هەرێم نیوز
هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مووچەی مانگی 7ی هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕۆژی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى 7 تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەریوەبەرایەتىی گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارىی سەربازى)، لە رۆژی پێنج شەممە بەرواری 7ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە "لەم مانگەدا، نزیکەی 74000 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشی کردووەتەوە "سەرچاوەی یەکانەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە. بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی تری میدیایی بڵاوبکرێتەوە متمانەی پێ ناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتیێک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی ترەوە بڵاو دەکرێتەوە."