دوای ئازادی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، یەکێتیی نیشتیمانیی خۆی بۆ بەرنامە ڕیزکردنی هێڵێکی گشتیی فکریی کۆ دەکردەوە، کە زیاتر بیرۆکەی (تاڵەبانی) بوو لە ژێر چەترێکدا سیاسەت ئاڕاستە بکات و ئاسەواری ھیچ ڕێکخراوێکی سیاسی لە فەرھەنگی یەکێتیدا نەمێنێت، ئەوە بەو واتایە نییە بە تەواوی دەرگای بیر و ڕا جیاوازەکانی داخستبێت، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو، کە یەکێتی بە یەک ئاڕاستەدا بڕوات، دۆزینەوەی ئەو میتۆدەش، سۆشیال دیموکرات بوو، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتیمانیی گەر بە ھەڵەدا نەچووبم، بە ڕێژەی لە سەدا حەفتا بە تەنیا ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران تێیدا ڕابەرایەتیان دەکرد، سەرگەردانی بیرە ئاڵۆزەکانی یەکێتی لەوەدا بوو، کاتێک بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، کە دەیویست سیاسەتی سۆسیال دیموکرات تەبەنیی بکات، خودی (تاڵەبانی) و سەرکردایەتیی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دژایەتی ئەو بیرەیان دەکرد و دەیانگوت: "باوی نەماوە"، بیانووشیان بۆ ئەوە دەھێنایەوە، کە ئەورووپا و جیھان بە گشتیی سەرگەرمی پیادەکردنی سۆشیالیزمی عیلمین! ئاڵوگۆڕی بیروڕا زۆر کرا، بەڵام بە حوکمی گۆڕانکارییە جیھانییەکان و ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی بلۆکی سۆشیالیزم، سەرکردایەتیی کۆمەڵە نەیتوانی پێداگیری حەقیقی لە ئاڕاستەی بوونی خۆی لەناو یەکێتیدا بکات، بۆیە نوقمی تەڵەکەی (تاڵەبانی) بوون و ڕادەستی ئیرادە سۆسیال دیموکراتە بێ سەروبەرەکەی ناو یەکێتی بوون! ئەو ڕادەستبوونەش زووخاوێکی زۆری بە دڵی ئەندامانی کۆمەڵەدا کرد، لەو کاتەشدا زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵە دڵیان لە (نەوشیروان مستەفا) ڕەنجا و پاڵیان بە (تاڵەبانی)یەوە دا، فەنابوون و توانەوەی کۆمەڵە لەناو تەڵەکەی یەکێتی و (تاڵەبانی)، وەک خۆیان وتەنی بە ئاڕاستەی نوقمبوونی ناو گەندەڵی بوو، ھەر ئەو ھۆکارەش بوو، کە (نەوشیروان مستەفا) دەیویست بە ناوێکی نوێوە بێتەوە مەیدان، ئەویش بە ھەمان کەرەستە کۆنەکان، کە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجەدەران بوون و دوور بێت لە سیاسەتێک، کە ئەمریکا و ئێران پێیانخۆش بێت بە ناوی گۆڕانەوە ھاتنەوە مەیدان، ئەوەش دوایین زەنگ بوو بۆ ئەو بەڵێنانەی (تاڵەبانی)، کە لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتییەوە، کە بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی دابوو، کۆمەڵەش وەک تۆڵەیەکی سیاسیی پشکی شێرینەی خۆی لەناو یەکێتیدا دەرھێنا.
چنینەوەی یەکێتی بۆ نەخشی گەڕانەوەی سەرەتا بەو عیللەتەی ئێستاوە
سەرچۆپی گرتنی یەکێتی لە سیاسەتی بەناو بیروڕای جیاوازی و دیموکراسی، کە ببووە مایەی سەرئێشە و چەواشەکاری خودی ئەندامان و لایەنگرانیان ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، تاکوو ئێستا، گەر لە سەردەمی شاخدا بوونی بیر و ڕای جیاواز و جیابوونەوە بە چالاکیی ھێزی پێشمەرگە پەردەپۆش کرابێت، تا ڕادەیەکیش تەقینەوە فکرییەکان و پشک پشکێنەکان وەک پێویست سەری نەگرتبێت، ئەوا لە دوای ڕاپەڕینەوە پەنا بە خوا نە ماددەی سەد و چل و نە خزمەتگوزراییەکان لە سنووری سەوزدا ھێندە باش بوون، تاکوو بتواندرێت ڕێگری لە بورکانی ھەناوی خودی یەکێتیدا بگرێت! کار گەیشتووتە ئەو ڕادەیەی گەر دوو ھەڤاڵ لەناو یەکێتیدا لە بوواری کۆمەڵایەتیدا خۆیان لەسەر یەک بە کوشت بدەن، بەڵام کەوتە سەر پشکی خۆی لەناو حیزبەکەیان، نە نامەی یەکتریان دەخوێندەوە و نە ڕێزیشیان لە یەکتر دەگرت، نەخۆشی ئایدزی سیاسیی کارەساتێکە نە (دکتۆر) لە کاتی خۆیدا پێی چارەسەر دەکرێت، نە ھیچ تاقیگەیەکیش تا ئێستا توانیویەتی دەرمانێکی بۆ (بەرھەم) بێنێت! جا بۆیە من ناڵێم خودی ئەزموونی نزیکەی ٤٠ ساڵەی یەکێتیی نیشتمانیی خۆی بە گوێمدا ئەچرپێنێ، کە گەڕانەوەی یەکێتی بۆ سەرەتای دروستبوونی بەو عیللەتەوە زۆر مەحاڵە.
زڕ ئامۆزاکان
لە دوای ئەوەی کۆنگرەیەکیان بەست و زڕ ئامۆزا دەنگی لە (بافڵ)ی کوڕی (تاڵەبانی) وارسی شەرعی حیزبەکە هێنا، جۆرێک لە نیگەرانی لای (بافڵ) دروست کرد، کە چۆن زڕ ئامۆزیەک دەنگی لەو زیاتر هێناوە، بۆیە کەوتە خۆی تا هەژموونی ئەو لە ناوی حیزبەکەی باوکیدا نەک کەم بکاتەوە، بەڵکوو ئەوی لێ بێ بەری بکات و ئەو مەترسییە لە خۆی دوور بخاتەوە، کە ساڵانێکی پێشتر ڕووبەڕووی باوکی بوونەتەوە، چ بە ناوی کۆمەڵە، بزووتنەوە، یا ئاڵای شۆڕش، گۆڕان، تا تووشی ئەو لێکترازانەی سەردەمی باوکی نەبێت، بەڵام ئەوەی جیاواز بوو، جۆرێک لە سیاسەتی باوکی و (بافڵ) بوو، کە کوڕ نەیتوانی وەک باوک لێزانانە جیابوونەوەی ئەو باڵانە بە قازانجی خۆی بناسێنێ بە ناوی ئیمپریالیزم، بەڵام کوڕ بێ گەڕانەوەی بۆ هاوەڵەکانی، کەسە نزیکەکانی خۆی لە حیزبەکەی دەرکرد.
بەڵام بینیمان، کە تەنیا ڕێی ڕاست، پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە هەموو هەوڵێکی لەپێناو کورد و کوردستانە و گۆڕان بە هەر دوو باڵی کوردسات و کوڕەکانی شکستیان هێنا