دواین هەواڵ

رێككەوتنی هەدەپە لەگەڵ ئاكەپە

‌كارزان گلی

18/09/2023

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەم هەڵبژاردنە، واتە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 2024، هەدەپە، بەشێوەیەكی نهێنی كەوتبێتە دانووستاندن لەگەڵ ئاكەپە، ئەمەش پێشوازی باشی لە باكووری كوردستان لێكراوە، بەتایبەت بنكەی جەماوەری هەدەپە و ئەو كوردانەی موحافیزكارن و دەنگ بە ئاكەپە دەدەن. دەركەوت هەدەپە هیچ دەرچەیەكی نییە تا بتوانێت بەپێی خۆی بوەستێت، تاكە دەرچەی، دانووستاندن و رێككەوتنە لەگەڵ ئاكەپەدا، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هەدەپەی بەكارهێنا و بەنهێنی لەگەڵ نەژادپەرست و دژە كوردەكان رێككەوتبوو و دەنگدەری هەدەپەی وەكوو كەوێك حیساب كردبوو لەناو قەفەسێكدا، كەی ویستی یان پێویستی پێی بوو دەریبهێنێت و لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت.

یەكێك لە دەسكەتەكانی پرسی چارەسەری لە 2013، دامەزراندنی هەدەپە بوو، هەروەها رێگەخۆشكردن بوو بۆ ئەو پارتە تا بتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، هەرواش بوو و توانی لە هەڵبژاردنی 2015، بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و 80 كورسی بردەوە. لە هەموو ئەو سەردەمانەی نێوانی هەدەپە و ئاكەپە خۆش بووە، یاخود لەناو رێككەوتنێكدا بوونە، كورد حەساوەتەوە و دەنگی گوللە كپ بووە و دەنگی ئاشتی بەگوێی گەلدا بەرز بووەتەوە، بەپێچەوانەوە، جەرگی دایكان سووتاوە و دەرگای زیندان بۆ پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە كراوەتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی هەدەپە، لەو گۆشەگیری و فشارە رزگاری بێت، پێویستە بكەوێتە دانووستاندن لەگەڵ ئاكەپە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، چونكە ئاكەپە زۆر پێویستی بە دەنگدەری هەدەپەیە، بەتایبەت لە (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەنتاڵیا).

ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئاكەپە زۆر گرنگ و ستراتیژییە، چونكە تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە قەڵای ئۆپۆزسیۆن بڕوخێنێت، ئەگەرچی 12 هەڵبژاردنە هەمیشە براوەیە.

لینین، دوای ئەوەی شۆڕشی ئۆكتۆبەری ئەنجامدا و توانی بەسەركەوتوویی لێی بێتە دەرەوە، دەڵێت ئێمە لە شۆڕشدا سەركەوتوو بوین، بەڵام بەو مانایە نییە كە بۆرژوازیمان لەناو بردبێت و كۆتاییمان پێهێنابێت، نەخێر ئەوان ئێستاش بەهێزن و بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا حكوومەتی سۆڤیەت لەناو ببەن و بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، بۆیە قۆناغە سەختەكە ئێستایە و دەبێت بۆ لەناوبردنیان بەردەوام لە شۆڕشدا بین.

ئەم گوتەیەی لینین، بەسەر ئێستای ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغاندا جێبەجێ دەبێت، راستە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنی 14 ی ئایاری 2023یە، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی ئۆپۆزسیۆن لاواز بكات، بەڵكوو ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە هەوڵدایە تا بتوانێت هەر هیچ نەبێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا شارەوانییە گەورەكانی وەكوو (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەنتاڵیا، ئیزمیر) بباتەوە، لەو دەرگایەشەوە بەرەو سەركەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2028 هەنگاو بنێت، بۆیە ئەردۆغانیش پێویستی بە هەدەپەیە، چونكە بەبێ هەدەپە، ناتوانێت ئەو شارەوانییە گەورانە بباتەوە و بۆ خۆی حاكم بێت تێیدا.

ئەردۆغان، جیا لە ئیستانبۆڵ، چاوی لە ئەنتاڵیایە، چونكە ئەو شارە بە پایتەختی گەشتیاری توركیا دادەنرێت و ساڵانە ملیۆنان گەشتیار رووی تێ دەكات و داهاتێكی زۆریشی هەیە، بۆیە مەولوود چاوشئۆغڵوی كردووەتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەڵام دەنگی ئاكەپە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023شدا لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن كەمتر بووە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2023، كەمال كلیچدارئۆغڵو لە ئەنتاڵیا توانی 926 هەزار و 707 دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەردۆغانیش 689 هەزار و 175 دەنگی هێنا، بەڵام دەنگی كلیچدارئۆغڵو، دەنگی هەدەپە و پارتی خاس و سەعادەتیشی لەگەڵدا بووە.

بۆیە ئەگەر دەنگی هەدەپە بخەیتە سەر دەنگی ئاكەپە، ئەمەش لە ئەگەری رێككەوتنی ئەو دوو پارتە لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكان، ئەگەر زۆرە چاوشئۆغڵو بتوانێت براوەی هەڵبژاردن بێت، چونكە هەدەپە، خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار دەنگە لە ئەنتاڵیا.

هەدەپە، بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بە سیاسەت بدات، دەبێت خۆی لە ژێر فەرمانی پەكەكە دەربهێنێت، دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە خاوەنی ستراتیژییەتی خۆی بێت، ئەو ستراتیژییەش نزیكبوونەوەیە لە ئاكەپە، نەك بەو مانایەی بەرامبەر بە ئاكەپە خۆی بچووك بكاتەوە، نەخێر بەو مانایەی ئاكەپە، پێویستیی پێیەتی و ئەویش پێویستی بە ئاكەپەیە، بۆیە بۆ بەرژەوەندی كورد و بوونی هێزی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا و كاریگەرییان لە هاوكێشەی سیاسی توركیا، دەبێت هەدەپە، ئەمجارەیان بەدوای ئۆپۆزسیۆن نەكەوێت، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی، بەنهێنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغ كەوتبووە رێككەوتن، بەوەی ئەگەر كلیچدارئۆغڵو، ببێتە سەركۆماری توركیا، ئۆزداغ دەكاتە وەزیری ناوەخۆی توركیا، ئەو ئۆزداغەی بڕوای بە نەتەوەی كورد نییە و رۆژانە سووكایەتی بە كورد و سەركردەكانی دەكات.

ئاكەپە، تاكە داوای لە هەدەپە ئەوەیە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، بەربژێری خۆیان هەبێت و دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەدەن، لەبەرامبەردا، ئەوانیش چەند داواكارییەكی هەدەپە جێبەجێ دەكەن، وەكوو قەیووم نەكردنی شارەوانییەكانی هەدەپە و هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری، بەڵام بەشێوازێكی تر و رەنگە ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشیشی بەدوادابێت، بەڵام ئەگەر پەكەكە فشار بكاتە سەر هەدەپە و زۆری لێ بكات دەست نەخاتە ناو دەستی ئەردۆغان، ئەوكات باجەكەی بۆ هەدەپە زۆر قورس دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بەهۆی هەدەپەوە، ئەردۆغان، شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا بدۆڕێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP