دواین هەواڵ

گرەوکردن لەسەر تێکدانی ئاسایش هەولێر

‌دییە عەلی

15/10/2022

شاری هەولێر، کە پایتەختی هەرێمی کوردستان و نەوایەکی ئارامە بۆ کوردانی هەرچوارپارچەکە، هەندێ لە زانایانی هەولێر و هەرێمی كوردستان بەلانكەی مرۆڤایەتی دەزانن، چونكە ئەشكەوتی شانەدەر باشترین بەڵگەی مێژوویی مرۆڤە بەوپێیەی كە ئەشكەویتێكە لە جیهان گرنگی تایبەتی هەیە و كەوتووەتە نزیك شاری هەولێر

تەمەنی ئێسكبەندەكان كە بۆ 60 تا 65 هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە بەرێگەی زانستی سەلمێنراوە بەدرێژایی مێژوو، تا ئێستا هیچ رۆژگارێكی ئەو ناوچەیە واتا ئەشكەوتەكە و شاری هەولێر بێ مرۆڤ و دانیشتوان نەبوون، هەولێریش كۆنترنی شاری جیهانە تا ئێستا بە ئاوەدانی ماوەتەوە.

شاریش تا كۆنتر بێت مێژووەكەی ئاڵۆزتر دەبێت بە تایبەت شارێكی وەك هەولێر كە بەشێک لە زانایان پێیان وایە ئەم شارە پێش پەیدابوونی نووسین دروستكراوە. كە خەت و نووسین لە داهێنانی سۆمەریەكانە پاش ئەوەی سۆمەریەكان لە هەولێر و كوردستان دەچنە خوارەوە لە ساڵی 3200ی پ.ز، خەت و نووسین لە هەولێر دادەهێنن. بە پێی زانیاری ئینسایكلۆپیدیای بەریتانیا بە شاری هەولێر گوتراوە (ئۆربل) وە ئاماژەش بەوە كراوە كە شاری هەولێر لەلایەن باپیرانی سۆمەریەكان دروستكراوە. هەروەها میژووی شاری هەولێریش بۆ 6000 هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.


هەولێر هەنوکە وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەیە لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەش و لەئاستی ئیقلیمی و نێودەڵەتیش پێگەی خۆی هەیە و ناکرێت نادیدە بگیرێت، ئەوەی پێگەکەی بەهێزترکردووە بونی ئارامییە لەو شارەدا، کە ئاسایشی هاوڵاتیان پارێزراوە و بووەتە نمونەیەکی سەقامگیری ئاسایش لە هەموو عێراقدا، سەرەڕای جۆرەها دوژمنی دەرەکی و هەندێکجار ناوخۆیش.

لەماوەی ڕابردودا بەدروستی لە 7-10-2022  کردەوەیەکی تیرۆرستی لە شاری هەولێر رویدا و کە بەهۆیەوە بووەهۆی کوژرانی عەقیدێکی دەزگای زانیاری لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر عەقیدەکە بەهۆی جیاوازی بۆچوون و رەخنەی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتی لە دوای ڕووداوەکانی 8ی تەموزی 2021 ەوە ماڵی گواستووەتەوە بۆ هەولێر و لەوێوە کارەکانی بەڕێوەبردووە، کە بەرپرسی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لە هەولێر و موسڵ.

ڕووداوەکە بەجۆرێک بوو، کە دواتر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا بەڤیدیۆو بەجۆرێک پیشاندرا کە هیچ کەس نەتوانێت گومان دروست بکات و بڵێ سیناریۆیە، ماوەی 10 ساڵیشە هیچ رووداوێک ڕووینەداوە بەقەد ئەم رووداوە هاوڵاتیان متمانەیان بە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم هەبێت، لە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا باس لەوە کراوە کە تیمێکی 10 کەس تیایدا بەشداربووە و شەش کەسیان دەستگیرکراوە و داوای ڕادەستکردنی چوار کەسەکەی تریشیان کراوە.
کێشە گەورەکە ئەوەیە چۆن دەبێت ململانێی سیاسی بگاتە ئەو ئاستەی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاکانی خۆتاندا بکەن، هەرچەندە پێشبینی نەکراو بوو، لەم کاتەدا کە کاتێکی تەواو هەستیار بوو دانپێدانانی بکەرانی کردەوە تیرۆرستییەکە بڵاوبکرێتەوە، چونکە بابەتێکی وەک هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە ئارادابوو، بەڵام هەر بڵاوکرایەوە، ئەمەش بەڵگەی ڕوونی ئەوەبوو، کە کەیسی تیرۆر تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت.
ماوەتەوە بڵێین ناکرێت و نابێت ململانێی سیاسی بگاتە تیرۆری جەستەیی، چونکە ئەم کارە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی لەکەدار دەکات و واش دەکات دامودەزگا بیانییەکان مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاکاندا نەکات و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی بەتەواوەتی ببڕێت، ئەمەش بەهەموو مانایەک لە زیانی هەرێمی کوردستان و ئەزمونەکەیەتی، بەتایبەتی کە هێشتا هەرێمی کوردستان پێویستی بەهاوکاری و هەماهەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
ئاسایش و سەقامگیری هەولێر و تەواوی کوردستان دەبێت لە ئەولەویەتی هەموو هێزە نیشتیمانییەکانی کوردستان بێت و نەبێتە کەرەستەی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و یاری بەئاسایش و سەقامگیری هەرێم بکرێت، چونکە ئاسایش بەهێزترین خاڵی هەرێمی کوردستانە کە سەرەڕای هەموو قەیران و نەهامەتییەکان مرۆڤ ژیانی پارێزراو دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP