگلیزێكیش دەڵێت من بەریتانیم و ئەو پرسەیان چارەسەر كردووە.

توركیاش هەمان شتە، كوردی لێیە و عەلەوی و ئەرمەنی لێیە، گرنگە ناوەكەی بگۆڕن بۆ وڵاتی (كۆماریی ئەنادۆڵ)، ئەوكات گوزارشت لەهەموو پێكهاتەكان دەكات، یاخود ناوێكی تری بۆ بدۆزنەوە گرنگ ئەوەیە توركیا نەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP