دواین هەواڵ

كاتێك لەگەڵ ورچدا دەچیتە ژێر یەك بەتانییەوە

‌کارزان گلی

3 رۆژ پێش ئێستا

عیسمەت ئینۆنوو، سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا لە گوتەیەكدا دەڵێت: ”بەستنی هاوپەیمانیی لەگەڵ وڵاتە گەورەكاندا، لەوە دەچێت لەگەڵ ورچێكدا بچیتە ژێر یەك بەتانییەوە، تەنانەت لە كاتی خەویشدا دەبێت چاوت كراوە بێت“

ئەگەر ئەو ورچە دۆستیشت بێت، ئایە لەسەر جێگەدا عەزیەت بەو مرۆڤە دەگەیەنێت یان نا؟ لەناو دەستی یاری پێدەكات یان نا؟ گازی لێ دەدات یان نا؟ ئەمە نازانرێت، بۆیە مادام بڕیارتدا لەگەڵ ورچدا بچیتە ژێر یەك بەتانییەوە دەبێت ئەو مەترسیانەت لەبەرچاو بێت.

هاوپەیمانیی نەوەی نوێ و یەكێتی، لەوە دەچێت نەوەی نوێ لەگەڵ ورچدا چووبێتە ناو یەك بەتانییەوە نازانێت چی لێ بەسەر دێت، بەجۆرێك لێی قەوماوە رێگەی دەرچوونی نییە، دەبێت ورچی دۆستی بڕیار لە چارەنووسی بدات.

بۆش قسەیەكی هەیە دەڵێت: ”هەرگیز ناتوانیت لیمو شیرین بكەیت“
یەكێتی هەگیز شیرین نابێت لای نەوەی نوێ، بەپێچەوانەوەشەوە هەر راستە، بۆیە یەكێتی تا وەكوو لیمۆ نەوەی نوێ نەكوشێت و هەموو ئاوەكەی لێدەرنەهێنێت لێی ناگەڕێت.

پارتی بەبێ ئەوەی نەوەی نوێ هەستی پێ بكات، دەیەوێت خزمەتی بكات و بەپیلییەوە چووە تا لەژێر ئەو بەتانییە دەریبهێنێت و ئازادی بكات، بۆیە داكۆكی دەكات لەوەی نابێت یەكێتی بڵێت ئێمە بەنەوەی نوێوە ٣٨ كورسین، دەبێت یەكێتی بەتەنیا بێتە ناو گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت، بەدڵنیاییەوە نەوەی نوێش ئەوەی دەوێت، بەڵام تازە مەحكوومی چوونە ژێر بەتانی بووە لەگەڵ یەكێتیدا و ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە، مەگەر پارتی فریای بكەوێت.

رەنگە بپرسن ئایە ئەگەر پارتێكی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانیی بكات، ئەویش وەكوو ئەوە وایە لەگەڵ ورچدا چووبێتە ژێر یەك بەتانییەوە؟ وەڵامەكەی روونە، ئەگەر بێت و هاوپەیمانییەتەكە وەكوو ئەوەی یەكێتی و نەوەی نوێ بێت (بەڵێ)_یە، ئەگەر وەكوو ئەوەی ئەوان نەبێت، نەخێر چوونە ژێر بەتانی نییە لەگەڵ ورچدا.
بەكورتی، گوتەیەكی روس هەیە دەڵێت: “ئەگەر بڕیارتدا لەگەڵ ورچدا سەما بكەیت، ئەوە ورچەكەیە بڕیار دەدات كەی سەمایەكە كۆتایی دێت نەك تۆ”
هیوادارم پەیامەكە گەیشتبیێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP