ئیرهابێکی فکری لە دنیای ئێمەدا دەگوزەرێت، هێزەکانی تێپەراندووە و دابەزیوە بۆ هونەرمەند و کەسایەتییە گەورەکانی دنیای ئێمە.
ئەوەی پەرە بەم ئیرهابە فکرییە دەدات هێزگەلێکی محافزکار و ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەن بە خۆیان و منداڵ و تواڵ و خڵتەی کۆمەڵگەوە کە بۆ خۆیان ڕەوایە بە نهێنی لە ژێرەوە لەگەڵ بەرپرسان بن و بە ئاشکراش تیرۆرایزەی کەسایەتییەکان دەکەن.
ئەم مەکینە ئیعلامییە بە لێدان لە کەسایەتییەکان کۆی قەیرانەکان و نەهاتنی موچە و پێکنەهێنانی حکومەت بیر خەڵکی کوردستان دەبەنەوە و جارێک بە دەنگە نازدارەکەی عەدنان کەریم و جارێک بە فڕێدانی نیقابی زانکۆی ئەمریکی و جارێک بە ماهیر حەسەن و پێشتر بە شێرکۆ بێکەس و ئیستاش ئاراستەکەیان بەرەو کەمانچە جوانەکەی ئەنوەر قەرەداغی گۆڕیوە.
کە هونەرمەند نەرمین قادر لە شارۆچکەی ئەڵایی کۆچی دوایی دەکات، هەموو گلەیی دەکەن کە هیچ بەرپرسێک لای لێ نەکردەوە، کە حزبێکی سیاسی خەڵاتی هونەرمەندێک دەکات، دەکەونە گیان هونەرمەندەکە و دەڵێن نەدەبوو خەڵاتەکەی وەرگرتایە. کە هونەرمەندان دەکەونە تەمەنەوە هەر لاکردنەوەیەک گرنگە و لانی کەم دڵنەواییکردنیان ئەرکی کۆی هێزەکانە.
من تێناگەم کاک ماهیر حەسەن بچێتە لای مام جەلال بۆ ئاساییە و هونەرمەندێکی گەورەیە، بەڵام بچێتە لای کوڕی بەرپرسی سەرۆکی هەرێم ئیدی دەبێت جنێوباران بکرێت؟ من تێناگەم بۆ کاک ئەنوەر قەرەداخی لە لقی پارتی ببیندرێت و خەڵاتی بکەن نەنگییە، بەڵام ئەگەر لە سلێمانی خەڵاتی برایم ئەحمەدی پێ بدەن، ئەوە سەروەرییە. برادەران ئەم ئیرهابییە فکرییە لە کوێوە دێ؟
سەیرە هونەرمەند لە سلێمانی بە تەقڵە بچێت بۆ لای پاڤڵ تاڵەبانی ئاساییە، بەڵام هەر سەردانێکی هاوڕێیەک یان بەرپرسێک بکات کە سەنگەرەکەی ئەوبەر، ئیدی دەبێت بکەوێتە بەردەم جنێوی ناشرین بە خۆی و کەسایەتی و خانەوادەکەی.
شێرکۆ بێکەس و شیعر هەر بە گەورەییی دەمێننەوە، کاک ماهیر حەسەن شیرنتر و نواندن بەنرختر دەبێت و کەمانچە ئاڵتوونییەکەی کاک ئەنوەر قەرەداخیش هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئەوەی دەبێت کۆتایی بێت و لەبەرچاو ون بێت ئەم ئیرهابییە فکرییەیە لە سلێمانی.