دواین هەواڵ

مۆدێلی کوردستان بۆ جیهانێکی فرەڕەنگ

‌شەنگە ئەحمەد

3 رۆژ پێش ئێستا

دواین وتاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە رۆژی نزای نیشتمانی لە ھەولێر، تەنیا روانگەیەک نەبوو بۆ  نێوخۆیی، بەڵکوو پەیامێکی جیھانی لەخۆگرتبوو، کە گوتارەکە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و میدیاکانی جیھانی بوو. لە گوتارەکەدا چەند خاڵێک دەخەینەڕوو.

 ئەزموون

لە گوتارەکەدا ئەزموونی ھەرێمی کوردستان روونە، لە بواری پێکەوەژیان، چۆن ھەرێمێک کە پێشتر رژێمە جیاوازەکان تراژیدیایان لێ ئەنجام داوە، ئێستا بووەتە وانەیەکی بێوێنە بۆ پێکەوەژیان، لە ھەمانکاتدا، ئەو گەلەی لە مێژوودا زۆر ئازارەکانی تۆمارکراون، ئێستا بووەتە سەرچاوەی ئاسوودەیی بۆ گەلانی جیھان، ئەمەیە پێشەنگی لە پێکەوەژیان دا.

 فرەیی وەک سەرچاوەی هێز

لەو شوێنانەی جیھاندا فرەیی بە ھەڕەشە سەیردەکربت، ھەرێمی کوردستاندا فرەیی و پێکەوەژیان، جێگەی شانازییە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، فرەییە کولتووری و ئایینییەکان گەورەترین سەرمایەی کوردستانن. 

 دیالۆگ

لە گوتارەکەدا دیالۆگ، لێکتێگەیشتن براوەی ھەمووان بۆ کوردستانێکی بەھێز، پرۆسەیەکە کە ھەرێمی کوردستان مۆدێلی حوکمڕانی خۆی لەسەر داڕشتووە، ئەمە ئەو خاڵە بەھێزەیە کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری دروستکردووە، ئەم خاڵەشە کە لەناوچەیەکی پڕ کێشەدا ھەرێمێکی پێشکەوتووی دیموکراسی ھەیە.

 ناسنامەی هاوبەش

گوتارەکە پەیامێکی قووڵی لەخۆ گرتووە،  کاتێک یەکتر قبوڵکردن لە قوڵایی کۆمەڵگایەکدا هەبێت، قەیرانی ناسنامە ڕوونادات، لەگوتارەکەدا یەکترقبووڵکردنی ئایینی و پێکەوەژیان قوڵایی ستراتیژی ھەیە.

 مرۆڤایەتی

لە گوتارەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا، گەورەترین چەکی دژ بە تیرۆر بریتییە لە ھێزی مرۆڤایەتیی، وەک رەوەی ھەرێمی کوردستان لە کاتی پەلاماری داعش بۆسەر سووریاو عێراق، بوو بە پەناگەی ئاوەرەکان، ئەمەش ئەو چەکە بەھێزە بوو لە ڕووی مرۆڤایەتی گەلانی ناوچەکەی بەخەبەرھێنا، بۆ کۆبوونەوە لە دەوری یەک ئامانجدا ئەویش سەرکەوتن بەسەر تیرۆر.

مۆدێلێک بۆ جیهان

لە سەردەمێکدا دەژین، کە شەڕی کولتووری و ئایینی زۆربەی ناوچەکانی جیهان داگیر دەکات، لە گوتاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی دڵخۆشکەر بۆ جیھان ھەن، گوتارەکە بە جیھان دەڵێت، فرەیی دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت نەک لاوازی، ئەم مۆدێلە  لەسەر بنەمای ڕێز، متمانە و دیالۆگ دامەزراوە، دەتوانێت بۆ ناوچەکە پێشەنگ بێت لە پێەوەژیانی ئاشتیانە، نەھێشتنی رق، مۆدێلەکە ئاشتی بەرپادەکات، لەو سەردەمەی کە پێویستە لە رۆژھەڵاتی ناویندا ھەموو گەلان بۆ ئاشتی بجەنگن، لەو نێوەندەدا ھەرێمی کوردستان گەورەترین دەسپێشخەری ھەیە بۆ ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناویندا، وەک سەرۆک نێچیرڤان دەڵێت، ئاشتی ھێزە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP