هەنگاوەکانى مەسروور بارزانى ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە رووى دیپلۆماسى و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە گەیشتۆتە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو ، بەشێوەیەک رۆژە بە رۆژ هەولێرى پایتەخت وەک ناوچەکى متمانەپێکراو زیاتر دەبێتە جێگەى سەرنج وبایەخى وڵاتان ، بازرگان و خاوەن سەرمایەکان بۆیە چاوەروانى ئایندەیەکى گەشتر بۆ هەرێمى کوردستان دەکرێت ؛ بەهەڵوەستەکردن لەسەر پەیوەندییەکانى کوردستان و ئیمارات لەماوەى 20 ساڵى رابردوو ساڵ بە ساڵ ئاستى پەیوەندییە ئابوورى وکەلتوورى و دیپلۆماسى و بازرگانییەکان لە گەشەسەندنى بەردەوام دایە ؛ بەتایبەتى سەرۆکوەزیرانى کوردستان دەروازەیەکى بەهێزى پەیوەندیی بۆ زیاتر وەربەهێنان بەرەو هەرێمى کوردستان کردۆتەوە
هۆکارى بەهێزبوونى ئەو متمانە و کارو بەرەوپێشچوونە بارزگانییانە ، سیاسەت و دیپلۆماسى و ئیدارەدان و دەوڵەتدارى مەسڕوور بارزانى ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لەلایەک و لەلایەکى دیکەشەوە سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و ئاسایش و ئارامیی کوردستان ، پەیوەندى بەهێزى سەرۆکوەزیران و سەرۆکى ئیمارات و گەورەبەرپرسانى ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە ؛ ئەوەى جێگەى سەرنج وبایەخەکە پەیوەندییەکانى کوردستان و ئیمارات لەڕووى ئابوورى و بازرگانى بەرەو لووتکەیە ؛ بوونى دەیان کۆمپانیایی ئیماراتى لە بوارە جۆراجۆرەکاندا ئاماژەن بە سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە ڕوانگەى سەرکردایەتى ئیماراتەوە
بەتایبەتى هەرێمى کوردستان لە گشت ڕوویەکەوە ،جیاواز لە ناوچەکانى دیکەى عێراق بە هۆى ئیدارەدان و حکوومڕانى سەرکەوتووانەى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان وبەتایبەتى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە ئاستى گەشەى وەبەرهێنان و بازرگانى دەرفەتى گەورەى بۆ وڵاتانى عەرەبى بەتایبەتى ئیمارات فەراهەم کردووە ؛ بەهەوڵى سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، بەرهەمى جوتیارانى کوردستان لە بازارەکانى ناوچەکە و جیهان ساغ دەکرێتەوە
هەرێمى کوردستان شوێنکى گرنگ و ستراتیژییە بۆ کارى وەبەرهێنەران و بەتایبەتى وڵاتانى کەنداو و بەدیاریکراوى میرنیشینى یەکگرتووى عەرەبى ، چونکە کاتێک وەربەرهێنەران ئەو ئاشتى و سەقامگیرییەى هەرێمى کوردستان دەبینن ، ئەوا کوردستان دەروازەیەکى گرنگە بۆ وەبەرهێنان لەسەر ئاستى هەموو عێراق ؛ بۆیە ئەو هەنگاوانەى حکوومەتى کوردستان دەبنە هۆى ژێرخانێکى بەهێزى ئابوورى و پێشکەوتنى کوردستان ؛ بۆیە زۆر گرینگیشە هەرێمى کوردستان سوود لە ئەزموونى گەشەسەندنى ئیمارات وەربگرێت ، جگە لەوەش بەردەوامى هەماهەنگى نێوان بازرگان و وەبەرهێنەران ،کوردستان لەڕووى ئابوورى و گەشەسەندن دەگاتە قۆناغێکى زۆر پێشکەتووتر .
هەوڵەکانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان وایکردووە ، رۆژ بەرۆژ متمانەى زیاتر بۆ بارزگانان و وەبەرهێنەرانى بیانى و بەتایبەتى وڵاتانى ناوچەکە دروست بێت، تا کو بێتە کوردستان کارى بازرگانى و وەبەرهێنان بکەن ، وڵاتانیش باش دەزانن کوێ ئاسایش و سەقامگیرى لێیە ، ئەوەش وادەکات کۆمپانیاکان وبەتایبەتى ئیماراتییەکان زیاتر روو لە هەرێمى کوردستان بکەن ؛ ئەوەش وادەکات هەرێمى کوردستان لە گشت ڕووە گەشەسەندن و پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت ؛ بۆیە سەردانى مەسروور بارزانى ، بۆ ئیمارات لە کاتێکى گرنگ و هەستیارى ناوچەکەدا بوو ، ئەوەش وادەکات کوردستان بچێتە قۆناغێکى نوێ و گەشەسەندووتر ، قۆناغێک کە تێیدا وەبەرهێنان وفڕەچەشنکردنى ئابوورى ، هەروەها کردنەوەى دەرگاى وەبەرهێنان وهاوکاریکردنى ئەو گۆڕانکارییەى لەکوردستان دەستپێکردوو و بەتایبەتى کە هەرێمى کوردستان چووە ناو قۆناغێکى لە وەرچەرخانى ئابوورى و وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژیا ؛ هەرێمى کوردستانیش خوازیارى هاوبەشیی لەگەڵ وڵاتێکى وەک ئیمارات بۆ ئەوەى پێشکەوتن و گەشەسەندنى زیاتر لە گشت بوارەکاندا بەخۆیەوە ببینێت