ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، پرسیارێکی سیاسی قووڵ دەوروژێنێت : چۆن سەرۆکی هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا، لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتە گەوورەکان و سەرکردەکانی جیهان لەسەر مێزێک دادەنیشێت؟!! وە ئەم ئامادەبوونە لە هاوسەنگی شەرعیەتدا، لە نێوان چوارچێوەی دەستووری و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چی دەگەیەنێت؟!!
وەڵامەکە لە گۆڕینی خودی چەمکی "هەرێم"ەوە دەست پێدەکات. ھەرێمی کوردستان چیتر تەنھا یەکەیەکی ئیداری نییە لەناو عێراقدا. لەماوەی دوو دەیەی ڕابروودا، وەک ئەکتەرێکی چالاکی ئەمنی و سیاسی دەرکەوتووە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان هەیە. کاتێک داعش بەشێک لە ناوچە بەرفراوانەکانی عێراقی داگیرکرد، پێشمەرگە هێڵی یەکەمی بەرگری و هاوبەشێکی کردەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو. بۆیە ئاسایشی کوردستان ئیتر بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئەم میراتە سەرمایەی سیاسی بە سەرکردایەتی کورد و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی بەخشیوە کە بوونی خۆی لە کۆڕ و کۆڕگە گەوورەکانی تاوتوێکردنی داهاتووی سەقامگیری جیهانی پاساو دەدات!!
بەڵام پرسەکە قووڵترە لە تەنها ڕۆڵێکی سەربازی ڕابردوو. نێچیرڤان بارزانی مۆدێلێک پێشکەش بە جیهان دەکات کە ڕەنگە بە "پراگماتیزمی ناسنامە" ناوزەد بکرێت. ئەو نەک لە پێگەی جیابوونەوە و نە لە ئاسمیلەکردنی تەواوەوە قسە دەکات، بەڵکو لە پێگەی هاوسەنگیەوە قسە دەکات: هەرێمێک کە سیمایەکی جیاوازی خۆی هەیە، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی سەروەردا. ئەم گوتارە دڵنیایی دەداتە سەر پایتەختە گەوورەکان کە بەدوای هاوبەشی پراگماتیکدا دەگەڕێن، نەک سەرگەرمی سیاسی. لە جیهانێکدا کە بە میحوەرە کێبڕکێکارەکانەوە دابەش بووە، دەنگێک کە خۆی لە جەمسەرگیری بەدوور بگرێت، دەبێتە سەرمایەیەکی بەنرخ!!
کوردستان لە ڕووی کردارییەوە چی پێشکەش بەجیهان دەکات؟!!
ئەو هاوبەشییەک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاری ئەمنی بەردەوام و دیدێکی مەیدانی لە دڵی ناوچەیەکی ناجێگیرەوە پێشکەش دەکات. هەروەها ئەزموونێکی حوکمڕانی ناوخۆیی دەخاتە ڕوو کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیویەتی پلەیەک لە سەقامگیری ڕێژەیی لە ژینگەیەکی پشێودا بپارێزێت. کۆمپانیا و وڵاتان تەنها بەدوای سەرچاوەدا ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای ژینگەیەکی پێشبینیکراویشدا دەگەڕێن. کاتێک سەرۆکی هەرێم لە میونشن قسە دەکات، کوردستان وەک فەزایەک بەرەوپێش دەبات کە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە متمانەی پێبکرێت!!
لەبەرامبەردا، هەرێم و عێراق چ قازانجێکیان دەست دەکەوێت؟!!
یەکەم: دانپێدانانی سیاسی ناڕاستەوخۆ بە پێگەی خۆی. دانیشتن لەسەر یەک مێز لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، وێنەی هەرێم وەک یاریزانێکی کاریگەر بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیشدا. دووەم: کەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ بڕیاردەرەکان دەکاتەوە، ئەمەش لەکاتی قەیرانەکاندا زۆر گرنگە کە سیاسەتەکان بە خێرایی دادەنرێن و پشت بە متمانە و پەیوەندی کەسی دەبەستن. سێیەم: ڕێگایەکی زیادە دەدات بە عێراق بۆ کاریگەری؛ کاتێک دیدگایەک بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە هەولێرەوە دەخرێتەڕوو، لە بنەڕەتدا دیدگایەک بۆ تەواوی خاکی عێراقە!!
هەروەها ڕەهەندێکی ڕەمزی گرنگی هەیە. بوونی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا گوزارشت لە سروشتی سیستمی فیدراڵی عێراق دەکات، کە ئاستەکانی شەرعیەت لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا یەکتر دەبڕن. ئەمەش واتای دووانەیی لە سیاسەتی دەرەوەدا نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی فرەیییەکە کە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست هەماهەنگی بکرێت دەتوانێت ببێتە هێزێک. زلهێزەکان لەوە تێدەگەن کە سەقامگیری لە عێراقدا بەتەنها لە بەغدا بەدەست نایەت، بەڵکو لەڕێگەی کارلێکی سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بەدەست دێت!!
سەرەڕای ئەوەش، ئاڵەنگاریەکە لە پاراستنی هاوسەنگییەکی ناسکدا دەمێنێتەوە. نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئامادە نییە، بەڵکو وەک سەرۆکی هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقدا بەشداری دەکات. سەرکەوتنی سیاسی ئەو بە توانای وەرگێڕانی ئامادەیی نێودەوڵەتی بۆ دەستکەوتی ناوخۆیی بۆ سەقامگیری دەپێورێت نەک بۆ هەستیاری نوێ. پراگماتیزم لێرەدا هەڵبژاردنێکی تاکتیکی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە: بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی بەبێ سازشکردن لە هاوسەنگی ناوخۆیی!!
کۆنفراسی ئاسایشی میونشن، تەنیا دەرفەتێکی فۆتۆیی نییە لەسەر شانۆیەکی جیهانی، بەڵکو دەربڕینی فەلسەفەیەکی سیاسییە کە شوناس دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پەیوەندیکردن نەک ململانێ. جیهان لە ناوچەیەکی ناسکدا بەدوای هاوبەشی ناوخۆیی متمانەپێکراودا دەگەڕێت، کوردستانیش هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک پێکهاتەیەکی جەوهەری سەقامگیری لە عێراقدا پتەوتر بکات. لە نێوان ئەم دوو ڕێبازەدا، “پراگماتیزمی شوناس” وەک هەڵبژاردنێک سەرهەڵدەدات کە ناوچەکە بە جیهانەوە دەبەستێتەوە و ئامادەبوونی نێودەوڵەتی دەکاتە درێژکراوەی حیسابکراوی شەرعیەتی دەستووری نەک جێگرەوەی!!!
*بۆ ڕۆژنامەی عەرەبی نێودەوڵەتی(الزمان) ی چاپی لەندەن، نووسراوە!!