ئەنفال کارەساتێکی مێژووییە لەلایەن ڕژێمێکی دیکتاتۆری خوێنڕێژی ڕەگەزپەرستی عەرەبیی بەعسییەوە دژ بە گەلی مسوڵمانی بێ تاوانی سوننە مەزهەب ئەنجامدرا کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە خۆیان بە مسوڵمانی سوننە مەزهەب دەزانی.
غەززەش کارەساتێکە کە لە ئەنجامی هەڵەی بزووتنەوەی حەماسی سەر بە ئیخوانولموسلیمینی سوننە مەزهەبەوە ڕوویدا.
کاتێک کە کارەساتی ئەنفال ڕوویدا، هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی و ئیسلامی و هیچ حیزب و گروپ و کەسایەتییەکی ئیسلامیی سیاسی هەڵوێستێکی مەردانەیان نەبوو بە بزووتنەوەی حەماس و ئیخوانولموسلیمین و خەڵکی غەززە و فەلەستینییەکانیشەوە، بگرە هێشتا زۆربەی فەلەستینییەکان سەددام و تەنانەت ئەردۆگانی سوننە مەزهەب و کوردکوژ بە پاڵەوان دەزانن، تەنانەت فەلەستینییەکان پەیکەریشیان بۆ سەددام دروستکردووە.
کە تورکیا عەفرینی داگیر کرد، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس (خالید مەشعەل) لەکاتی بەربانگکردنەوەدا گوتی : «سەرکەوتن لە عەفرین نموونەیەکی ئیداری تورکی بووە» وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە.
دوای تێپەڕینی ٣٧ ساڵ بەسەر پرۆسەی ئەنفال و دادگاییکردن و سزادانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە، هێشتا جیهانی عەرەبی و ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی، بەتایبەتی ئیخوانولموسلیمین و حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستانیش، هەڵمەتێکیان بۆ ناساندنی ئەنفال نەکردووە کە نێو ئەوەندەی ئەو هەڵمەتە بێت کە بۆ غەززەیان کردووە. ئەمە جگە لەوەی ئەوەندە باسی غەززەیان کرد، خەریکە هەموو کوردی پێوە سەرقاڵ دەکەن و ئەنفال و ئەو هەزاران کارەساتەی لەبیر دەبەنەوە کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
جیهانی عەرەبیی و ئیسلامیی دەیانەوێت هەموو عالەم بە ڕووداوەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن، کەچی خۆیان هاوسۆزیی بۆ دۆزی نەتەوەیی ڕەوای گەلانی وەک کورد دەرنابڕن.