دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/01/2021

وەزیری سامانە سروشتیەکان دەڕواتەوە پەرلەمان

هەرێم نیوز
لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی کوردستان میوانداریی کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەکات و چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکات.
 لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە کۆبونەوەی خۆی لە رۆژی سێشەممە 2021/1/26، بڕیاریدا رۆژی 10ی شوبات میوانداری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی: "لیژنەی سامانە سرووشتییەکان تاوتوێی راپۆرتی دیلۆیتی کردووە و ئەندامان را و سەرنج و تێبینیی خۆیان لەسەر راپۆرتەكە خستووەته‌ڕوو و بڕیاردرا بە راپۆرتێك تەواوی تێبینی و سەرنج و پێشنیازەكان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بكرێت بەمەبەستی وەرگرتنەوەی وەڵامەكانی لیژنەكە".
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی پەرلەمان، لیژنەکە بڕیاریدا لەكۆبوونەوەی داهاتوویدا لە رۆژی 10ی شوبات، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ میوانداریی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كەمكردنەوەی خەرجیی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا.
رۆژی 6-1-2021 پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کەمال ئەترووشی بە دەنگی 81 پەرلەمان وەک وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان متمانەی پێدرا و سوێندی یاسایی خوارد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP