«ناسیۆنالیزم وەڵامێکە بەرانبەر بە شکۆی نەتەوەیی ڕووشێنراو و بریندار. ناسیۆنالیزم نەخۆشیی نییە، بەڵکو وەڵامێکە بەرانبەر بە کەرامەتشکاندن» - ئایزایا بەرلین
ئەم ساڵانەی دوایی لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک تیۆری هاوردەکراوی چەپی ئەوروپیی (کە دەستوپەنجەی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی پێش جەنگ نەرمدەکرد)، ئەنارشیزم (وەک دژە-دەوڵەتگەرا)، ئیسلامیزم (وەک گەڕانەوە بۆ ئوممەت) و ئاپۆییزم (یەکسانکردنی ناسیۆنالیزم بە فاشیزم) جوێندان بە ناسیۆنالیزم بوو بە وێردی سەرزمانی زۆر کەس. زۆر بە سانایی سەرجەمی ناسیۆنالیزم بە فاشیزم یەکسان کرا. بۆ چەپێکی ئەوروپیی ناسیۆنالیزم واتا هیتلەریزم و فاشیزم. بۆ ئیسلامییەک واتا هەژموونی ئایدیۆلۆژیای خۆرئاوایی بۆ تێکدانی جیهانی ئیسلامیی و دابەشکردنی بۆ نەتەوە و دەوڵەتی جۆراوجۆر، یاخود «هەموو سیاسەتێکی نەتەوەیی لە فاشیزمدا کۆتایی دێت» (ئۆجەلان، بەرگی دوو، چاپی ئەڵمانیی، ل٢٢٠).
یەکێک لە کارەساتەکانی ئەم تیۆرانە ئەوەیە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست، ناسیۆنالیزم بە فۆرمە شۆڤینیستییەکەی (کەمالیزم، هیتلەریزم، بەعسیزم) و ناسیۆنالیزمی سەروەرییخوازانەی نەتەوەی بندەست یەکسان دەکەن بە فاشیزم و فاشیزمیش لەمڕۆدا بووە بە جوێن. تەنانەت لینین سەرەڕای ئەوەی دژی ناسیۆنالیزم بوو، بەڵام بە هەڵەی دەبینی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست بە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست یەکسان بکات.
ئیسماعیل بێشکچی، یەکێکە لە ژیرترین و بەویژدانترین ئەو بیرمەندانەی ئەمڕۆ، ئەگەرچی خۆی تورکە، بەڵام بە کەرامەتێکی مەزنەوە دەنووسێت:
«کوردان دەبێت ناسیۆنالیست بن. ناسیۆنالیزمی کوردیی خەباتە بۆ زەقکردنەوەی زمان و کولتووری ژێردەستەی سەرکوت و ئازاردان. ئەگەر بەرگریی لەم بەهایانە بکەیت کەواتە ناسیۆنالیستی. ناسیۆنالیزمی کوردیی هیچ ڕەهەندێکی هێرشبەرانەی نییە. نایەوێت ئەوانیدیکە بتوێنێتەوە و لەناوبەرێت. بەڵام ناسیۆنالیزمی تورکیی بەپێچەوانەوە، هێرشبەرانە و لەناوبەرە. ناسیۆنالیزمی تورکیی چی بە کورد دەڵێت؟ دەتانتوێنمەوە».
ئەو ڕۆژانە هەموو کورد خرۆشان، لە ئاستی خوارەوەدا هەموویان دڵیان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لێدەدا. لە سلێمانیی و هەولێرەوە بگرە بۆ بەرلین. لای هەر کوردێک باسی دژە-دەوڵەتیی و برایەتیی گەلان و ئاسیمیلەبوون (ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک)ت بکردایە، گاڵتەی پێدەکردی و دەیگوت بێدەنگ بە. کەچی ئەوانەی نوێنەری کوردانن، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بێ بەها سەیری ئەم هەست و سۆزە نەتەوەییانەیان کردووە و هەمیشە لەسەر مێزی گفتوگۆ قوماریان لەسەر کردوون. دووایین شت لێدوانی ئاڵدار خەلیلە کە بە چەتەکانی جۆلانی دەڵێت کێشە نییە بێنە ناو ڕۆژاڤاوە، ئەوانیش سووریین و ئێمەش هەر سووریین.
نوێنەرانی سیاسیی کورد لە باشوورەوە بۆ باکوور و بۆ ڕۆژاڤا و بۆ ڕۆژهەڵات، هیچیان تا ئێستا لەگەڵ هەستوسۆزی نەتەوەیی کورد ڕاستگۆ نەبوون.
بەهیوام نەوەیەک لەدایک ببێت (کە ئێستا بەڕێوەیە)، سەرتاپا ئەمانە تێپەڕێنێت و لەبری برایەتیی گەلان، کۆنفیدرالیزم، ئاسیمیلەبوون (ئینگراسیۆنی دیموکراتیک)، خودموختاریی، حوکمی زاتیی، ناناوەندیی، خۆسەریی، و ئیرانێتیی و عێڕاقچێتیی و ئەو شتانە، وەک ئامۆس ئۆز بڵێن:
- جیابوونەوە نەک پێکەوەیی
- سنووردانان، نەک برایەتیی
- سازشی پراگماتیی، نەک هاوئاهەنگیی خەیاڵیی
و بەدەنگی بەرز بڵێ: بەڵێ بۆ جیابوونەوە و نەتەوەییبوون و دەوڵەتداربوون.
پێش ئەوەی شتێک بەدەست بهێنیت دەبێت بیرۆکەت بۆی هەبێت، ئەگەر بیرۆکەشت هەبوو، هەوڵی بەدیهێنانی دەدەیت، جا با شکستیش بێنی. ئەوانی پێشوو تا ئێستا، خاوەن خەیاڵ و بیرۆکەکە نەبوون. بۆ کورد ئێستا ناسیۆنالیزم ڕەواترین و شارستانێترین و دیموکراتیترین بەهایە هەیبێت. شارستانێتیی واتا دوورکەوتنەوە لە جینۆساید. نەک ناسیۆنالیزمی کوردیی. تۆ وەک کورد پەلامار دەدرێیت، نەک وەک کرێکار، نەک وەک چینی کۆمەڵایەتیی، نەک وەک ئەنتەرناسیۆنالیست، بەڵکو ڕێک وەک کورد.