دواین هەواڵ

ئاوان ئامۆزاکان

‌خێڵان بەختیار

پێش 3 هەفتە

هەر یەکە لە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، کە نەوەی بارزانی نەمر و ئامۆزای یەکترن، دوو چمکی گرنگی هەرێمی کوردستانیان گرتۆتە دەست، کە خۆیان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێم دەبیننەوە، نەک ئەو دوو پۆستە، بەڵکوو کۆی کورد و هەرێمە دەستوورییەکەی لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعسەوە لە لایەن نەیارانی ئەم گەلەوە چاوی تێبڕدراوە، ئەوەش جیا لە گەڕانەوەمان بۆ مێژووی دروستبوونی عێراق و لکاندنی بەشێک لە نیشتمان و خاکی کورد بەو وڵاتەوە، کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی هەمیشە کوردیان بە هەموو جۆرە چەک و شێوەیەک چەوساندۆتەوە تا ئاستی کیمیاباران و جینۆساید..هتد

یەکێ لە ئامۆزاکان، نێچیرڤان بارزانییە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەو کەسایەتییەکی کاریگەر و بە ئەزموونە لە سیاسەتدا و خاوەن دیپلۆماسییەتێکی سەردەمیانەیە لە ناوچەکە و جیهاندا، هاوکات ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە هەیە، وەک بینیمان لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، ئەو ئابڵۆقە خەستەی لە لایەن حکوومەتی بەغداوە خرایە سەر هەرێمی کوردستان بە جۆرێک، چەندان لایەنی بە ناو کوردستانی تەپڵی نەمانی هەرێمی کوردستانیان لە میدیاکانیانەوە لێ دەدا، بێ ئەوەی شەرم لە خوێنی ڕژاوی شەهیدەکانیان بکەن، کە بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان ڕشتوویانە! ئەو ئامۆزایە توانی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی ئەو ئابڵۆقە گەورەی، کە لە دوای پیلانە گڵاوەکەی ساڵی ١٩٧٥ کورد بەخۆیەوە نەیدیبوو، هەڵوەشێنێتەوە و دەرگا داخراوەکان لە کۆشکی ئیلیزێوە بە ڕووی کورد و قەوارە دەستوورییەکەیدا بکاتەوە.

ئەگەر بێینە سەر ئامۆزاکەی دیکە، کە ئەویش مەسروور بارزانییە و ئێستا سەرۆکی کاربەڕێکەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ وێڕای ئەو هەموو تەحەددییانەی لەسەر هەرێمی  کوردستان هەبوون، هەر لە هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا بە نەدانی مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ئێستای عێراق، بەڵام ناوبراو توانی بەخۆی نەک تیمەکەی لە هەندێ پارتی بەشداربووی حکوومەت، شان بداتە بەر ئەو قورساییە و هەرچۆن بێت هەرێم و کوردستانییان بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام، کە وا پێشبینی دەکرێت، ئەویش لە ڕێی پەیوەندییە دەرەکییەکانی و گوشارەکانی لەسەر بەغدا ناچاریان بکات بە پێدانی بەشە بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، جیا لەوەی چەندان پڕۆژەی کشتوکاڵی وەک ناردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوکات چەندان بۆندی بۆ گلدانەوەی ئاو دروست کرد، وە هێڵی فریاگوزاری ئاوی خێرای بۆ شاری هەولێر دەست پێ کرد، کە جارێکی دیکە تووشی بێ ئاوی نەبنەوە و بەو هۆیەشەوە چەندان بیری ئاو داخران، هەروەها دەیان پڕۆژەی دیکەی بونیەی تەحتی و هەوڵدان بۆ ئیکتفای زاتی، کە خۆمان پشت بە خۆمان ببەستین، هەموو ئەوانەش تەنیا بە داهاتی ناوخۆ، وێڕای نەناردنی داهاتی بەشێکی دیکەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە فیتی ئاخوند و میلیشیاکان. 

ئەو دێڕانەی سەرەوە زۆر کەمن لە هەوڵ و کاریگەریی ئامۆزاکان، چونکە ناتوانرێت بە وتارێک هەنگاوەکانیان بنووسرێتەوە، بەڵکوو بە کورتی و بە گشتیی لێرەدا چەند دێڕێکیان لەسەر دەنووسم:

ئامۆزاکان توانای سەرکردایەتی و بڕیاردانیان هەیە، توانای ڕێبەرایەتیی کاریگەریان هەیە، هەروەها لە کاتی پێویستدا بڕیاری زیرەکانە دەدەن، بەتایبەت لە کاتە گرنگەکان، ئەوان پلانیان بۆ مەودای درێژ هەیە و ئامانجی ڕاستەقینەیان بۆ هەرێم و خاک و خەڵکەکەی پێیە، پلانی گەشەسەندنی ئابووری و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کەلتووری و کۆمەڵایەتییان پێیە بۆ خزمەتکردنی کورد و هەرێمەکە، ئەوەش بە گوێگرتن لە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان، چونکە ئەو دوو ئامۆزایە خۆیان بە خزمەتکارێکی گەورەی کوردستانییان و هەرێمی کوردستان دەزانن، نەک گەل بە خزمەتکاری خۆیان بزانن، بۆیە ئەوەی بۆی هەیە ئێمەین بڵێین ئاوان ئامۆزاکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP