دواین هەواڵ

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ سیماکانی دەسەڵاتی ڕووسیای هاوچەرخ

‌ ئەمیر حسین

26/08/2025

 
    لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت و دواتر گەیشتنی ڤلادیمێر پوتین بە کۆشکی کرملن ، ئەو سیستەمە سیاسیەی ڕوسیا بەڕێوە دەبات، بۆتە جێگەی سەرنج و بابەتی شڕۆڤەو توێژینەوەی پسپۆڕان و بیرمەندان ، والتێرلاکویر ( Walter Laqueur ( لە کتێبی “ پوتینیزم -  Путинизм:  ڕووسیا و داهاتووی لەگەڵ ڕۆژاوا “  لە ساڵی ( 2015 ( بڵاوکراوەتەوە، بە یەکێک لە گرینگترین هەوڵەکان دەژمێردرێت، بەمەبەستی تێگەیشتن لە سروشتی سیستەمێک، پوتین لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە بەرهەمی هێناوە ، چونکە پوتینیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی تەواو پێگەیشتوو کامڵ ناخاتە بەردەست، بەڵکو زیاتروەک تێکەڵەیەکی هەڵبژێردراو لە بیری ناسیۆنالیزم لەگەڵ دەسەڵاتپەرستی (ئۆتۆریتاریانیزم) و خەونی گەڕانەوە بۆ سەردەمی شکۆداری یەکیەتی سۆڤیەت، بە پشتیوانی ڕەهای کەنیسەی ئۆرثۆدۆکسی ، لەسەرئەم بنەمایانە دەخاتە بەرچاو:

-یەکەم : نەبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی پتەو ڕوون، لە بەرامبەرجێگیرکردنی فۆڕمێکی دەسەڵاتپەرستی پڕاگماتیکیدا.

   جیاواز لە سیستەمی کۆمۆنیستی کاتێک خۆی وەک پرۆژەیەکی جیهانی نمایش دەکرد ، لاکویر پوتینیزم بە پراگماتیکی دەسەڵاتپەرست وێنادەکاتەوە، مەبەستە سەرەکییەکەی تەنها سەپاندنی سەروەری و دەسەڵاتە، ئەم سیستەمە ئارەزووی داڕشتنەوە، یان جۆرێک لە ئەندازەسازی لە گونجاندنی سیاسەتدا دەکات، زیاتر لەوەی پرۆژەیەکی گشتی فیکری و ئایدیۆلۆژی پتەوبێت ، بە پێچەوانەی ڕۆژئاواییەکان، هەمیشە تایبەتمەندیە سەربەخۆکەی، لە شۆڕبونەوەی زیاتربۆ ناو قوڵایی حیکایەتی ئەو شارستانیەتیەدا دەبینێتەوە، بەردەوام بەرامبەر ڕۆژاوا بە پێوە وەستاوە.

-دووەم: ڕەخنە لە لیبرالیزمی ڕۆژاوایی و جارێکی تر مانا بەخشینەوە بە چەمکی دیموکراسی .

   پوتینیزم لە بەرامبەر دیموکراسی ڕاستەقینەدا، تەنها چەمکی (دیموکراسی ئاراستەکراو) وەردەگرێ، تیایدا سیستەمە سیاسیەکە چڕدەکاتەوە بۆ پێدانی ڕەوایەتی، تەنها لە فۆڕمێکی جێگیری ئارام و پاراستنی سەروەریدا ، نەک لە فرەیی یان بونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و کێبڕکێی ئازاد وهەڵبژاردن. بە پشت بەستن بە ئەزموونی مێژووی گەیشتون بەو دەرئەنجامەی، تەنانەت بوژانەوەی ئابوری دەکرێت دەستەبەر بکرێت، بێ ئەوەی مۆدێلی سیستەمی دیموکراسی لیبراڵ پەیڕەوبکەی.

-سێیەم : ئاین و ناسنامەی شارستانی.

   حکومەتی ڕووسیا کەنیسەی ئۆثۆدۆکسی بەکاردەهێنێت بۆ چەسپاندنی بەهاو نەریتە کۆنەپارێزە باوەکان ، خۆی وەک پارێزەری (ڕۆحی و ئەخلاقی ڕووسەکان) پێشاندەدات لە بەرامبەر بەهای ( لێکترازان و تێکشکاو) ی ڕۆژاواییەکاندا. لێرەوە پوتینیزم وەک پڕۆژە بەتەواوی تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ تێزەکەی ئەلێکساندر دوگین، کاتێک بانگەشەی (ئۆراسیایزم) دەکات، وەک پرۆژەیەکی شارستانی جیاواز لە ڕۆژاوای ئەتڵەسی ، تەنانەت دەکرێ پوتینیزم لە ئێستادا وەک پارادایمی تیۆری چوارەمی دۆگین خۆی نمایشبکات، کاتێک هەرسێک فۆمی (سۆسیالیزم و فاشیزم و لیبڕالیزم) ڕەتدەکاتەوە. 

-چوارەم : پێکدادان لەگەڵ ڕۆژاوا وەک بژاردەیەکی ستراتیژی .
   والتێرلاکویر ڕوونی دەکاتەوە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا تەنیا وەڵامدانەوە نییە بۆ فراوانبوونی هاوپەیمانی ناتۆ یان یەکێتی ئەورووپا ، بەڵکو بەشێکە لە بینینێکی ستراتیژی قووڵتر، واتە هەڵوێستەکانی ڕوسیای نوێ تەنها لەسەر کاردانەوە بنیات نەنراوە ، بەڵکو هەوڵ دەدات ڕووسیا وەک وڵاتێکی زلھێزبگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی وجڵەوی دەستپێشخەریەکان بگرێتەوە دەست ، ئەمەش ئاماژەی دەرکەوتنی خەت و خاڵی شوناسی نوێی ڕووسیایە وەک هێزێکی جیاواز ، نەک وەک هاوبەشێک لە نێو سیستەمی لیبڕالیزمی ڕۆژئاوایدا.

    لە کۆتاییدا پوتینیزم - بە پێی خوێندنەوەی ( لاکویر) وەڵامێکە بۆئەو قەیرانانەی شکستی کۆمۆنیزم لەگەڵ خۆیدا هێنای، یان بە دیوێکی تردا ئەودۆخە نالەبارەی نزیکەی (70) ساڵی دەسەڵاتی سۆسیالیزم سەپاندبوی، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا لەگۆڕانی بەردەوامدایە، لەپێناوداڕشتنەوەی ناسنامەیەکی نوێ بۆ ڕووسیا، بەتایبەت دژی (هەژموونی نەیارە تەقلیدیە لیبڕاڵیەکان) ئەمەش تەنیا سیاسەتێکی لۆکاڵی و کاتی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکە ڕووسیا دەخاتەوە سەر نەخشەی بەریەککەوتنی بەردەوام لەگەڵ ڕۆژاواییەکان لە ئایندەدا. بەتایبەت لەکاتێکدا ئەمڕۆ شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چوارەم ساڵیدایە، ئەم جەنگە بەریەککەوتنی نێوان ڕوس و ئەوروپیەکانی گواستۆتەوە بۆ قۆناغێکی مەترسیدار، سیماکانی قۆناغی داهاتووی ململانێکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕونتر دەبنەوە، بۆیە بایەخ و تێگەیشتن لە پوتینیزم، وەک چوارچێوەیەکی گشتی ستراتیژی زیاتردەچەسپێت ، لەوەی دیاردەیەکی کاتی و ڕاگوزەربێ، بە ئامانجی تێگەیشتنی دروست لە گۆڕانکاریە جیۆسیاسیە جیهانیەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP