هەرێم نیوز
ژووری بازرگانیی ئەمریکا و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا - عێراق، پێشنیازێکی
نوێیان خستووەتە بەردەم ئیدارەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کارکردنی راستەوخۆ
لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرەپێدانی کێڵگەکانی
گازی سرووشتی.
ژووری بازرگانی
ئەمریکا پێشنیاز دەکات، ئەمریکا لەمانگی نیسانەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی
ستراتیژیدا گرنگی بە چوار بوار بدات، کە بریتین لە هاوئاهەنگی دارایی و ئابووری، کە
چاکسازیی سیستەمی بانکی عێراق لەخۆ بگرێت، هاوبەشیکردنی عێراق لە تێپەراندنی دۆخی
کۆرۆنا و دەستپێکردنی دیالۆگی تەندروست، هاوکاریکردنی عێراق بۆ سەربەخۆیی لە بەدەستهێنانی
غاز و کارەبا، هەروەها هاندانی گەشەی ئابووری لە زۆنە تایبەتەکانی ئابووریدا.
لەو پێشنیازە
چوار خاڵییەی ژووری بازرگانیدا ئاماژە بەوەکراوە، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی بانکی جیهانی
و سندوقی نێودەوڵەتی دراودا کە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا-
عێراق ئیڤێنتی تایبەت بە هاوئاهەنگی ئەمریکا و عێراق بە بەشداری بەرپرسانی عێراقی
رێکدەخات، کە تێیدا وەزیری دارایی عێراقیش بۆ ئەو ئیڤێنتە بانگهێشت دەکرێت.
لەو کارە هاوبەشانەی
ژووری بازرگانیی ئەمریکا و ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - عێراق پێشنیازیان کردووە
بریتییە لە هاوکاریی راستەوخۆی ئەمریکا بۆ چاکسازی لە سیستەمی بانکی لە عێراق بە
بانکە ئەهلی و حکومییەکانەوە، هەروەها داوای وردبینی نێودەوڵەتی بۆ سیستەمی بانکی
حکومی عێراق دەکات.
لە یەکێک لە پێشنیازەکانیشدا
ژووری بازرگانیی ئەمریکا و ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - عێراق دەڵێن پێویستە ئەمریکا
هاوکاریی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی سرووشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
بکات، بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە رووی بەرهەمی گازەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت.