دواین هەواڵ

كلیچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمدا چۆن دەیباتەوە؟

‌كارزان گلی

21/05/2023

ئەگەر سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی گەڕی یەكەم بكەین، جیاوازی نێوان ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو 4% دەبێت، ئەو رێژەیە رێژەیەكی زۆرە بۆ بردنەوە، بەڵام مەحاڵیش نییە، گەر كلیچدارئۆغڵو، بتوانێت لە گەڕی دووەمدا هەڵبژاردن بباتەوە.

ئەوەی وای كردووە، كە شانسی ئەردۆغان زیاتر بێت بۆ بردنەوە، ئەو خاڵەیە كە ئەردۆغان، ستراتیژییەتی ئۆپۆزسیۆنی شكاند، بەوەی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر كرد، ئیدی ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت سیستەمی سیاسی لە كۆمارییەوە بكاتە پەرلەمانی، كە ئەمە خاڵێكی ستراتیژی ئۆپۆزسیۆن بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردن و كارنامەی هەڵبژاردنیاندا.

چەند خاڵێك باس دەكەم، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە گرنگەوە كاری لەسەر بكات، بە دڵنیاییەوە دەتوانن لە گەڕی دووەمدا سەركەوتوو بن.

یەكەم: وەكوو ئەوەی بەدواداچوون كراوە و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بڵاوی كردووەتەوە، كەمترین رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن، لە باكووری كوردستان بووە، باس لەوە دەكرێت دوو ملیۆن دەنگدەری كورد نەچووەتە سەر سندوقی دەنگدان، پێویستە هەدەپە، بە جیدی كار بكات تا ئەو دەنگدەرانە بچنە سەر سندوق و دەنگ بدەن، چونكە ئەو رێژە دەنگە دەكاتە 3%ی دەنگەكان.

دووەم: كارتی مەڕاڵ ئاكشەنەر و مەنسوور یاڤاش، زۆر زۆر گرنكە، چونكە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، نەژادپەرستەكان نزیكەی 23%ی دەنگەكانیان هێناوە، بەهۆی ئەوەی ئاكشەنەر و یاڤاش، دوو كەسایەتی نەژادپەرستن، بۆیە دەبێت بۆ گەڕی دووەم زۆرترین هەوڵ بدەن، تا بتوانن نەژادپەرستەكان بۆ لای كلیچدارئۆغڵو رابكێشن، بەتایبەت یاڤاش، پێشتر مەهەپە بووە و خۆشەویستە لای نەژادپەرستەكان.
سێیەم: وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، نزیكەی دوو ملیۆن دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمی جیاكردنەوەی دەنگەكان هەژمار نەكراوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە، ئەو كەسانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆن بوون و لەسەر سندوقی دەنگدان بوون، شارەزاییان كەم بووە و توانراوە فێڵیان لێ بكرێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەو كەسانەی دەنگیان داوە، بەشێوەی كاغەز لای ئۆپۆزسیۆن هەبێت، مەبەستم ئەوانەی لەسەر سندوقی دەنگدان چاودێرن.

چوارەم: وەكوو كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڵاوی كردووەتەوە، یەك ملیۆن و 300 هەزار دەنگ، رەتكراوەتەوە، چونكە وەكوو پێویست مۆرەكەیان لەسەر پسولەی دەنگدان نەداوە، ئاشكرایە بەشێكی زۆری ئەو دەنگانە، دەنگی ئۆپۆزسیۆنە و پوچەڵكراوەتەوە، چونكە ئەگەر دەنگی ئاكەپە و ئەردۆغان بوایە، شتێكیان دەدۆزییەوە تا پوچەڵ نەكرێتەوە. كەواتە دەبێت حەملەیەكی باش بكەن، تا دەنگدەر فێر بكەن چۆن دەنگ بدات و چۆن هەڵە لە پڕۆسەی دەنگدانەكەدا نەكات.

پێنجەم: ئەو دەنگانەی بۆ سینان ئۆغان رۆیشتووە، 4%ی دەنگی موحەڕەم ئینجە بووە، ئاشكراشە ئینجە پێشتر جەهەپە بوو، كەواتە دەنگدەرەكانیشی هەر جەهەپەن، بەڵام ئەوەی گرنگە، دەبێت جەهەپە، ستراتیژییەتێكی گرنگی هەبێت بۆ راكێشانی ئەو دەنگدەرانە، راكێشانیشیان ئاسانە، چونكە زۆربەیان گەنجن و نیگەران و توڕەن لە حوكومڕانی توركیا.

ئەگەر ئەو پێنج خاڵەی باسم كرد، ئۆپۆزسیۆن جێبەجێ بكات، بردنەوەی كلیچدارئۆغڵو، مەحاڵ نییە.

دووبارەی دەكەمەوە، شانسی ئەردۆغان بۆ بردنەوە زۆرترە، بەڵام مەحاڵیش نییە كلیچدارئۆغڵوش سەركەوتوو بێت، بەو مەرجەی ئەو خاڵانەی باسم كرد، بەباشی كاری لەسەر بكەن.
بەڵام دەبێت شتێك هەیە بیزانن، ئیدی كۆمەڵگەی توركیا بەجۆرێك بەسەر (موحافیزكار _ نەژادپەرستەكان) و (سیكۆلارەكان _ ئەتاتوركچییەكان) دابەش بووە، لە هەر ئان و ساتێكدا ئەگەری كودەتا و شەڕی ناوەخۆیی بوونی هەیە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP