دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21/08/2023

لە گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییانەدا، یەکێک لێدان دەخوات، کێ دەکەوێتە تەپکەداوەکەى هێزەکانى ئەمریکاوە؟

وەک باسدەکرێت، کەسێک بێئاگایانە لەناو مەجلیسێکدا لەبەر خۆیەوە هەر دەڵێت: ئەمشەو یەکێک لێدان دەخوات، هەردەڕوات و دێت و دووبارەى دەکاتەوە، تا ئەو کاتەى یەکێک لە دانیشتوان تەواو بێزار دەبێت و زرمێکی تێدەسرەوێنێت و بێدەنگی دەکات، دواتر ئەویش بە بێزارییەکەوە دەڵێت: نەمگوت ئەمشەو یەکێک لێدان دەخوات، کوتومت ئەمە دەستپێکی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە چاوەڕێدەکرێت لەناوچەکەدا بێتە ئاراوە، ئەوەشى لێدانەکە دەخوات، لە ئێران زیاتر نییە.

مانگی شەشی ڕابوردوو هێزە دەریاییەکانى ئێران لە کەنداوی عوماندا ویستیان دەستبگرن بەسەر دوو کەشتى بارهەڵگری نەوتى ئەمەریکیدا، تەنانەت هەندێک تەقەشیان کردوە بەسەر یەکێک لەو بارهەڵگرانەدا، بەڵام کاتێک هەستیانکردوە کەشتییە جەنگییەکانى ئەمریکا بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بەڕێوەن، هێزە دەریاییەکانى ئێران گەڕاونەتەوە شوێنى خۆیان، بەوپێیەى دڵنیابوون کە خۆیان لێدان دەخۆن.

سەرەڕای ئەوەى لەسەرەتاوە وتەبێژێک بەناوى هێزە سەربازییەکانى ئێرانەوە ڕەتیکردوەتەوە کە هیچ جوڵەیەکیان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردبێت، بەڵام هێندەى نەبرد دەرکەوت هێزە ئەمریکیەکان جوڵەیەکی نائاساییان هەیەو زۆرینەى جوڵەکانیش لە خۆئامادەکردنێکی سەیردان، وەک باسدەکرێـت ماوەیەک پێش لە ئێستا ژمارەیەکی زۆر وەرگێڕی زمانى عەرەبی بۆ ئینگلیزییان دامەزراندوە لە هەردوو دیوی عێراق و سوریا، لە کاتى گرێبەستەکەشدا ئاماژەیان بەوە کردوە دەبێت ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کە لە کاتى جەنگ و لەگەرمەى ڕوبەڕوبونەوەکاندا خزمەتى خۆیان بکەن.
ئەگەر بڕیارەکە ئێران بێت و ئەوەى لێدانەکە دەخوات کۆمارى ئیسلامی بێت، ئیدی بۆچى جموجوڵەکان ڕوولە سنورەکانى سوریاو عێراق دەکات؟ بەڕاست لە سەر سنورەکانى عێراق و سوریا چی دەگوزەرێت؟

وەک شارەزایەکی سەربازیی باسیدەکات،  هیچ جوڵەیەکی سەربازی بەو ژمارە و قەبارەیە بێ ئامانج و مەرام نیە، لە دونیایی سەربازیدا ، سەربازەکان جوڵەی سیاسی ناکەن بەڵکو فەرمانی سیاسیەکان جێ بەجێ دەکەن، بۆیە بەدڵنیایی فەرمانەکە دەرکراوە و تەنها جێ بەجێکردنی ماوە . وەک میدیاکان باسیدەکەن، ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین کەشتیە جەنگییە فڕۆکە هەڵگرەکانی هێناوەتە کەنداوى عەرەبی کە هەڵگری فڕۆکەی f16_ f22_ f35، ژێردەریاییەکی جەنگی جوڵە پێکردوە کەهەڵگری مووشەکی ئاراستەکراوی پێشکەوتوە کە خەرجییەکی زۆری پێویستەو وەک شارەزایان باسی دەکەن تەنها خەرجی ژێردەریاییەکەى ئەمریکا بە ئەندازەى بودجەى یەک ساڵی وڵاتى سوریایە، نزیکەی چوار هەزار سەرباز ی لەسەر سێگۆشەی سنوری عێراق و سوریا ئوردن، جێگیر کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەکارییەکانى ئەمریکا پێناچێت بۆ چالاکییەکی کاتى بێت و دەیانەوێت درێژەى هەبێت .

لەسەر ئاستى پشتیوانى ئەمنیش سوپای ئەمریکا لەگەڵ زۆربەی هۆزە سونیەکانی سەرسنوری عیراق- سوریا- ئوردن ، ڕێکەوتنی کردوە و پشتیوانی بەدەستهێناون. پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆچی سوریا؟  ئەگەری یەکەم ڕێگرییە لە پشتگیری ئێران لەڕێگەی گروپە میلیشیاکانی عیراق بۆ سوریا و حزبوڵاى لوبنان،ئەگەری دووەم، پاشەکشەپێکردنى هەژمونى ڕوسیایە لە ئۆکرانیاو پەلکێشکردنیەتى بۆ سوریا،
ئەگەرێکی تر، ڕێگری کردنە لە پێشڕەوییە نوێیەکانى سوپاى ئەسەد بەتایبەتى لە شارى دێرەزور، ئەگەری سەرهەڵدانەوەى داعش لەو ناوچەیەدا بە پالپشتى سوننەکان، چون پێناچێت عێراق بیەوێت هەرێمێکیان بۆ جیابکاتەوە، مەترسیشیان لە شکانى زیندانی خێزانەکانى داعش زۆرە و هەموو ئەوانەش بۆ هێشتنەوەى خولێکی تری جۆبایدنە،

بەو پێیەى ئۆباما کوشتنى بن لادن و ترامپ ئەبوبەکری بەغدادیان کردە ماکی بردنەوەی سەرۆکایەتیەکانیان. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، ئەوەیە حەشدی شەعبی لەڕێگەى هەژمونیان لەسنورەکانى ئوردن و سعودییە لە دیوى عێراقەوە بەدرێژتیی سەدان کیلۆمتر، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئارامی ناوچەکە،  

هەربۆیە نزیکترین ئەگەر بڕینی هیلالی شیعی یە کە لە سنوری نێوان عێراق و سوریایە و لوبنان درێژدەبێتەوەو ناوچەکەیان نوقمی نائارامی کردوە، هەربۆیە شرۆڤەکاران پێیان وایە بڕینی دەستی ئێران لەناوچەکە و ڕاکێشان و سەرقاڵ کردنی ڕووسیا بۆ سوریا و کەمکردنەوەی فشاری سەر ئۆکرانیا، هەرچۆنێک بێت، پێدەچێت ئێران لێدانەکە بخوات و لەگەڵ ئەوەشدا شەرعیەت بدات بە مانەوەی هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق و ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP