دواین هەواڵ

یەکێتینەناسی !

‌شیروان تاڵیب

28/05/2023

کاتی خۆی پارتی ئەوەندە لە زانستی سەرناسیدا کوڵابوو ، ھەمیشە لە وانەی یەکێتیناسیدا ، دە لە دەی ئەھێنا و ئیتر بەچەندین ھەنگاو لەپێش یەکێتیەوە ڕێی ئەکرد و جگە لە یەکێتی ( بە ھەموو نەوعەکانیەوە ) ، تەواوی ئەوانەیشی کە لە یەکێتی ئەچوون ، ھەر فریای ئەوە ئەکەوتن بەدوای پارتیدا ڕاکەن تا ھەر ھیچ نەبێ بە تەپوتۆزەکەی ڕا بگەنەوە !
ئێستاش تەقریبەن ھەروایە ، بەڵام بە تۆزێک گۆڕانکارییەوە ،،

ماوەیەکە یەکێتیش لە زانستی پارتیناسیدا دەرجە و شت ئەھێنێ ! دەست بۆ شتێک ئەبا کە دڵی پارتی پێ ئەگووشێ و سەریشی ئەیەشێنێ ، ھۆکارەکەیشی ، زیرەکی خۆی نیە ، بەڵکوو سەعی نەکردنی پارتی ە !

یەکێتی تەبیعەتی پشیلەی ھەیە ، بەڵام کە لە سووچێکدا بەگیر ئەھێنرێ ، ئیتر ھەر بەتەواوەتی ئەبێ بە پشیلە و یەکسەر پەلاماری قوڕگ ئەدا ،، پارتی بەم دواییانە ئەو دەرسەی ئیھمالکردووە !

گرەوکردن لەسەر موغامەراتی یەکێتی ( یان دەفعکرنی یەکێتی بۆ موغامەرات ) ، نازانم پێگەی جەماوەریی یەکێتی چی لێ ئەکا ( کێ ناڵێ زیادی ناکا ! ) بەڵام پێگەی ھەرێمی کوردستان ،، ئەو ھەرێمەی کە پارتی پاسەوانییەتی ، لەق ، یان لەقتر ئەکا ، دواجار ئەرکی ڕاستکردنەوەکەیشی ھەر ئەکەوێتەوە سەر شان و ملی پارتی ،، تەبعەن بە باج ەوە !
یەکێتی ھەر شتێک بشکێنێ ، جگە لە پشتی خۆی ، پشتی قەزییەکەیشی پێ ئەشکێنێ ! ئێ بەیتاری شکانەکە و وەستای چاککردنەوەکەش ، خۆ جگە لە پارتی کەسی تر نیە ،، قەزییەکە ھی پارتی ە , پێشڕەوی کاروانەکەش ھەر ( بارزانی ) ە !

کەوابێ ،،

پارتی نابێ چاوەڕێی قەومان بکا و پاشان بیکاتە ھەڵڵا ،، ھەڵڵایەک کە تەجروبە سەلماندووییەتی زۆر جێ ناگرێ ! ئەبێ ھەتا پێی ئەکرێ نەھێڵێ بقەومێ . دەستگیرکردنی تاوانبار گرنگە ، بەڵام گرنگتر ، ڕێ گرتنە لە ئەنجامدانی تاوانەکە !

پێویستیش ناکا دیسانەوە باس لە مێژوو و جوگرافیا و ئەجیندا ئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش بۆ تەوزیعاتی ھێز لەکوردستان بکەم ، ھەر ھەموومان ئەزبەرمان کردووە !

بەڵام بیرھێنانەوەی قسەکەی مەلابەختیار کە وتی یەکێتی یەک کورسیش بھێنێ ھەر یەکێتی ە ، نەک پێویستە ، زەرووریشە ، زەروورە بزانین ئێمە کەوتووینەتە کوێی دنیاوە ،،
ئینجا ھەنگاو بنێین .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP