سەرەڕای شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان (بەهاری عەرەبی) کە لە دەیەی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتەوە، سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتخوازەکان لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا هەر مانەوە، یان توندوتیژتر و سەرکوتکارتر خۆیان بونیادنایەوە؛ یاخود بوونە مایەی دروستکردنی بۆشاییەک بۆ سەرهەڵدانی ئاژاوە و توندوتیژی بەردەوام. ئەم خۆڕاگرییە جێگای پرسیارە: بۆچی گۆڕانکاریی دیموکراسی لەم ناوچەیەدا ئاستەنگی گەورەی لەپێشە؟ وەڵامەکە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی هۆکارە مێژوویی، پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتییەکانە.
ڕیشەی دەسەڵاتخوازی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی مێژوویی دەوڵەت لە ناوچەکەدا، کە زۆرجار لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەت و سەرکردایەتیی باوکسالاریی دامەزراوە. لەم مۆدێلەدا، سەرۆک (جا پاشا بێت یان سەرۆک کۆمار) خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای سیاسی و ئابوورییە و خۆی وەک پارێزەری بەها و یاسا نمایش دەکات. ئەم سیستەمە "پاتریارکییە نوێیە" کۆمەڵگای مەدەنی لاواز کردووە و دەرفەتی بۆ گەشەی ڕێکخراوی سەربەخۆ و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە نەهێشتووەتەوە. دەسەڵاتداران لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ماددییەکانی دەوڵەت و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان، جۆرێک لە "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"یان سەپاندووە: بژێوی لە بەرامبەر بێدەنگیدا.
دوای کۆلۆنیالیزم، دەوڵەتە نوێیەکان وەک موڵکی تایبەتیی دەستەبژێرە فەرمانڕەواکان مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. ئەمەش بووە هۆی سەرکوتکردنی بزوتنەوە ناسیۆنالیستی و عەلمانییەکانی داوای ئازادیی سیاسییان دەکرد. لە هەمان کاتدا، ڕژێمەکان لە ململانێیەکی تونددا بوون لەگەڵ بزوتنەوە ئیسلامییەکان کە ئەوانیش دژایەتیی دیموکراسییان دەکرد و ئامانجیان سەپاندنی شەریعەت و زیندووکردنەوەی خەلافەت بوو. ئەم دۆخە بۆشاییەکی ئایدیۆلۆژیی گەورەی دروست کرد کە تەنها لە ڕێگەی پەرەپێدانی "کلـتوری کەسپەرستی" و شکۆدارکردنی سەرکردەی تاکڕەوەوە توانرا پڕبکرێتەوە.
هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانیش ڕۆڵیان هەیە. سیستەمی پەروەردەی کلاسیک، زیاتر پشت بە دەرخکردن دەبەستێت تا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، هەروەها زاڵبوونی تێڕوانینی (قەدەر) ی چارەنوسخوازی، ڕێگرن لەبەردەم گەشەی کولتوری فرەیی و قبوڵکردنی جیاوازی. بۆیە؛ شکاندنی ئەم بازنە داخراوەی دەسەڵاتخوازی، کات و هەنگاوی بنەڕەتی پێویستە؛ گرنگترینیان: چاکسازیی کلتوری بە ئاراستەی قبوڵکردنی فرەیی، پەرەپێدانی پەروەردەیەکی مۆدێرن و هاندانی بیرکردنەوەی سەربەخۆ، گەشەی ئابووریی دادپەروەرانە، و مسۆگەرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە قوڵانە، دەربازبوون لە ڕابردوو و بونیادنانی داهاتوویەکی دیموکراتیک ئەرکێکی سەخت دەبێت.
رابەر تەڵعەت