ئەمڕۆ سەد ڕۆژە ترەمپ سەرۆکە. ترەمپ دیاردەیەکی ئێجگار ئاڵۆزە. بۆ من ترەمپ وەک ساحیرێک وەهایە. لەم دواییانەدا خەڵکانێک کە لە نزیکەوە، دوور میدیا ترەمپیان دیوە دەڵێن کەسێکی تەواو جیاوازە. بەڵام ترەمپ دیاردەیەکی مێژوییمان بۆ زەق دەکاتەوە، ئەویش گەلحۆکان سەرکەوتوترن لە هۆشمەندان لە گەیشتن بە دەسەڵات و ڕاکێشانی سۆز و هەستی خەڵکی.
بۆچی خەڵک بڕوا زیاتر بە گەمژە دەکات هەتا بە ئاگا؟ هەمیشە من ڕوبەڕوی ئەو دەربڕینە دەبمەوە، کاتێک دەڵێن تۆ خۆت هەڵبژارد و دەرنەچویت، بەڵام فڵانەکەس دەرچوو. هەمیشە من هیچ ناڵێم. بەڵام دیاردەکە زۆر زۆر قوڵە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش سوکراتیش.
لە ڕاستیدا کاتێک لێی ڕادەمێنیت زۆر ڕونە. خەڵکی گەمژە، زۆر بڕوایان بە خۆیانە. خەڵکی حەزیان لە کەسێکە کە بڕوای بە خۆیەتی. بەڵام خەڵکی هۆشمەند نەک بڕوایان نیە، بەڵکو بە زۆری بڕوایان بە خۆشیان نیە. خەڵکی گەمژە هەمیشە سادەگۆن، خەڵکی ئەمە وەک خەسڵەتی بەهێزیی دەبینن. سادەگۆیی یانی بێ گڕێ و ئاڵۆزیی شتەکان دەڵێت بە جۆرێک کە پێچ و پەنای تیادا نیە و هەموو کەس لێی تێدەگات. ئەمەش سەرچاوەی هێزە. بەڵام مرۆڤی هۆشمەند دەترسێت لە هەموو دەربڕینێک چونکە ڕێگریی و بەربەست و هەنگاوەکان دەبینێت. زۆرینەی مرۆڤ حەزدەکەن کەسێک فریویاندات لەوەی پێیان بڵێت تۆ خۆت دەبێت شتێک بکەیت یان ڕۆڵت هەبێت یان بەرپرسیاریت.
مرۆڤی هۆشمەند خۆی بە زیرەک نازانێت، بە پێچەوانەوە گەلحۆکان هەمیشە نەک خۆیان بە زیرەک دەزانن، بەڵکو خۆیان لە زۆرینە بە زیرەک تر دەزانن.
هەمومان ئەوە دەزانین کە خەڵکی هۆشمەند بە زۆری ناڕەحەتی و بێزاری لە ئەوانیتردا دروست دەکەن، بەڵام گەلحۆکان هیوابەخشن، یان فرویدەرن، خەڵکیش ئەمەیان پێباشە.
ترەمپ لە ڕیزی ئەم کەسانەیە. لە دێر زەمانەوە میکیاڤیللی پێی گوتین کە دەرکەوتن زۆر گرنگترە لە ناوەڕۆک. ئەگەر وەها دەرکەویت کە بە توانا و بەهێز و بە توانایت، زۆر گرنگترە لەوەی کە لە ڕاستیدا وەهابیت.
بۆیە لە ڕاستیدا مرۆڤی هۆشمەند کەرن، بەڵام کەری ڕاستەقینە سەرکەوتوون.
ترەمپ تاقانە نیە. بە زۆری سەرکردەکانی ئەمریکا وەهان، سەیری نیکسۆن بکە، بۆشی کوڕ، زۆرێکی تر.
کاتێک گەلحۆکان سەردەکەون، خەڵک ئەوە دەکاتە بیانوی لێهاتوییان. کاتێک هۆشمەندان شسکت دەهێنن خەڵک بێزی لە شکست دێتەوە. بەڵام تراژیدیاکە لەوەدایە کە گەلحۆکان دەبنە مایەی سەرکەوتنی خۆیان و شکستی ئەوانیتر وەک لە ترەمپدا دەیبینین، بەڵام هۆشمەندان ڕەنگە ببنە مایەی شکستی خۆیان بەڵام بە گشتی دەبنە مایەی سەرکەوتنی ئەوانیتر، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا نەک دەستخۆشی بەڵکو نەفرەتیان لێدەکرێت.
بەگشتی هەوادارانی گەلحۆکان جۆرێکن لە دەروێش یان کەڵت. ئەوان هەرگیز ئەوە نابینن یان نابیستن کە ئەوانیتر دەیبینن و دەیبیستن.
ترەمپ بەرهەمی دونیایەکی تایبەتە. دونیایەک کە خەڵکانێکی زۆر تیایدا سەرکەوتن و خەڵکانێکی زۆریش تیایدا شکستیانخۆارد. شکستخواردوان وەها دەبینن کە لە ڕێگای ترەمپەوە تۆڵە دەکەنەوە. بەڵام ترەمپ تەنها خۆی لەلا مەبەستە. ئەمەش خەسڵەتێکی تری خەڵکانی وەک ترەمپیە. هەتا زیاتر نەرجسی بیت زیاتر سەرکەوتوو دەبیت. ئەگەر خوا بکات ئەوەندە کەر بیت بە ڕاستی خەمی ئەوانیتر بخۆیت ئەوا هەرگیز سەرکەوتن بە چاوانت نابینی. فایەق بێکەس زۆر جوان دەیهۆنێتەوە. پیرۆزە لە سەرۆک ترەمپ سەرۆکی مرۆڤایەتی.