دواین هەواڵ

نەشەمزاندنی ژینگە تایبەتمەندی سیاسەتی مۆدێرنە

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 2 هەفتە

خەسارە ژینگەیەکان بە هۆی ئاڵۆگۆر لە کەشوهەوای زەوییدا بەردەوام لە پەرەسەندن دایە و ناوچە دواکەوتووەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بژاردەی یەکەمە بۆ بەرکەوتنی خەسارەکان. لە راستییدا لە هەر وەرزێکدا ژینگە و نیشتمان رووبەرووی یەکێ لە خەسارەکان دەبێتەوە.زستان وەرزی بەفر و زریان و کرێوە دەبینین، لە بەهاردا  لافاو و تەرزە، هاوین و گەرمای تاقەت پرووکێن و پایزی وشکە ساڵ و بێ بارانی. راستە لە رابردووشدا ئەو دیاردە سروشتیانە هەبووە بەڵام لە ئیستەدا بە هۆی پیشەسازی و دەسکاری بەرینی ژینگەوە خەسارەکان چەن قات بۆتەوە و هەروەها پانتایی جوغرافیای کارەساتە سروشتییەکان بەربڵاو و گشتگیر بۆتەوە. وشکەساڵی لە رابردوودا هەبووە بەڵام کاتی و لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا بووە(ئیستە سەرەڕای تەرە ساڵی و وەشتوواری زۆرە دیسان بەشێکی زۆری زەوی بۆ هەمیشە لە وشکەساڵییدا ئەژی ). لافاو و لافاوگەکان کات و شوێن و وەرزی تایبەتی خۆی هەبووە بەڵام ئیستە بە هۆی کەمبوونەوەی لێرەوار و لەوەرگەکان، پانتایی ئیسفاڵت و گەورەبوونی شارەکان، بنداوسازی، نەمانی بەفر و بەستەڵەک و،،،، لافاوەکان گەورەتر، خێراترو بەتەوژمتر بۆتەوە. گەرمای زەوی نزیک بە 1.5 پلە زیادی کردووە و ئەو هۆکارە رێژەی گەرمای ناوچە ئیستواییەکانی زیاتر لە ئاستی ئاسایی کردۆتەوە. 

کارەساتی سرووشتی گەیشتووە بە ئاستێک کە ئەگەر شەری گەورەی جیهانیش روونەدات ئەوا

رووداوی سرووشتی ژیانی مرۆڤایەتی تووشی ئاستەنگ دەکاتەوە. رۆژهەڵاتی ناوەراست و رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا چەقی رووداوە سروشتییەکانە. بە پێی ئامارە میدیاییەکان تا ساڵی 2040  بە تەنیا خەساری لافاو  لە چین، هیند، پاکستان، باشووری  ئێران و وڵاتانی شێخ نشینی عەرەبییدا دەگاتە 30 تریلیۆن دولار.

کوردستان وەک وڵاتێکی بەرین لە ناوەراستی رووداوە سرووشتییەکان دایە. هەم  وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەم لە کوردستانیشدا لە سیاسەت و بەرێوەبەرێتی وڵاتدا بە هیچ جۆرێک رەچاوی پرسە ژینگەیەکان نەکراوە. سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سیاسەتێکی ئایدۆلۆژیک، توندوتیژخوازانە و نادیموکراتیکە و هەروەها بە هۆی ئەوە کە ئەو وڵاتانە خاوەن وزە و ئینرژی ( نەوت و گاز)ی لە رادەبەدەرە، رێژەی خەسارەکان زیاتر و بەربڵاوترە. گەشەکردن و پێشکەوتنەکان بەو هۆییەوە کە ئاوڕ لە ژینگە ناداتەوە، ئیتر هیچکام لە پێشکەوتن و دەسکەوتەکان

ستاندارد و گشت پەسەند نیە. لە بەرێوەبەرێتی ئاودا،  گەشەدان بە شارسازی، کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و ،،،تاد بە هیچ جۆرێک سرووشت و ژینگە لە بەرچاو ناگیرێت.

زۆربەی پێشکەوتنەکان لە داهاتوودا وەکوو خەسار بە سەر نەوەی داهاتوو و ژینگەدا دەشکێتەوە. بێ بەرنامەیی و نەبوونی ستراتیژی بەرۆژ، لە درێژماوەدا هەموو ژێرخانە ئابووری، ژینگەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ،،، وێران و کاول دەکاتەوە و ئەگەر ئەو رەوتە ناتەندرووستە بەو جۆرە برواتە پێشەوە نەوەی داهاتوو نەوەی بێ نیشتمان دەبێت. 

کۆتا باس ئەوەیەکە سیاسەتی کوردی پێویستە بە دوور لە ئایدۆلۆژیای بەرچاوتەنگانە و تاکرەهەندانە پرسی ژینگە تێهەڵکێشی ستراتیژی و پلان و پرۆژەکان بکاتەوە. زمان و کلتووری کوردی بە هۆی باری ژینگەیی و سرووشتییەوە زمان و کلتوورێکی سرووشتی و ژینگەدۆستانەیە و ئەو بابەتە بۆ خۆی دەتوانێ یارمەتییدەری ستراتیژ و سیاسەتی ژینگەپارێزی کوردی بێت. هەرێمی کوردستان و باشووری هەرێمی زاگرۆس( ئیلام و لورستان) سەبارەت بە لافاو لە بەردەم مەترسی دایە و ئەوە چەن ساڵە زەنگی مەترسییەکان لێدراوە. بە کورتی سیاسەتی ژینگەیی ژینگەی ناتەندرووستی سیاسی دەسرێتەوە و رێژە و ئاستی خەسارەکان بۆ نزمترین ئاست دائەبەزێنێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP