دواین هەواڵ

كێ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا دەیباتەوە؟

‌كارزان گلی

09/09/2023

لە 31_3_2024، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، شەڕی گەورەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ بەدەستهێنانی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرایە، كە ئێستا لەدەستی ئۆپۆزسیۆنی توركیادایە، ئاكەپە دەیەوێت، ئەمجارەیان زەنگی سەركەوتنێكی تر لەو دوو شارە لێبدات.

هاوكێشەیەك هەیە لە سیاسەتدا، براوەی هەڵبژاردن هەمیشە هێز و پێگەكەی كۆكەرەوەیە و زیاتر لە یەكتری نزیك دەبنەوە، بەڵام ئەوەی دۆڕاوی هەڵبژاردنە، هێزەكەی پەرتەوازە دەبێت، بینیمان لە هەڵبژادنی 14ی ئایاری توركیا، كاتێك ئۆپۆزسیۆن دۆڕا، هاوپەیمانیی (میللەت) هەڵوەشایەوە، تەنانەت لەناو پارتەكانیشدا پەرتەوازەیی روویدا، بەتایبەت لەناو جەهەپە، كە شەڕ لەسەر كورسی سەرۆكی پارت دەستیپێكردووە و داوا دەكەن، كەمال كلیچدارئۆغڵو، دەست لەكاربكێشێتەوە، چونكە 12 هەڵبژاردنە بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەدۆڕێت.

ئەردۆغان، دەیەوێت بەو مەعنەوییە گەورەیەی كە هەیەتی، بەوەی براوەی هەڵبژاردنی 14ی ئایارە، بچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەڵام ئەگەر سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی 14ی ئایار بكەین، دەبینین هاوپەیمانیی (كۆماریی) بەسەرۆكایەتیی ئەردۆغان، لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا دۆڕاوە، ئەمەش زەنگێكی گەورەیە بۆ ئەردۆغان، كە ئەگەر بەجیدی كار لەسەر دەنگدەر نەكەن، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، دووبارە شارەوانیی ئەو دوو شارە لەدەست دەدات.

ئەردۆغان، دەیەوێت سوود لەو پەرتەوازەییەی ئۆپۆزسیۆن ببینێت، بەتایبەت دووركەتنەوەی پارتی خاس و هەدەپە لە جەهەپە، ئەوان گوتیان ئیدی دەنگ بە هیچ بەربژێرێك نادەین، بەڵكوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەربژێری تایبەت بەخۆمان دەبێت، لێرەدا هاوكێشەكە گۆڕانی بەسەردا دێت، چونكە راستە دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا لەپێش هاوپەیمانیی كۆماریی بوو، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بەدەنگی هەدەپە و پارتی خاس لەپێش بووە، بەبێ ئەوان، ئۆپۆزسیۆن زۆرینە نییە، ئەمەش دەرگا بەڕووی هاوپەیمانیی كۆماریی دەكاتەوە، تا بتوانن لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا گورزێكی گەورە لە جەهەپە بدەن.

جەهەپە، بڕیاریداوە دووبارە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بكاتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ. بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە رووسیا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، جێی متمانە نییە و بینیمان چۆن لەسەر مێزی هاوپەیمانیی هەڵدەستێت و پاشان دەگەڕێتەوە، بۆیە رەنگە ئەم گوتەیەی ئەردۆغان، بەتەواوی دەرگای بەڕووی پارتی خاس داخستبێت كە نایهێنێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە، لە ئیستانبۆڵ، پارتی خاس دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدات، بەڵام ئەگەر هەدەپە، پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكات، ئەستەمە بیباتەوە.

وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، هەدەپە، بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئاكەپە كۆبووەتەوە، گوتویەتی ئێمە بەربژێری خۆمانمان دەبێت و دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نادەین، بەو مەرجەی، ئاكەپە بەهیچ شێوەیەك شارەوانییەكانی هەدەپە قەیووم نەكات، واتە ئەگەر هەدەپە لە باكووری كوردستان، شارەوانیی بردەوە، قەیووم نەكرێت وەكوو 2019، هەروەها باسیان لە پرسی چارەسەریش كردووە كە گیانی بەبەردا بێتەوە.

جارێ ئەوەی باس دەكرێت تەنیا دەنگۆیە، بەڵام ئەو رێككەوتنە ئەگەر بكرێت، بۆ هەدەپە و ئاكەپە گرنگە، چونكە ئاكەپە ناچێتە ناو رێككەوتنەوە لەگەڵ هەدەپە، واتە دووچاری رەخنە نابێتەوە بڵێن هەدەپەی هێناوەتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام كاتێك هەدەپە بەربژێری خۆی بۆ ئیستانببۆڵ و ئەنكەرا هەبێت، ئەوكات زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی هەدەپە، تەنیا لە ئیستانبۆڵ، بۆ ئیمامئۆغڵو ناچێت، بەمەش شانسی بردنەوەی بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری بەهێز دەبێت. هەروەها هەدەپەش، دەچێتە ناو رێككەوتنێكی نهێنی لەگەڵ ئاكەپە، رەنگە ئەو رێككەوتنە بۆ پرسی كورد لە توركیا هەنگاوێكی باش بێت و ئەنجامی هەبێت.

جارێ زووە بڵێین لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا كێ دەیباتەوە؟ بەڵام ئەگەر هەدەپە خۆی یەكلایی بكاتەوە، كە بەربژێری دەبێت و دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نادات، بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماریی نزیك دەكاتەوە لەوەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا لە دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنن.

تاوەكوو نووسینی ئەم وتارە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەتایبەت جەهەپە، دووچاری كێشەیەكی گەورەی ناوەخۆیی بووەتەوە و چارەسەر نەكراوە و قوڵتر بووەتەوە، بەوەی بەشێك داوای لادانی كەمال كلیچدارئۆغڵو دەكەن، بەشەكەی تریش داوا دەكەن بمێنێتەوە، بۆیە بەم حاڵەی ئێستایان ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە، ئەمەش بنكەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆنی نیگەران كردووە و ئومێدی بردنەوەیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان زۆر لاواز بووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP