دواین هەواڵ

ئایا ئيسرائيل دەوڵەتێکی درووستکراوی فەيکە؟

‌رەنج نەوزاد

10/12/2023

بۆ گەنجانی کورد

زۆرێک لە ئيسلامی و عەرەبەکان پێيانوایە ئيسرائيل دەوڵەتێکی بێ بنەمایە و بەڕێتانيا درووستی کردوە و بێ پشتگيری دەرەکی لەناودەچێت.

ئەوەی ئاگاداری مێژووی ناوچەکە بێت لە دوای جەنگی یەکەمی جيهانييەوە، دەزانێت و بۆی دەردەکەوێت (ئەگەر ڤايرۆسی ئيخوانيزمی نەبیت) هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بە ئەندازەی ئيسرائيل خاوەن بنەغایەکی بەهێز و پشت بەستوو نييە بە خۆی، هەر لە درووستبوونييەوە تا ئەمرۆ. هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بە ئەندازەی ئيسرائيلييەکان بە دڵسۆزی و ئازایانە و زيرەکانە و فێڵبازانە و عاقلانە و زانستيانە دەوڵەتەکەی خۆیان درووست نەکردوە. هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە ناگەنە ئاستی ئيسرائيل لە ئاستەکانی زانست و تەکنەلۆژيا (تەنيا یەک نموونە، دەوڵەتێکی گەورەی وەک هيندستان بۆ تەکنەلۆژیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و سەربازی و هەواڵگری تا ئەندازەیەکی زۆر بەرز پشت بە ئيسرائيل دەبەستێت)، ديموکراسی (هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە وەک ئيسرائيل ديموکرات نييە لەناوخۆ)، ئازادی ڕۆژنامەگەری (تا ئەمرۆش زمانحاڵی حەماس، ئەلجەزيرە، لە تەل ئەڤيڤ و ناو ئيسرائيل کار دەکات و پەخشی ڕاستەوخۆیان هەیە دژ بە ئيسرائيل، خودی حەماس و ئەلجەزيرە رۆژانە بۆ هەواڵی جەنگ و زیانەکانی سوپای ئيسرائيل پشت بە ميدياکانی ئيسرائيل دەبەستن- ئەمە براورد بکە بە وڵاتانی وەک ميسر، قەتەر، ئيماڕات، تورکيا، سعوودييە، ئێران، جەزائير، عيراق، ليبيا، یەمەن...).
کام دەوڵەتی ناوچەکە، بەم نەخشەیەیی ئەمرۆ، درووستکراوی بەڕيتانيا و فەرەنسا و زلهێزە براوەکانی هەردوو جەنگە جيهانييەکە نييە؟ یان لایەن کەم، ئەو زلهێزانە ڕێيان پێداوە بمێنێتەوە، ئەگەر خۆیان درووستيان نەکردبێت. درووستکردنی زۆرەملێیانەی عيراق لە لایەن بەڕيتانياوە، بۆچی وەک بەڵێنی بلفور هەژمار نەکرێت؟! یان ڕێککەوتنەکانی بەڕيتانيا لەگەڵ شەريف حوسێن و پاشان ئال سعود بۆ درووستبوونی زۆرێک لە دەوڵەتە عەرەبييەکان و سعودييە بەم نەخشەیی ئەمرۆ. سەربەخۆیی قەتەر و ئيماڕات و بەحرێن درووستکراوی بەڕيتانيا نييە؟ کێ ئەحوازی دایە ئێران کە ئێرانی کردوە بە زلهێزێکی بواری وزە؟ بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا لە قەتەر نەبووایە، لەم ١٠ ساڵەی دوایی شتێک دەمایەوە بە ناوی ئەم قەتەرەی ئەمرۆ؟ بەحرێن لە ئەنجامی ململانێی ئێران و سعوودييە لەسەر دوورگەکانی کەنداو، بووە دەوڵەت! نەخشەی تورکيا بەم شێوەیە دەبوو ئەگەر کوردستانی بە زۆر پێنەدرایە؟

هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بە ئەندازەی ئيسرائيل سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نييە. ئەمە نيشانەی ڕەسنایەتی و ئيرادە و بەهێزی ئەو دەوڵەتەیە، نەک لاوازی و فەيک و بێ بناغەیی. زۆربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە یان دەبێت سازش بۆ ئەمريکا بکەن، هەندێکيان بۆ ڕووسيا و تا ڕادەیەکی کەمتر و نوێتر بۆ چين بۆ بەردەوامی و پاراستنی ڕژێمەکانيان. بۆ نموونە قەتەر خۆی کردوە بە بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگری ئەمريکا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. سعوودييە و ئيمارات و بەحرێن هەر وا. رێژێمی ئێران، بە قسەی هەندێک لە جاودێرە ئێرانييەکان، خەريکە ئێران بە چين دەفڕۆشێت بۆ ئەوەی بەرگەی سزاکانی ئەمريکا بگرێت. ئەسەد بەشێکی گەورەی سوريای دایە ڕووسيا بۆ ئەوەی بمێنیتەوە، بەشەکەی تری لای ئەمريکایە. تورکيا بەدرێژایی چەندين ساڵ ديوارێکی ناتۆ و ئەمريکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە سۆڤيەت و ڕووسيا.

کاتێک دێينە سەر پەيوەندی ئيسرائيل و ئەمريکا، پەيوەندييەکە بەو جۆرە نييە. زۆر کات ئاشکرا دەرک بەوە دەکرێت کە ئەوە ئيسرائيلە، بە حکومی هەژموونی لە ناو ئەمريکا بەهۆی جولەکەکانەوە، کە فشار لە ئەمريکا دەکات و ناچاری دەکات بە پێی بەرژەوەندييەکانی ئيسرائيل سياسەت بکات و مامەڵە بکات لە ناوچەکەدا. ئەستەمە کەسێک ببێتە سەرۆکی ئەمريکا و دژە ئيسرائيل بێت. ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتانی تری ناوچەکە، یان خاکی خۆیان دەدەنە ئەمريکا بۆ ئەوەی بيکاتە سەربازگە (وەک قەتەر و تورکيا)، یان ناچارن بەردەوام چەکی لێ بکڕن (سعوودييە و مەغريب بۆ نموونە)، یان دەکەونە ژێر سزا و گەمارۆ و چەندين قەيڕانی تر (بۆ نموونە ئێران و سووريا).

پاساوی پشتگيری کردنی ئەمريکا و ڕۆژئاوا لە ئيسرائيل، دەبێت ئەو پرسيارەشی بەدواوە بێت بۆچی رۆژئاوا پشتگيری ئيسرائيل دەکات؟ ئەوەندەی جولەکە لە ئەوروپا جينۆسايد کراوە و چەوسێنراوەتەوە، هەرگيز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە نەبووە. ئەو دووژمن و بکووژانەی دوێنیی جولەکە، بۆچی ئەمرۆ پشتگيری دەکەن؟ بەشێکی زۆری بە هۆی توانا و پلانەکانی ئيسرائل خۆیەتی. یانی ئەمريکا و ڕۆژئاوا پشتگيری تورکيا و سعوودييە و قەتەر و ئيماڕاتيان نەکردوە؟ ئەمريکا جەنگی بەرپاکرد بۆ رزگارکردنی کوێت لەدەست عيراق، تا ئەمرۆش جەنگی بەرپانەکردوە لەبەر ئيسرائيل. ئەمريکا نەبوایە، کوێت ئەمرۆ پارێزگایەکی عيراقی دەبوو. بۆچی هەبوون و سەربەخۆیی کوێت وەک دەوڵەت قبوڵکراوە و ئاساییە، بەڵام هەبوونی دەوڵەتێکی وەک ئيسرائيل کە هەزاران جار لە کوێت بەهێزتر و سەربەخۆتر و سەروەرترە ئاسایی نەبێت؟

پاساوی باو ئەوەیە کە ئەو خاکە هی ئيسرائيل نييە و زەوتيان کردوە، بۆیە دەوڵەتێکی فەيک و درووستکراوی بێ بناغەیە. ئەمە ڕەهەندێکی مێژوویی و ئەخلاقييە، نەک سياسی. سياسەت واتە هێز، ئيسرائيل هێزی هەیە و ڕەوایەتی لە سياسەتدا هێزە. سەبارەت بە ڕەهەندە مێژوویی و ئەخلاقييەکە، کە گرنگن و پێويستە بایەخی تايبەتی پێبدرێت.

ئيسرائيل لەسەر بنەمای ئاين درووستبووە، دەوڵەتێک بۆ جولەکەکان. پێش دەوڵەتی ئيسرائيل جولەکە کەمينە بووە لەو خاکە. بەڵام مێژووی جولەکە کۆنە لەو خاکە، خۆیان پاساوی ئاينييان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو خاکە و بە خاکی ڕەسەنی خۆیانی دەزانن. هەر چەن عەرەب پێیوایە کە پێش هەبوونی جولەکە لەوێ، ئەوا هەر عەرەبی تيابووە. ئەگەر بگەڕێينەوە بۆ ئەو جۆرە تێڕوانينە، کە مێژوویيەکی کۆنە، ئەوا دەبێت دەوڵەتە تورکەکانی وەک ئازەربيجان و تورکياش، بە هەمان شێوە بخرێنە بەردەم پرسيار، تورک لە ئاسيای ناوەڕاست زۆرينە بوونە نەک لە قەوقاز. لەو مێژووە کۆنەدا، ئایا ميسر و باکوری ئەفريقيا دەکرێت بکرێنە دەوڵەتی عەرەبی و بەشێک لە نيشتيمانی عەرەبی؟ ئەمريکا و ئوستراليا و کەنەدا هەموویان دەبێت بخرێنە ژێر پرسيار.

خاڵێکی گرنگ کە زۆرێک لە نەيارانی ئيسرائيل ئاماژەی پێنادەن، بريتييە لەوەی کە ميسر وەک ڕابەر و درووستکەری دۆزی فەڵەستين، هەر وەها ڕێکخراوی رزگاریی فەڵەستينی، وەک تاکە نوێنەری فەرمی و ڕاستەقينەی دۆزی فەڵەستين دانيان بە سەربەخۆیی و مافی هەبوونی ئيسرائل ناوە وەک دەوڵەت. لێرەوە، ئيتر پرسی دەوڵەتی ئيسرائيل، یەک لابووەتەوە و مایەیی گفتوگۆ نەماوە. دەوڵەتی ئيسرائيل لە ئێستادا، لە ڕووی یاسایی و مێژوویی و ئەخلاقيشەوە ڕەوایەتی و مافی هەبوونی هەیە. چونکە خودی فەڵەستينييەکان لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، نەک لە کاتی جەنگ و بە ناچاری، دانيان بە دەوڵەتی ئيسرائيل ناوە. جگە لە کۆمەڵگە و یاسای نێودەوڵەتی کە هەمان دانپێدانانيان هەیە بۆ ئيسرائيل. ماوەیەکە دەوڵەتانی تری عەرەبيش سرەیان گرتووە بۆ هەمان دانپێدانان.
ئەوەی مایەیی باس و ئاماژەپێکردنە لەوبارەیەوە بريتييە لەوەی ئيسرائيل زیاتر لە مافی خۆی خاکی بردوە، واتە زیاتر لەو ڕووبەرەی کە لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ پێیدراوە. لەمەدا ئيسرائيل لەو بەشەی خاکی فەڵەستين، بە دڵنياییەوە داگيرکەر و زەوتکەرە. ئەمە بە پێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی و فەڵيستينييەکانش... هەر چەن لەو داگيرکارييەشدا، هەرگيز ناگاتە ئاستی ستەمکاریی داگيرکارييەکانی ئێران بۆ ئەحواز و کوردستان و بەلوچستان، داگيرکاری تورکيا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان. داگيرکاری ڕووسيا لە ناوچەکانی باکووری قەوقاز، داگيرکاری چين بۆ ئەيگۆرييەکان... هەموو ئەم جۆرە داگيرکارييانە توندتر و نا مرۆڤانەترن، چونکە هيچ نەبێت داگيرکارييەکانی ئيسرائيل کۆمەڵگە و یاسای نێودەوڵەتی ڕەتی دەکەنەوە و قبوڵی ناکەن، داگيرکارييەکانی تر یاسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەک هەر قبوڵی دەکەن، بەڵکو پشتگيريشی دەکەن.

زۆر بە کورتی، هەر لایەن و کەس و گروپێکی کوردی ئەگەر دژی داگيرکاری تورکيا و ئێران و سووريا و عيراق لە کوردستان نەبێت بە هەمان ئەندازەی داگيرکاری ئيسرائيل بۆ فەڵەستين، یان زیاتر، ئەوا درۆزنێکی جاشی نادادپەروەری سەخيفە. ئەمە لە کاتێکدا، کە داگيرکەرانی کوردستان، زۆر زیاتر لە ئيسرائيل توندوتيژتر و زاڵمتر و نا مرۆڤانەترن. تەنيا بەوەی کە بە فەرمی ئيسرائيل مافی بە سەربەخۆیی فەڵەستين داوە و هاووڵاتيانی پاسپۆرتی فەڵەستينييان هەیە و زمانی عەرەبيش هەر زمانی یەکەم و سەرەکييە، بەسە بۆ ئەوەی کە داگيرکەرانی کوردستان بە براورد بە داگيرکاری ئيسرائيل، زۆر بە ستەمکارتر دابنێين.

ئەم نووسينە بۆ پشتگيری لە ئيسرائيل و دژایەتی فەڵەستين نييە، خودی فەڵەستين بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی ئيسرائيل ناوە. ئەوەی حەماس بانگەشەی بۆ دەکات کە گوایە ئيسرائيل دەوڵەتێکی داگيرکەرە و مافی مانەوەی نييە، گوتارێکە دژی گوتاری فەرمی و یاسایی فەڵەستينييەکان و دەوڵەتانی عەرەب و یاسای نێودەوڵەتييە. ڕێکخراوی ڕزگاری فەڵەستينی، کە بە پێی دەوڵەتانی عەرەبی و گروپە فەڵەستينييەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاکە نوێنەری فەرمی و یاسایی و شەرعی دۆزی فەڵەستينە، ئەوان دان بە سەربەخۆیی ئيسرائيل دەنێن بە پێی سنوورەکانی پێش ١٩٦٧، واتە ٧٨٪ی ئەو خاکە بە فەرمی و شەرعی هی دەوڵەتی ئيسرائيلە. جگە لەوەی کاتێک مسوڵمانان زیاد لە ٥٠ دەوڵەتيان هەبێت و عەرەب زیاد لە ٢٠ دەوڵەتی هەبێت، بۆچی جولەکە دەوڵەتێکی نەبێت؟ ئەم ستەمکارييە بۆ؟

بەشێکی زۆری عەرەب و فارس و تورک و توتکە ئيسلامييە کوردەکان وا دەزانن جولەکەش وەک کوردی داماوە، چاوەڕێ بکات ئەوان مافی سەربەخۆیی بدەنێ یان نا. جولەکە دەوڵەتی خۆی دامەزراندوە و هيچ نرخێکش بۆ ڕای نەيارەکانی دانانێت. ئەوە عەرز و ئەوە گەز، ئەوەی قبوڵی نييە با بڕوات شەڕی بکات. ڕووبەری فەرمیی ئيسرائيل نيوەی ڕووبەری هەرێمی کوردستانە، سێ جاريش بچوکترە لە باشووری کوردستان!

مەبەستی سەرەکی ئەم نووسينە بۆ خوێنەری کوردە، کە پێويستە تێڕوانينی سەرکردە و گەنج و نوخبە و هاووڵاتی کورد بۆ دەوڵەتێکی نموونەیی، دەوڵەتێک کە مایەیی چاولێکردن بێت، ئەو دەوڵەتە ئيسرائيل بێت. نەک غەزە و کولتوری شيوەن کردن و وەهم درووستکردن و شکست و دۆزەخ درووستکردن بۆ نەتەوەی خۆت و شەڕکردن لە پێناو شکست و کاولبوونی وڵاتی خۆت. پێويستە مرۆڤی کورد بزانێت سياسەت ئەوەیە کە ئيسرائيل دەيکات، شەڕ ئەوەیە کە ئيسرائيل دەيکات، کە شەڕکردنە بۆ درووستکردنی دەوڵەت و ترساندن و تەمێ کردنی دووژمن. زانست و مەعريفە و ئابووری و ديموکراسی و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی خۆت و ئازادی رۆژنامەگەری و ڕادەربڕين ئەوەیە کە ئيسرائيل هەیەتی، نەک ئەوەی حەماس و غەزە.

جياوازی نێوان کولتور و جيهانبينی ئيسرائيل و حەماس چييە؟ ئەگەر وێنەیەکی زۆر ئاسان و ڕوون بخەينەڕوو. ئيسرائيل واتە گومەزی ئاسنين و درووستکردنی هەزاران ژێرزەمين و تونێل بۆ ژن و منداڵ و پير لە کاتی جەنگ، ئينجا ناردنی چەکدارەکان بۆ بەرەی شەڕ. حەماس و غەزە واتە جەنگ هەڵبگيرسێنە و پاشان هەموو چەکدارەکان بچنە تونێلەکان خۆیان بشارنەوە. پاشان لەسەرەوە بەرزکردنەوەی مناڵێکی کووژراو و خوێناوی بە مووشەکی ئيسرائيل لەبەردەم کامێرا وهاوارکردن و شيوەنکردن، کردنی لاشەی منداڵی شيرە خۆرە بە ئامرازێکی جەنگ و سياسەت، کردنی پير و منداڵ و ژنی دوگيان بە قەڵغانی مرۆیی و دانانيان لە بەردەم ڕەحمەتی مووشەک و تانک، ئينجا داواکردنی دەرمان و کارەبا و ئاو... لە ئيسرائيل... کام لەم دوو کولتور و جيهانبينييە بۆ مرۆڤی کورد گرنگ و بەسوودە؟ لەم جيهانە دارستانە، کە لاوازەکان ژێر پێ دەخرێن، کە هەمووان دژ بە هەمووان لە سەنگەرن، کام لەم دوو نموونەیە مرۆڤانەترە و دەتوانێت ژیان و کەرامەتی مرۆڤی کورد باشتر بپارێزێت؟ لێرەدا مەبەست ئەوە نييە کورد دەتوانێت وەک ئيسرائيل بەهێز بێت، مەبەست ئەوەیە هيچ نەبێت پێمان وابێت دەوڵەتی سەرکەوتوو ئيسرائيلە و دەبێت ئاوا بێت، نەک غەززەکەی حەماس.

خۆ ئەگەر ئيسلامييە کوردەکان هەر قەناعەت ناکەن، دە کەواتە ئيسلامیی کورد با هەوڵبدات دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئيسرائيل درووست بکات و پاشان بەو دەوڵەتە ئيسلامييە کوردييە پەلاماری ئيسرائيل بدات و فەڵەستين ئازاد بکات. واتە واز لە نموونەی غەززە و حەماس بێنن، یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزبوونی ئيسرائيل هەبوونی چەمکی حەماس-غەزەیە. ئەگەر ئيسلامييەکانی کورد هەر سازش ناکەن و سوورن لەسەر ڕووخاندنی ئيسرائيل، ئەوا تورک و فارس و عەرەب نايانەوێت بيروخێنن و لەگەڵی مامەڵە دەکەن و دۆستایەتی لەگەڵ دەکەن (لەم جەنگەدا دەرکەوت)، بۆیە تاکە چارەسەر هەبوونی دەوڵەتێکی کوردیی بەهێزە کە ئێوە حوکمی بکەن و شەڕی ئيسرائيلی پێبکەن. بۆ ئەمەش یەکەم هەنگاو دەبێت لە ژێر نەعلەکانی خامنەیی و ئەردۆگان و عەرەب بێنە دەرەوە و ببنەوە بە کوردستانیی. چونکە کاتێک ئێوە لە ژێر نەعلەکانی ئەوان کەوتوون بێ ئاگان کە ئەوان لەسەرەوە تەوقە لەگەڵ ئيسرائيل دەکەن و ڕيککەوتنی لەگەڵ دەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP