دواین هەواڵ

ئەمە ئەو ساتەیە وشەت دەستناکەوێت!

‌بەهرۆز جەعفەر

2 رۆژ پێش ئێستا

دوێنی لە سلێمانی بووم، زنجیرەیەک دیدار و کۆبونەوەی جیا-جیام هەبوو. لە یەکێکیاندا لەگەڵ کاک بابەکر دڕەیی پێکەوە دانیشتبووین، برایەکی ڕۆشنبیر هات؛ وتی؛ ئەرێ ئەوە ئێوە دەزانن فارووق ڕەفیق مردوە!؟
کاک بابەکر، یەکسەر تەلەفۆنەکەی کردەوە، لە فەیسبوک وتی "ئەوەتا.. دایانگرتوە، وایە.. دەفەرموو ئەوەتا لە کۆمێنت جنێوی پێدەدەن!" 

فارووق ڕەفیق، پیاوێکە لەناو کایەی هزریی و بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا شان و شەوکەتێکی گەورەی هەیە، تەمەنێکی لە پێناو دۆزینەوەی حەقیقەت و زیادبوونی پانتاییەکانی ئەقڵانییەت بە-با-داوە.

مرۆڤە باڵا بەرزەکان؛ ئەوانەی کە بەردەوام "دۆز"ێکیان هەیە و خۆیان پێوە خەریک کردوە و، زیاد لە ئارگیۆمێنتێکیان هەیە بۆ بەرگریی کردن لێی، تۆ هەرچەندە لێیان جیاواز بیت لە ڕووی هەڵوێستەوە، لە ڕووی تێگەیشتنەوە، ئەوان تازە تۆوی خۆیان چاندوەو، هەر بە گەورەیی لە دڵی مێژوودا، لە دڵی نەوەکانی ئایندەدا ئامادەییان هەیە. 

تۆ هەتا ئێوارە دژی مارکس بە، کاتێک ئەو کە مرد تەنها (١١) یانزە کەس لەگەڵی چوون بۆ گۆڕستان، بەڵام هەتا هەتایە مارکسیزم لە زانستی کۆمەڵناسی دا، لە ئابورییدا، لە مێژوودا، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تێزێکی بەردەوام ئامادەیە و، هیچ خوێندکار و مامۆستایەک ناتوانێت خۆی لێ لابدات. لەساڵی (٢٠٠٦) دا ڕێک (١٢٦) ساڵ دوای مردنی مارکس، کتێبەکانی ئەو لەو ئەوروپایەی کە بەزیندووییەتی قەدەخەبوو مارکس تیای بژی، پڕۆفرۆشترین بوو!  ئا..ئێستا لە بەلجیکا گرانترین قاوەخانە ئەوەیە کە (١٥٠) ساڵ پێش ئێستا مارکس بە زۆری لەوێ دادەنیشت.. ئەوجا با منی توێژەر هەر دژی چەپ بم!
تۆ هەتا ئێوارەکی، دژی پەیامبەری موسڵمانان بە؛ بەڵام ئەو ئێستا زیاد لە ملیارێک شوێنکەوتووی هەیە، لایەنی کەم ملیۆنێک پڕۆفیسۆر و پسپۆڕ و داهێنەر موسڵمان و ئیماندارن. 

ڕەنگە ئێستا زۆر کەس نەزانێت دوو ساڵ پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کێ بوەو، ناوی ئەوی لە بیر نەمابێت!؟ بەڵام تا-هەتایە جیهان ناوی "هینری کیسنجەر" دەزانێت، بۆچی؟!
فەیلەسوفی ئەڵمانیایی "مارتن هایدگەر"، بە زیندووییەتی پاڵپشتی نازییەکان و هیتلەری کردبوو، هێشتا ئەوەندەی ئەم ٢٤ کاتژمێرەی کە "فارووق ڕەفیق" کۆچی دوایی کردوە، جنێو و قسەی نەشیاوی پێ نەوتراوە!

دەبێت تا ئەوسەری بە دوای تێز و بانگەشەکانی فارووق ڕەفیق دا بچین، چوونکە ئەو دەیوت ڕەگی ئەم کارەساتانەی کە بەسەرماندا دێن لە "جەهالەت" ی کۆمەڵگادایە، لە "هەژاریی فەرهەنگی"یەوە دێت. لەبارەی بیرمەندان و توێژەرانەوە، قسە هەرە گرینگەکە تەنها ئامادەیی"فیکر" ێک نییە، بەڵکو گرینگتر لەو "جەرائەتی فیکریی"ە. جەرائەتی فیکریی لای سوقرات بێت یان مەلا کرێکار هەر سەرنجڕاکێشە. لە سەردەمی هاوچەرخ دا، جیهانی عەرەبی دا چەند بیریارێکی زۆر دەگمەنی وەکو عەبدولڕەحمان مونیف، هادی عەلەوی، هاشم ساڵەح، عەلی وەردی نەبێت ئەوانی دیکە وەک پێویست بەردەوام ئامادەییان نییە، چوونکە ئەو دەگمەنانەن کە هەم فیکر و هەم جەرائەتی فیکرییان هەیە.. دکتۆر فارووق ڕەفیق ئەم جەرائەتەی هەبوو.. لەو کەسانە نەبوو قسەیەک فڕێ بدات و دواتر نەتوانێت دووگمەی سەر سنگی بکاتەوەو بڵێ من بووم، ئەمەشە فاکت و بەڵگەو ئارگیۆمێنتەکانم! جەرائەتی فیکریی شتێکە پیاوە بوێرەکانی پێ دەناسرێتەوە. 

ئەز پێشووتر دەمزانی، فاشیزمی کۆمەڵگە، وە ئیخوان موسلیمین چ مەترسییەکی گەورەن، وەلێ دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، وە پاش مەرگی فارووق ڕەفیق ئەوە ئیتر لە زانین و هەست پێکردن دەرچووە:
  هەر بە پێی فەرمایشتی درووستی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) کە بوخاری و موسلیم پشتڕاستیان کردۆتەوە کە فەرموویەتی «المسلم من سلم المسلمون من لسانه ويده» واتە مرۆڤی موسڵمان دەبێت خەڵکی لە دەستی و لە زمانی ڕازی و پارێزراو بن. ئەم زمانە پیسە کێ فێری موسڵمانانی کردوە؛ فارووق ڕەفیق یان ئیخوان موسلیمین و گرووپە بە کرێگیراوەکانی وڵاتانی ناوچەکە!؟
قسەی کۆتایی ئەوەیە، کە بەڕاستی ماڵئاواییکردنی فارووق ڕەفیق ئەخلاق و بەهای کۆمەڵگەی ئێمەی خستە ژێر پرسیارەوە. لەهەمووی زیاتر سلێمانی خستە ژێر پرسیارەوە، لەو شارەدا دەستەڵات سەدان شووققە و باخ و ڤیەللای بۆ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هەیە، سەدانی بۆ لەشفرۆشان و دەڵاڵەکانی هەیە، ملیارەهای بۆ جنێوفۆشان هەیە، بەڵام دوو ژووری بۆ فارووق ڕەفیق نەبوو!؟ ئەویش وەک "مەولانا" بەرماڵەکەی خۆی هەڵگرت و شاری بەجێهێشت، وەک "سالم" و چامەکەی هەڵهات، وەک "نالی" کەس نەیزانی لەداخی "شار!" چۆن و لە کوێ سەری نایەوە! وەک "گوزیدە قەفتان" دونیایەک بوختانیان بۆی هەڵبەست، وەک چۆن سلێمانی "حاجی تۆفیق پیرەمێرد" یان توێکڵە شووتی باران کرد، "نەجمەدینی مەلا"یان شێت کرد، "شێخ مارفی نۆدێ" یان والێکرد تکا بکات بیگوێزنەوە بۆ شارێکی تر.. وەک زۆر..زۆری دیکە...زۆر.. سلێمانی خۆی حکومەتی بۆ شێخ مەحمود درووست کرد، هەر خۆیان پشتگیرییان نە-کردو، سەتو یەک کێشەیان بۆ درووستکرد!

"دیارە، مەبەست لە سلێمانی خاک و ئاوو هەوا و خەڵکە زۆرەکەی نییە، بەڵکو نوخبە جۆراوجۆر و خۆ-خۆر و ناشیرین و بێ ئەمەکەکەیەتی."

هیچ کاتێک نابێت جیاوازیی وامان لێ بکات ناسنامە، کەلتور، پێکەوەژیان و مرۆڤبوون لە دەست بدەین. جەهالەت و جنێوفرۆشان لە هیچ سووچێکی مێژوودا جێگەیان نییە، چوونکە ئەوانە ململانێیان لەگەڵ بیروباوەڕ و ئەقڵ و خاوەن دۆز و وشەکان پێ ناکرێت، شەڕ لەگەڵ تەرمەکەی دەکەن.  دروود بۆ گیان و ڕۆحی پاکی ئەو پیاوە باڵا بەرزەی ناو کایەی فەلسەفە، ئەدەب، ڕەخنە و هزری ئێمە؛ وشە لە ئاستت باڵایەکی بچووکی هەیە، یەک هەزار ساڵی تر دەڵێن چۆن گوایە کورد بیرمەندی نەبوو، قسەی خۆی نەبوو، ئەی فارووق ڕەفیق کێ بوو؟! مرۆڤە گەورەکان، بیرمەندو نووسەرە ڕەسەنەکان، دوای ئەوەی بە جەستە دەڕۆن، ئینجا لە هەناوی کۆمەڵگەکاندا زیندوو دەبنەوە، ئێستا تۆ بەڕاستیتر لەناوماندای، بەو جیاوازییانەش سەردەمێک هەمانبوە هەر لەگەڵماندای.. دەمێنیتەوە.

سەر بەرزی و شکۆ بۆ خانەوادەو منداڵە چاوگەش و ئاسۆ ڕوونەکانی.

"بەهرۆز جەعفەر"

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP