دواین هەواڵ

دەربارەی پاپا

‌د.سەردار عەزیز

4 رۆژ پێش ئێستا

گوندەکەی خەسوم کڵێسای لێ نیە. خەزورم خۆی بۆ خۆی کڵێسایەکی بچوکی دروست کردوە. هێندە بچوکە من هەرگیز نەمدیوە هیچ نوێژێکی تیادا بکرێت. بەڵام لە گوندەکەی تەنیشتمان کڵێسایەکی مەنارە بەرز هەیە، قەشەیەکی قۆز سەرپەرشتی دەکات. قەشەکە بە ناو ڕەبەنە، بەڵام هەموو خەڵکی گوندەکە و دەوروبەری دەزانن کە پەیوەندی هەیە و منداڵیشی هەیە.

بۆ من هەموو ئەمانە مایەی سەرسوڕمانێکی سەیرن. بەڵام دژایەتی کرۆکی هەموو باوەڕ و ئایدەلۆژیایەکە، لە نێویاندا ئاینەکانیش.

من یەکجار سەردانی ڤاتیکانم کردوە. جێگایەکە بە تایبەتی لە ڕوی هونەرییەوە، بێئەزادە تایبەتە. سەقفی هۆڵە درێژەکانی ڤاتیکان نەخشێنراوە بە تابلۆکانی ڕافائێل و مایکڵ ئەنجیلۆ و ئەوانیتر.
لە چارەکە سەدی ڕابوردودا زیاتر لە نێو کاتۆلیکدا ژیاوم هەتا هەر ئاینێکی تر، بەڵام ڕۆژێک نەبوو هیچ شتێک دڵم بیگرێت. نەک تەنها لە ئیتالیا و ئایرلەندا کە ئەزمونی منی تیادا گوزەراوە، بەڵام لە سەرانسەری دونیای کاتۆلیکیدا قەیرانی زۆر بەرۆکی کڵێسای گرتوە.

جگە لە قەیرانە دڵتەنگەکانی وەک دەستدرێژی بۆ سەر هەزاران منداڵ، بۆ چەسانەوەی ئافرەتان، ئاینی کاتۆلیکی لە ئایرەلەندا مایەی هەژارییەکی کوشندەبوە لە مێژودا. ئەمە بەردەوام دەبێت هەتا کەسێکی بە ناوی تی کەی ویتیکەر پەیدا دەبێت. ئەم پیاوە کە بیروکرات بوو لە حکومەتی ئایرلەندی دەڵێت، ئێمە ناتوانین لە دونیا داببڕێین و ئاین بکەین بە ئیۆسی وڵات.

بۆ ئەوەی لە هەژاری ڕزگارمان بێت دەبێت بە سەر دونیادا بکرێینەوە هەتا کۆمپانیاکانی دونیا ڕابکێشین. لەم پێناوەدا دەبێت خوێندن بکەین بە خۆڕایی، دەبێت دەستی کاری کارا دروست بکەین، دەبێت هاوکاری منداڵان بکەین هەتا لە هەژاری ڕزگاریان بکەین، زەمینەی ئەوە بسازێنین کە ببین بە بەشێک لە جیهانگەریی. کڵێسا و توێژی کۆنزێرڤەتیف دژ بەم کرانەوەن، بەڵام بە گەشەی دیموکراسی و بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ئایرلەندا دەتوانێت ئەم هەنگاوانە بنێت. ئێستا ئایرەلەندا یەکێکە لە هەرە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دونیا. هەروەها دەتوانێت ئاوور لە ڕابوردوی بداتەوە و لە ئازارەکانی سەردەمی باڵایی کڵێسا تێبگات.

دەڵێن ئەم پاپایە باش بوو. بەڵام من خۆم بە سروشت و بە ئەزمونم قەشە ناچێت بە دڵما.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP