بۆچی ئیسلامییەکانی کوردستان دژ بە هاتنی ئەو نووسەرە گەورەن ؟
ئایا لەبەر ئەوەیە ڕای جیاوازی سەبارەت بە ئەردۆگان و فەلەستین و سەلاحەددینی ئەییوبی هەیە ؟
بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا گەورە نووسەر و ڕۆماننوسی میسری یوسف زێدان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر ئامادە بێت. ئەمەش ئیسلامییەکانی کوردستانی توڕە کردووە و هەڵمەتێکیان لە سۆشیاڵ میدیا دژ بە هاتنەکەی دەستپێکردووە.
ڕاستە ئەو نووسەرە، بۆچوونێکی سەبارەت بە سەلاحەددینی ئەییووبی هەیە کە لە بۆچوونەکانی دیکە جیاوازە و ڕەنگە نەیشی پێکابێت. بەڵام ئەوە ئازادییەکە لە بیرکردنەوە و خودا پێی ڕەوا بینیوە، ئیتر چ پێویست دەکات ئیسلامییەکان ئەم هەڵمەتە لە دژی بکەن و بڵێن: نابێت لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر مێوانداریی بکرێت، وەک بڵێی ئەوان خاوەنی هەولێر و پێشانگاکەیبن.
سەیرە ! ئیسلامییەکانی کوردستان لەدەسەڵاتدا نین ئاوها دەکەن و ڕای جیاوازیان پێ قەبوڵ ناکرێت، ئەگەر بێنە دەسەڵات دەبێت چ گۆبەندێک دژ بە کەسانی جیاواز لە خۆیان بگێڕن ؟!
بیانووی ئیسلامییەکان دژ بە میوانداریکردنی یوسف زێدان ئەوەیە کە گوایە دژ بە ڕەمزێکی کوردیی وەک سەلاحەددینی ئەییوبی قسەی کردووە، بەڵام لەڕاستیدا سەلاحەددین زیاتر مۆرکێکی ئیسلامیی هەیە و سەرکردەیەکی مسوڵمان بووە و مرۆڤ بووە، لە ئیسلامیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە مرۆڤ لە هەڵەو پەڵە بەدەر نییە، سەلاحەددینیش مرۆڤ بووە و سیاسەتی کردووە، ئێ یوسف زێدانیش باسی لایەنێکی پەردەپۆشکراوی ژیانی سیاسیی سەلاحەددینی کردووە، ئەگەر ئیسلامییەکان پێیانوایە ڕاستی نەگوتووە، بابچن لە پێشانگا موناقەشەی لەگەڵ بکەن، ئەوە عەرز و ئەوە گەز.
دڵنیام ئەگەر سەلاحەددینی ئەییوبی سیفەتێکی ئیسلامیی نەبووایە و تەنیا سەرکردەیەکی کوردیی نەتەوەیی بووایە، ئیسلامییەکان دژ بە هاتنی یوسف زێدان تەپڵیان نەدەکوتا. ئیتر بۆچی وەها لە خەڵکی دەگەیەنن کە یوسف زێدان دژ بە ڕەمزێکی کوردیی وەک سەلاحەددینە بۆیە ئەوانیش دژ بە هاتنین بۆ هەولێر و بەمەش کوردایەتیمان پێدەفرۆشنەوە و لەڕاستیشدا بیری ناسیۆنالیزمی کوردیی ڕەت دەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە یوسف زێدان چەندین جار باسی مەزڵومیەتی گەلی کوردی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا کردووە و ڕای جیاوازیشی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین و ئیخوان و ئەردۆگان و کەناڵی جەزیرەش هەیە، وەک لەم ڤیدیۆی خوارەوەدا دەیبینن.
ڕەنگە ئەمساڵ پێشانگا و مێوانەکانی وەک ساڵانی رابردوو بە دڵی ئیسلامییەکان نەبن و لەدوای ڕەخنەکانی ئێمەمانانەوە، حکومەت پێداچوونەوەی بە پێشانگاکەدا کردبێت تا نەبێتە شوێنی تەڕاتێنی پیاوانی ئایینی و بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی و چیتر نەتوانن لە ڕێگەی کەسایەتی سەر بە خۆیان و کتێبە سەلەفی و ئیخوانی و جیهادییەکان پێشانگا بۆ مەرامی تایبەتی بقۆزنەوە.
ماوەتەوە بڵێم: وەک خۆم بەخێرهاتنی یوسف زێدان دەکەم و ئومێدەوارم پێشانگای ئەمساڵ لە ساڵانی پار جیاواز بێت و نەبێت بە شوێنی بڵاوکردنەوەی کتێب و فیکری ئیخوانی و سەلەفیی نامۆ بە سروشتی دینداریی و ئیسلامەتیی کۆمەڵگەی کوردی، کە پێکەوە ژیانی قەبووڵە.