دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی.. سەركردەی هێز و هیوا

‌ئەسرین عاسی شوانی

پێش 3 هەفتە

کاتێک لە رەفتار و گوفتار و هەنگاو و پرۆژە و جووڵە دیبلۆماسییەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەڕوانین، هیوا و ئومێدی لەسەر هەڵدەچنین، ئاخر ئەو لە زۆر بۆنەدا بە روویێكی خۆش و شانازییەوە وتەكەی بارزانیی نەمر دووپات دەكاتەوە كە دەڵێ: ”شانازییە بۆ مرۆڤ كە خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت.“

مەسرور بارزانی لەوەتەی دەستبەكار بووە وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم، لە هەر دەركەوتنێكی میدیاییدا كە دەدوێ، هێز و ورە بە هەموان دەبەخشێ، ئەو رژد و ورد كار دەكات و بە دیدێكی دروستەوە حوكمڕانی دەكات و ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەدات، دەیبینین لە قەیران و تەنگژەكاندا، پێچەوانەی ئەو سەركردانەی یەكێتی و حزبە خۆچەمێن و پاشكۆكانی تر، لە سۆنگەی هێزەوە دەدوێ و گەشبینی پەرش دەكات. مەسرور بارزانی كاتێ دەڵێ: ”من لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەم، گەر بە تاقی تەنیاش بێت بەرپرسیارێتییەكە هەڵدەگرم“

ئەم قسەیە بۆ هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و تاكی كورد كە ماشێنێكی میدیایی بە سپۆنسەریی ئێران، بۆ خراوەتە گەڕ و بەردەوام بێئومێدی دەكەن، ئەو قسەیەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دۆخێكی وەهادا یەكجار گرنگ و هیوا و ورەبەخشە.

سەرنج بدەن، بزانن مەسرور بارزانی چۆن خۆڕاگرانە رووبەڕووی قەیرانەكان دەبێتەوە كاتێ دەگەنە ترۆپكی خراپی، سەرنج بدەن ئەو پرۆژانەی پێشنیاریان دەكا و دەیانخاتە پلانەوە و سەرپەرشتییان دەكا و جێبەجێیان دەكا، چەندە گرنگن بۆ كوردستان و خەڵكەكەی و تەنانەت بۆ نەوەكانی داهاتووش، سەرنج بدەن بزانن لە كاتی بۆردومانكردنی هەولێر بە درۆن و مووشەك چەند ئارام و چەندە یەكلاكەرەوەشە، سەرنج بدەن لە كاتی سەردانەكانی بۆ وڵاتانی تر و بۆ كۆڕبەند و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان مەسرور بارزانی چەندە دەوڵەتدارانە مامەڵە و رەفتار دەكات و چەند بە جوانی پێگە و جێگەی كوردستان بەرز رادەگرێت.

هەموو خەڵكی كوردستان شاهیدن، لە ماوەی رابردوودا كە دەسەڵاتدارانی بەغدا قەیرانی گەورەی مووچە و بودجەیان بۆ خەڵكی كوردستان دروست كردبوو، كە كوردستان گەمارۆی ئابووریی خرابووە سەر، كە دادگای فیدراڵی یەك لەسەر یەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەردەكرد، خەڵك هەموو بینییان مەسرور بارزانی چۆن رەفتاری لەگەڵ ئەو كێشانە كرد و چۆن بە ئارامی سەركەوتنی بەدەست هێنا و چۆن سازشی لەسەر مافەكانی خەڵك نەكرد و چۆن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و حكوومەتی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، كێشەكەی تا رادەیەكی باش چارەسەر كرد.

هەموو خەڵكی كوردستانیش بینییان، لەنێو ئەو ئەزمە و قەیران و كێشانەدا جگە لە پارتی و بەرپرسە باڵاكانی، سەركردە باڵاكانی حزبەكانی تر خەریكی چی بوون! هەموویان خۆیان دزیبووەوە لە بەرپرسیارێتییەكە، هەموویان حكوومەت و خەڵكی كوردستانیان تەنیا جێ هێشتبوو، یەك لەسەر یەك بەیاننامەی پڕ موزایەدەیان دەردەكرد، هەموویان دەسەڵاتدارانی بەغدایان بەری دەكرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان تاوانبار دەكرد، هەموویان خەریكی ژیانی خۆیان و زۆربەیان خەریكی ژنهێنان و زەواجی مسیار و دزی و گەندەڵی و كەسابەتی خۆیان بوون، هەموویان هانی فەرمانبەران و مامۆستایانیان دەدا بایكۆت بكەن و دەرگای قوتابخانە دابخەن و منداڵی هەژاران لە خوێندن بێبەش بكەن، هەموویان دژی (هەژماری من) بوون، هەموویان دەهۆڵی نەمانی هەرێمی كوردستانیان دەكوتی، زۆربەیان بەردەوام خەریكی سەردانی میلیشاكان بوون و كەسیان یەك قسەی خێریان بۆ ئەم میللەتە نەكرد، جگە لە مەسرور بارزانی و حكوومەتەكەی و حزبەكەی. بەڵێ، دەبێ بێ سڵكردنەوە و بە شانازییەوە بڵێین: لە سایەی حیكمەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و هێز و توانا و خۆڕاگریی مەسرور بارزانی بوو كە توانرا بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین، ئاوەدانكاری بەردەوام بێت، چاكسازیی زۆر بكرێت، تەناهی بەردەوام بێت، بەرگەی بێمووچەیی و گەمارۆی ئابووری بگرین، خوێندن و ژیان بەردەوام بێت،

سوپاس بۆ خودا وا خەریكە كێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت. بەدڵنیاییەوە دواجار دڵسۆزانی گەل و وڵات سەربەرز دەردەچن و جاش و خۆفرۆش و خۆچەمێنیش تا ئەبەد ریسوا و سووك و چرووك دەبن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP