دواین هەواڵ

هەولێری ئێستا یان جاران؟

‌ئەسرین عاسی شوانی

پێش 2 هەفتە

ئەگەر ئەمڕۆ گوزەرێک بە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بکەین، چی دەبینین؟ ئەو هەولێرەی پێش ۳۱ی ئابی ۱۹۹٦ کە یەکێتی داگیری کردبوو، كرابووە مەیدانی دزی و ڕاوورووت، هەولێرێ کە دەبوایە ئێڵەمپی سەحنی ماڵان لە ترسی دزین کلیل و قفڵ بدرایە. ئەو سەردەمە دزیکردن بە جۆرێک بوو، دەبوای ئۆتۆمبێلەکەت لە سەربان بخستایەتە سەر چوار بلۆک، دزیكردن بە جۆرێک تەشەنەی کردبوو، گەیشتبووە ڕادەی کۆتر دزین.

ئەوکات لەسایەی حەکمی یەکێتییدا یاسا زەلیل بوو، دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی شەریکە دز بوون، پیاو ئەو پیاوە بوو لەو هەموو چتە و دزە رزگاری بێت. تۆقاندن لە هەولێر و پیرە قەرات لە لوتکە بوو، سەرکوتی خەڵکی بەشەرەفی هەولێر بەردەوام بوو، خەڵکی هەولێر بەتەمای ژیانی خۆیان نەبوون، بە ڕۆژی ڕوناک کاسبکاران و بازرگان و دوکاندار ڕووت دەکرانەوە یان تیرۆر دەکران، بەبێ ئەوەی لێپێچینەوە لە کەس بکرێت، بێ ئەوەی بە شادزێک بگوترێ بەری چاوت کلی پێوەیە. بەڵام ئەگەر هەولێری چەندین ساڵ بەر لە ئێستا بەراورد بکەین لەگەڵ هەولێری ئەمڕۆ، ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی بەدی دەکەین، ئەوڕۆ خەڵکی شاری هەولێر شانازن بە پێشکەوتنەکانی شارەکەیانەوە، بەئارامی و ئاسوودەیی خەریکی کار و کاسبیین و هیچ ئاستەنگێکیان نایەتە پێش، یاسا بە جۆرێک سەروەرە بەراورد بەسەردەمی یەکێتی بەهەشتە، لە جێی ئەو دزی و ڕاوەڕووتە، ئێستا شار خزمەت دەکرێت، شەقامەکان سەرجەم بەجوانترین دیزاین گۆڕاون، گەڕەک و بازاڕ و ناوشار لە گوندێکی وێرانەوە بووەتە شارێکی پێشکەوتوو، بە ئاستێک کە دزەکانی دوێنێ، چاویان بەو هەموو پێشکەوتنەی پیرە هەولێرێ هەڵنایە، شار لەجیاتی چەتە و رێگر، بووەتە بازاڕی پێشکەوتووی پڕ مۆڵ و مارکێتی ڕازاوە.

بازاڕ بەجۆرێک گەشەی کردووە، نەک بازرگانانی هەولێر، بەڵکوو بازرگان و پیشەوەران لەسەرتاسەری عێراق و ناوچەکەوە روو لە هەولێری پایتەخت دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی قازانج و بەبازاڕکردنی کەلوپەلەکانیان، بۆ ساغکردنەوەی شمەک و کاڵاکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا و هەر لەو کاتەوەی حکوومەتی هەرێم کەوتە دەستی ئەمین، هەولێر بووە بە مەڵبەندێکی پێکەوەژیان و کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکان، بووە بە لانکەی یاسا و پاراستنی گیانی خەڵکی، بووە بە ناوەندێکی بازرگانی لە عێراق و ناوچەکە، بووە بە پەیڕەوکردنی سەروەریی یاسا و یاسا جێگای هەموو ئەو نادادییانەی گرتەوە، پێشتر لە سایەی هەندێ چەقۆکێشی یەکێتی بەڕێوە دەبرا، یان باشتر بڵێین، هەندێ کەس خۆیان بە زەبری چەک بەسەر خەڵکە بەشەرەفەکەیدا سەپاندبوو، بەڵام ئەگەر بەراوردێکی ئەمڕۆی هەولێر بکەی بە پێشتر، جیاوازییەکی زۆر زۆر بەدی دەکەی، ئێستا هەولێری هۆلاکۆشکین لە پایتەختە سەردەمیەکان دەچێت و ئەگەر پیاسەیەکی بەردەم قەرات بکەیت، پێ دەزانی جیاوازییەکەی لە چیدایە، ئەگەر چایەک لە چایخانەی مەچکۆ بخۆیتەوە، دەزانیت بەڕێوەبەرانی ئەم شارە چ تام و چێژێکیان بە هەولێری پایتەخت بەخشیوە،

بۆیە ئێستا هەولێرییەکان هەست بە ژیان دەکەن و ئێستا دەزانن تامی ژیان چۆنە، کاتێ دەبینن سەر و ماڵیان پارێزراوە، مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، دوکان و ماڵ و ئۆتۆمبێلیان پارێزراوە، کەس هەڕەشەی چەکیان لێ ناکات و کەس لە کەس ناکەوێت. کەواتە ئەو هەولێرەی پێشووتر بۆ وابوو؟ ئەدی بە چی هەولێر بە ئمڕۆ گەیشت؟ بەدڵنییاییەوە حوکمڕانی پارتی، هەولێری گەیاندە ئەوەی لە شارێکی پڕچەتە و دزی سەردەمی یەکێتییەوە، بگەیەنێتە ئاستی شار و پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP