وازحە غەرب موجامەلەی عێراق ئەکا تا بایی ئەوەندە هەیبەتی هەبێ، لەبەرانبەر ئێراندا خۆی بگرێ و ئێران قووتی نەدا، بەڵام ئەو موجامەلەیە نە ئەکاتە ئەوەی کە عێراق پێ لە بەڕەکەی خۆی درێژتر ڕاکێشێ و هەرێم قووت بدا، نە ئەسڵەن عێراق و غەیری عێراقیش نییەتێکی لەو نەوعەیان هەیە، خۆ ئەگەر شتی وا لە گۆڕێ بێ، دنیا بە شەرق و غەربییەوە قسەی تریان ئەبێ!
ئەم هەرێمە ڕاستە لە عێراقدایە، بەڵام عێراق دروستی نەکردووە تا بتوانێ تێکی بدا! تێکدانی، یەکسانە بە (نانی شوان) و ئەوەی بیخوا ئەکید ئەجەلێک چاوەڕێی ئەکا، بەس دیار نیە چۆن!
ئەوەی دیارە، عێراقێکی بەهێز خواستێکی نێودەوڵەتییە، بەڵام هەرێمێکی بەهێزیش دیسان هەر خواستێکی نێودەوڵەتییە و بگرە ئەوە ئیعلانی ناکەن و نایانەوێ بە ئاشکرا بیڵێن، ئەگەرنا، زۆرن ئەوانەی کە ئەیانەوێ ئەم هەرێمە لە دەوڵەتەکەی بەهێزتر بێ،، بەڵام چۆن هەرێمێک؟!
با وەڵامی ئەو پرسیارە بمێنێ..
بەسەراحەت، ئەوەی ئێستا عێراق لەگەڵ هەرێم ئەیکا، ڕێک لە هەڵسوکەوتی ئەو مروورە ئەچێ کە چارەی سایەقێکی ناوێ و ئیتر بەناوی قانوون و تەعلیماتەوە، ئەنواع بیانووی پێ ئەگرێ!
غەرب تا ئێرە، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو بیانووانەی کە عێراق بە هەرێمی ئەگرێ نیە و (بۆی هەیە) جۆرێک لە ئۆکەییشی دا بێ، چونکە دواجار غەربیش هەرێمێکیان ناوێ کە بۆ هەموو شتێک دووان، بۆ زۆر شت سێ، بۆ هەندێک شتیش چوار پێنجێکی هەبێ!
ئەم هەرێمە ئەگەر بە فیعلی و بە حەقیقی یەک ئیدارە و یەک پارە و یەک چەکی هەبێ، پیاوم ئەوێ توخنی کەوێ.