دواین هەواڵ

بودجە وەک قوڵایی جیاکاریی و فاشیزم

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

28/05/2023

ئەوەی ڕووئەدات دژی بنەما دەستوریەکانی هەرێم و ڕێککەوتنە سیاسیەکان، تەقینەوە نیە بەڵکو دەنگەدەنگی کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی ئایدۆلۆژی مەترسیدارو ورتەورتی فاشیزمی مەزهەبییە بۆ تەقینەوەی گەورەترو بە سێنتڕاڵکردنەوەی عێراق لە ڕێگەی بودجەوە.

هەموو جارێک ئەو شەراکەت و پەیمانە کۆمەڵایەتییە موزەوەرەی کوردو عێراقیەکان بەو دەنگە دەنگە دەخەنەژێرپێ بۆ تەقینەوە گەورەکە کە هێشتا نەبیسراوە، دەستورو یاسا مەدەنیەکان و تۆلێرانسی قەومی و دینی ئیتر هیچ پێگەیەکی نییە لە ئاست حوکمی تاکڕەوانەی نوخبەیەکی حوکمڕان و زۆرینەیەکی پەرلەمانی و دەوڵەتی قووڵی شیعی و دیدی وەلائیانەی دەسەڵات و ئەو کامپەوە. ئەوەی کاری پێ دەکرێت دەستوری فەردی و فەتوای دینی و شەرعیەتی شۆرشگێریی و هەژموونی ئیقلیمی ئێران و دەسەڵاتی حیزبی و مەزهەبیە بەپلەی ئیمتیاز، دیوی دووەمی درۆنەکان و هێرشەکانە بۆسەر هەولێر. 

پەرلەمانێکی مینڕێژکراو بۆ کورد؟

دەستکاریکردنی بەشێک لە بڕگەکانی هەردوو مادەی ١٣ و ١٤ ی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣، لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، گەر تێپەڕێت بڕینی شادەماری خوێنە بۆ هەرێم، ئەوەتا موزایەداتی سیاسی و پروپاگەندەی حیزبی و پەرلەمانی و پرسی لامەرکەزیەتی پارێزگاکان و شایستە داراییەکان و بەهەرێمکردن و قاژکردنی قەوارەی هەرێم بازاڕی گەرمکرایەوە لەپێناو دووبارە هاتنەوەی بەرەی هێزه‌جه‌كداره‌كان له‌ عیراق،

رێککەوتن لەسەر بودجە هەر پارەو دۆلارو نەوت نییە بەتەنها، وەک هەندێک خوێندنەوەی بۆدەکەن، ڕێککەوتنە لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆی جومگەکانی دەسەڵات لە بەسڕە تا زاخۆو هەڵەبجە بە قانوونی دراو، دەستکاری خەریتەی هێزەکانە بەپارە، بۆ قەوارە ئەمنی و عەسکەریی و هەژموونە جوگرافیەکانی عێراق و مەبەستەکەیان هەرێمی کوردستانە، یانی کورد لە دەریچەی بودجەو داراییەوە لاوازبکرێت مانای وایە لەڕووی سیاسیشەوە لاوازکراوە، ئەگەر هەرێم بودجەو نەوت و خاک و سیادەو یاساو دەستورو هێزەکەی بەرن ئیدی جیاوازی ئەوتۆی نابێت لە کوت و عەمارەو بابل و ئەنبار.

شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی و شەراکەت و تەوافوق بێت، ئەوەی ئەمجارە سەرەتای کەوتنی ماسکەکانە، کەشفبوونی مینڕێژکردنی کورسی بەکورسی ناوپەڕلەمانی عێراق و لیژنەکانە دژی قاچەکانی کورد، ئەوەی کە”هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت” وەک دوا ئیئتیلافی گەورەی قەوارە پەڕلەمانیەکان دەستنیشانیانکرد بۆ نەخشە ڕێگای حکومەتەکەی محمد شیاع سودانی و دەستبەکاربوونی لە ٢٥/٩/٢٠٢٢  دەرکەوت وەهم و سیناریۆیە، بۆ تەوافوقی فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی سەربازو دەسەڵات دژی لاوازکردنی ستاتۆی هەرێم و ئابڵوقەدانی.

کورد کەمینەیە، جا ئەو کەمینە پەرتەوازە کوردییە، بەو حاڵەوە کە نیسابی یاسایی دروست ناکات و یاسای پێ دەرناکرێت، دەستوری پێ حیمایە ناکرێت بەبێ پشتگیریی ناوخۆیی، بۆیە بە چەمکی زۆرینەو کەمینەو دیموکراسی درۆینەی عێراق و موزائیکی پەڕلەمانیی بۆ کورد مەترسیەو دواجار دۆڕاو دێتە دەرەوەی پرۆسەکە ئەگەر ڕژد نەبێت لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی.

کورد دەبێ واز لە کورسی و فەخفەخەی پۆست و ئیمتیازات بهێنێت و کێشەو دۆزگەریەکەی بەرێتە پێش و لۆبی بۆ ئەوە بکات، شوناسەکانی هەڵەبجەو ئەنفال و کۆمەڵکوژیی و جینۆساید بکاتە کارت و دۆخی ناوخۆیی چارەسەر بکات، ئەگەرنا زەحمەتە کورد لەم هەرێمە بە هیچ مافێکی دەستوریی بگات بەدەستی ئەو عەقڵیەت و لۆژیکە فاشیستانەی حوکمڕانی ئێستای عێراقیان لەدەستە، بۆیە حیزبی بچوک و هەوڵی کوتلەی پەڕلەمانی موزایەدەچی لەو خوارووی عێراقەوە بە پیشەسازی جنێودان و تاکگاسنیی و پڕکردنی خەڵک بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوت و موچەو ئیمتیاز دەیانەوێ کوێ بکێڵن و چی بەرهەم بهێنن، یانی لۆژیکی تێدایە عەرەبی فاشیست و مەزهەبی لە کورد دڵسۆزتربن بۆ هەرێم و خاکەکەی؟ یان ئەو بەڵێنانەی کاتی خۆی هەندێک کوتلە دایان بە مامۆستایانی ناڕازیی و موچەخۆران و قەرەبووی کیمیایی و ئەنفال و نەیانبردەسەر،  ئێستاو دوای لێدان لە هەیبەتی هەرێم دڵنیابن دۆخەکە خراپتر دەبێت.

بۆیە گرنگە ئەوە بزانرێت، دروست بوونی هەرێمی فیدڕاڵ و داهاتووی کوردستان، دەرەنجامی هەڵبژاردن و کورسیی و مێزو پۆستی بەغداد نییە، تا لەڕێگەی بودجەو یاساکانەوە لەمەنگەنەبدرێت، بۆ دروست بوونەکەی دەرەنجامی خەبات و شۆڕش و قوربانیدانی سەدساڵەیە لە پەیماننامەی لۆزانەوە تا شانزەی ئۆکتۆبەر، بەردەوامبوونەکەشی دەرئەنجامی هێزو پێکهاتن و ڕێککەوتنی سیاسی و هاوکێشەیەکە لە دیموکراسیەت و دەنگی خەڵک و کارتە سیاسییەکانی کورد خۆی و بلۆکە ئیقلیمیی و حیزبی و مەزهەبییەکان لەسەر بنەمای پاوەرو هێزو تەوافوقی نەوتیی و دۆزی گەورە کە کورد پشکی گەورەی تێدا هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP