دواین هەواڵ

ئەو سیمبۆلانەی کە ماونەتەوە !

‌محەمەد خۆشناو

28/05/2023

ئەگەر بپرسین کە بۆچی ئەو کەسایەتیە مەزنانەی کە وڵاتەکانیان ڕزگارکرد یان بووژاندەوە و پێشیانخست ، هەر بەنەمری لەنێو دڵ و ویژدانی نەتەوەکانیاندا ماون و وێنەکانیان بەبەرزی مایەوە ؟ بۆچی « ماو تسی تۆنگ » ڕابەری گەورەی چین وێنەکەی لەگۆڕەپانی ئاسمانی لە پایەتەختی ئەو وڵاتە تا ئەمڕۆ بە بەرزی ماوەتەوە ؟ و لە هەموو شوێنە ڕەسمیەکانی وڵات و ، لەسەر دراوی چینی هەیە ؟

وەڵامەکەی ئەوەیە کە کەس خیلافی لەسەر ڕاستگۆیی مەبەستەکانی ماو تسی تۆنگ بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی نەبوو ، ویڕای ئەو هەڵە گەورانەی کە ماو لەکاتی حوکمڕانی خۆی کردی کە وایکرد برسێتی دروستبێت کە ملیۆنەها کەس مردن و ، هەروەها شۆڕشی ڕۆشنبیریەکەی کە هەزاران کەس بوون قوربانی ، بەڵام بمانەوێت یا نەمانەوێت ماو دامەزرێنەری چینی نوێیە .

وەرە سەیری تورکیا بکە ، وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتۆرک دامەزرێنەری دەوڵەتی نوێ لە هەموو شوێنە ڕەسمی و گشتیەکان بەرز کراوەتەوە ویڕای ئەوەی کە ئێستا حزبێکی مەرجەع ئیسلامی زاڵە بەسەر ئەو دەوڵەتە عیلمانیە… دەوڵەتێک کە ئەتاتۆرک پڕنسپەکانی چەسپاند .

ئەمە  بۆ گاندی و ماندێلا کە لە پایەی سەرەوەن و هەروەها بۆ تشرشەل و دیگۆل و هوشی منە و دەیانی تر  .

کوردستانیش دەیان سەرکردەی گەورەی لێهەڵکەوت ، کە خزمەتی گەورەی ئەو نیشتیمانەیان کرد و ناویان هەر بەدرەوشاوەیی دەمێنن ، کە لەنێویاندا مستەفا بارزانی باوکی روحی و سیمبولی بێهاوتای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان و هەڵسێنەری روح و هەستی کورد بووە ، کە کەسی تر ئەمەی نەکردووە .

نووسین لەسەر مستەفا بارزانی قورسە ، بەڵام کە باسی دەکەین پێمان خۆش بێت یان ناخۆش «ئەو» قامەیەکی شکۆ و بەرزە لە مێژووی نەتەوەییماندا ، کە کەس ناتوانێت لەو مەکانە تاک لایەنە کەمبکاتەوە ، ئێمە کە باسیدەکەین باسی مێژووێکی دوورودرێژ لە شۆڕش و خەبات و تێکۆشان دەکەین ، کە بووە مایەی بووژێنەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی کە وای  لە گەلی کورد کرد خاوەن پێگە و قوورسایی بێت ، ئەمە مێژووە ، مێژوو ڕووداوەکان لەیاد ناکات ، بە ووشەی ڕووناکی ئەو ڕووداوانە یاد دەکاتەوە ، مێژووێکی زیندووە کە لەگەڵ ئەو واقیعەی تێیدا دەژین لە پەیوەندیدایە و ، چۆن ئێمە دەتوانین بەدیدێکی سەردمیانە لەو مێژووە زیندووە نەمرەی ئەو پیاوە وەرگرین کە سوودی بۆ ئێمە هەبێت ، بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا کە دۆخی ناوخۆی کورد زۆر شەپڕیوە و ، داگیرکەرانیش شێواز و فرتوفێڵی خۆیان گۆڕیوە ، بەڵام هەمان ئەو ئەجندایەیان هەیە کە پێشتر باوک و باپیرانیان هەڵیانگرتبوو ، ئەوانەی پەلاماری باوک و باپیرانی ئێمەیان دەدا !

باشترین شت کە لەسەردمی ئەودا جێهێشترا کە تائێستا لە پێکهاتەی نەفسی زۆربەی ئەوانەی لەو سەردەمەدا لەژێر حوکمڕانی ئەودا بوون ماوەتەوە ، بریتی بوو لە هەستکردن بە یەکسانی ،  کەس نەیدەتوانی غەدر لەکەس بکات و پردێکی تۆکمەی ڕێزگرتن لەنیوان خۆی و گەلەکەی دروستکرد ، دەزگایەکی بەرگری نیشتیمانیی هەر لە زاخۆ تا خانەقین کە لەناویدا هەموو پێکهاتەکان بەجیاوازی ئایین و بیروڕا لەخۆگرتبوو دامەزراند ، کە توانایەکی گەورەی دابووە نیشتیمان کە بەرگری لە دابەشبوونی خاک و گەل بکات ،  ئەو بناغەکەی لە کوردستان دانا و کەس بەقەد ئەو مانای خاکی نەدەزانی کە  خوێن لەڕێگەی ناوکەپەتەوە  بە نیشتیمانمان دەبەستیتەوە و کلیلی ئازادکردنی ئەو نیشتیمانەی بەوانی ئێستا سپارد ، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەسەر دەستی ئەو حزبانە ئەوەی ئەو دەیویست تێکوپێک درا  ، ئەو بەرگریە نیشتیمانیە بە هۆی پەرتەوازەیی و دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و ناڕازیبوونی زۆربەی هاووڵاتیان و نەمانی متمانە بە دەسەڵات و حزبەکان وا لاواز بووە لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ماڵویرانی کوردی بەدوادادێت  ، ئەمڕۆ کوردستان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە مستەفا بارزانی-یەکە کە زۆر زەحمەتە  جاێکی تر هەڵکەوێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP