ئابووریی عیراق لە مێژە پشتی بە نەوت بەستووە، ئەمەش بووەتە میراتێك دیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی دۆزینەوەی یەكەم بیری نەوت لەم وڵاتە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەبەرئەوە سامانە ئابووری و سروشتییەكانی عیراق پەیوەندییەكی توندییان بە بازاڕەكانی نەوتی جیهانەوە هەیە، بە جۆرێك نەوت نزیكەی 90 % كۆی داهاتەكانی دەوڵەت و نزیكەی 95 % داهاتەكانی هەناردەكردن بۆ دەرەوە پێكدەهێنێت، ئەم پشت بەستنە بە نەوت دۆخێكی بۆ عیراق خوڵقاندووە كە هەمیشە لە ژێر كاریگەریی بەرزی و نزمی و هەڵبەز و دابەزی نرخی بازاڕەكانی نەوتدا بێت و هەمیشە سەقامگیریی دارایی بە خۆیەوە نەبینێت و ئاستەنگ بۆ گەشەكردنی ئابوورییەکەی دروست ببێت.
ئابووری عیراق لە مێژە پشتی بە نەوت بەستووە، ئەمەش بووەتە میراتێك دیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی دۆزینەوەی یەكەم بیری نەوت لەم وڵاتە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.
ئامانجی بودجەی 2024
ئامانجی سەرەكیی بوودجەی 2024 سەركەوتنە بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا و دابینكردنی سەرچاوەی زیاتری داهاتی ئابوری و سەقامگیرییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرچی هێشتا لەم بودجەیەشدا بە پلەی یەكەم پشت بە نەوت بەستراوە، ئەمەش ئاڵەنگاری و بواری زۆری هێناوەتە پێشەوە لە دیمەنی ئابووریی وڵاتدا، لە كاتێكدا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات.
ناجێگیریی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی
تا ئێستاش نەوت شادەماری ئابووریی عیراقە و ئەم وڵاتە لە ساڵی 2024 دا بەتەمایە رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بەرمیلی بە (75) دۆلار، ئەمەش ساڵانە نزیكەی 94 ملیار دۆلار داهات بۆ وڵات مسۆگەر دەكات، لەم بڕە پارەیە خەرجی و پێویستییەكانی تری وڵات دەردەكرێت كە بە 77.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 16.6 ملیار دۆلار زیادە دەمێنێتەوە، لەمەش حسابی تێچووی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان كە 12 ملیار دۆلارە دەردەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ عیراق قازانج و زیادەیەكی زۆر كەمە نزیكەی بڕی 4.6 ملیار دۆلارە، ئەگەر نرخی بەرمیلی نەوت داببەزێت بۆ 50 دۆلار، ئەوا عیراق بەرەوڕووی قەیرانی سەختی ئابووری دەبێتەوە و ناتوانێت پابەندبوونە داراییەكانی جێبەجێ بکات، ئەمەش مەترسی گەورەی پشت بەستنە بە نەوت وەكو تاكە داهاتی سەرەكی وڵات.
داهاتە نانەوتییەكان
1- داهاتە نا نەوتییەكان گومرگ و باجەكان دەگرێتەوە، ئەمەش رەگەزێكی گرنگی بودجەكەیە، هەرچەندە بە ژمارەی ورد و دروست دیاری نەكراوە.
2- سەرچاوەی داهاتی تر ئەمەش بە 20 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، ئەمەش ناتوانرێت زۆر پشتی پێ ببەسترێت بەهۆی ناجێگیری و ناسەقامگیریی بازاڕەكانەوە.
چۆنێتی دابەشكردنی خەرجییەكانی بودجە
1- خزمەتگوزاریی گشتی 12 ملیار دۆلار.
2- كڕینی كارەبا لە وەبەرهێنەرەكان سێ ملیار دۆلار.
3-كڕینی سووتەمەنی سێ ملیار دۆلار.
4- داودەرمانی وەزارەتی تەندروستی سێ ملیار دۆلار.
بودجەی 2024ی عیراق كۆمەڵێك تێكەڵاوی و ئاڵەنگاریی تێدایە، سەرەڕای بوونی لایەنی پۆزەتیڤی لە بودجەكەدا، لە ئەگەری بوونی زیادە لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكاندا كە نەخشەی بۆ كێشراوە، بەڵام سەقامگیریی ئابووریی وڵات هەمیشە لەبەردەم ئەگەری بەریەككەوتنی دەرەكیدایە، لە بابەتی هەڵبەز و دابەزی نرخەكانی نەوت، ئەمەش دەمێنێتەوە سەر توانای حكومەت و داڕێژەرانی بڕیاری سیاسیی وڵات کە ئاخۆ تاچەند دەتوانن بەندەكانی بودجە بە كاریگەری جێبەجێ بكەن، دیاریكردنی پڕۆژە لە پێشەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ ستراتیژی گەشەپێدانی نیشتمانی.