دواین هەواڵ

ئەمریكا دەیەوێت روحی گیڤارا لە كوبا بریندار بكات

‌كارزان گلی

2 رۆژ پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ، گەمارۆی ئابووریی خستووەتە سەر كوبا، بەڕوونی دەڵێت لە دوای ئێران نۆرەی كوبایە و دەبێت وەكوو فەنزوێلای لێ بكەم. بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، قەیرانێكی سەخت رووی لە كوبا كردووە، خەرێكە لەوەی كارەساتی مرۆیی بەرپا ببێت.

پێشتر فەنزوێلا نەوتی بۆ كوبا دەنارد و ئەویش بۆ دەیان بابەت بەكاری دەهێنا، بەتایبەت بۆ كارەبا و خۆگەرمكردنەوەی هاووڵاتیان، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریكا دەستی بەسەر دەسەڵاتی فەنزوێلادا گرت، نەوت بۆ كوبا ناچێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، خەڵك لە سەرمان بێنە سەر شەقام و زبڵ و خاشاك بۆ خۆ گرمكردنەوەی بەكاربهێنن، چونكە كارەبای نیشتیمانی نەماوە و شەوان تاریكستان و بەڕۆژیش خەڵك بەدوای خۆراكدا دەگەڕێت.

پێداویستی تەندورستیی زۆر كەم بووە خەریكە كارەسات روو دەدات، ئەمە جگە لەوەی خۆراك بەكەمی دەست دەكەوێت، ترەمپیش دەڵێت بەردەوام دەبم لەو فشارە تا خۆیان بەدەستەوە بدەن.

كوبا بۆ كۆمەنیستەكانی جیهان سومبولی خەبات و شۆڕشگێرییە، چونكە گیڤارا و كاسترۆ، توانیان دژی ئەمریكا بوەستنەوە و سەربەخۆیی بۆ كوبا بەدەست بهێنن، ئەمەش وای كرد، ئەو دوو سەركردەیە ببنە سومبولی شۆڕشگێڕی بۆ جیهان و چەندین شۆڕشگێڕی جیهانیش ئیلهامیان لەوان وەرگرت بۆ خەبات و بەرخودان.

كۆمەنیستەكانی جیهان پێیانوایە، ئەمریكا لەبیری نەچووە كوباییەكان چۆن ئەوانیان شەرمەزار كرد و لەوڵات دەریانكردن، ئەوەی هەر لەدڵ دەرنەچووە، بۆیە دەیانەوێت دووبارە كوبا داگیر بكەنەوە، بەڵام روحی گیڤارا لەناو دڵی كوباییەكاندا هەیە و هەرگیز ناتوانێت وڵاتیان داگیر بكرێت.

سیستەمی سیاسی كوبا كۆمەنیستییە، قوتابخانە بۆ هەموو گەلی كوبا بەخۆڕاییە و شتێك نییە بەناوی قوتابخانەی تایبەت، نەخۆشخانەكان بەخۆڕایی بۆ هەموو هاووڵاتیان كراوەیە و یەك دینار نادرێت بۆ پزیشك و دەرمان. 

قوتابیان لە قوتابخانە خواردنیان بەخۆڕایی پێ دەدرێت، هەروەها هاووڵاتیان مانگانە خۆراكیان بەگوێرەی ژمارەی كەسەكان بەخۆڕایی پێدەدرێت، هەروەها هاتوچۆ بەخۆڕاییە، واتە پاس و شەمەندەفەری ناوشارەكان بەخۆڕاییە بۆ هەموو هاووڵاتییەك.

بەڵام بەهۆی گەمارۆی ئەمریكاوە، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە زۆر لەكەمی داوە و ئەگەر گەمارۆیەكان بەردەوام بێت، خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك دەبێت سفر.

بەگوتەیەكی گیڤارا كۆتایی بەو وتارەم دەهێنم

”كاتێك سكی كەسانی برسیم تێر دەكرد، وەكوو قارەمان ناویان دەهێنام، بەڵام كاتێك دەمپرسی بۆچی ئەوانە برسی كراون، پێیان دەگوتم تۆ كەمەنیستیت بۆیە ئەو پرسیارە دەكەی.“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP