دواین هەواڵ

کلتور‌

 23/08/2021

کۆمەڵناسی ماهیر حەسەن

هیوا تاوەگۆزی

لە ساڵانی ڕابردوو ماهیر حەسەن ئیشی لەسەر ئازارەكانی كۆمەڵگا دەكرد و لەڕێگەی گیراوەیەك لە كۆمیدیا و جدیەت كارەكانی بە دڵی كۆمەڵگادا هەڵدەواسی وخۆشەویستی هەمووان بوو، واتە لەو دۆخەدا ماهیر وەك ((كۆمیدیاكارێكی كۆمەڵایەتی)) دەردەكەوت، بە مانایەكی تر ماهیر ئەو كاتە هونەرمەندێكی سادە بوو وە لە سینەمای نوێ تێنەگەشتبوو واتە هێشتا نەبوو بوو بە ((كۆمیدیاكارێكی بازرگان)).

لەڕاستیدا جوڵەی ماهیر لە كۆمیدیایی كۆمەڵایەتیەوە بۆ كۆمیدیای بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی كۆمەڵگای كوردی، بۆ نمونە لە دەهەی ڕابردوودا ئێمەش بە قوڵی نەچوبوینە ناو دونیای سۆشیاڵ میدیا و هێشتا پوچی و هیچی و سەرگەردانی و بێ پەروەردەیی ئێمەی نەتەنیبوو، بۆیە لەو ساڵانەدا ماهیر نەیدەتوانی بۆ كۆمیدیایی خۆی پشت ببەستێت بە:(دەم لاركردنەوە، جوێن بەخشینەوە، كوشتنی قیەمی گفتوگۆ لەنێوان ژن و مێرد، لەنێوان میوان و خاوەن ماڵ، لەنێوان هاوڕێ، دراوسێ، خاوەن دوكان، خاوەن ماڵ...) چونكە ئەمانە لە كلتوری ئێمەدا نەبوو بون بە مۆد، بەڵام لە دوای گەشەی سۆشیاڵ میدیا، هونەری ماهیر و كۆمیدیای ئێمەش پڕ دەبێت لەو مۆدانەی كە پڕن لە هیچی و سەرگەردانی، ئیتر دەمقوچكردنەوە و خۆڕەزیلكردنی هونەرمەند جێگەی تێكستی شاهانەی ناو ئەدەبیات دەگرێتەوە.

كۆمەڵناسی ئەمریكی (تۆد گیتلین) دەڵێت "سینەما سەركەوتوو بووە لەوەی كە چۆن پارە لەو شتانەدا بەدەستبهێنێت كە لەلای خەڵك بوە بە مۆدێلی ڕۆژ. سینەما هەوڵ دەدات بەپێی ئەفكاری گشتی هەنگاو بنێت تا مەحبوبیەتی خۆی لە كۆمەڵگاكان لەدەست نەدات"

بۆیە ماهیر حەسەن لە ئەمڕۆدا دەیەوێت وەك خەڵك خۆی پیشان بدات، ئەو دەیەوێت كۆمیدیایەكی بێ سەروبەری منداڵانە و سەرمایەدارانە بەڕێ بكات كە لە ژیانی ئێمە بچێت. كۆمەڵناس (نیكی ئەخەوان) دەڵێت: "ئەستێرەكانی هونەر و سینەما هەوڵ دەدەن وەك خەڵك خۆیان پیشان بدەن نەك شتێكی جیاوازتر و عەجیب تر، بۆ ئەوەی گرەوی خۆشەویستی و سەرمایە لەلای خەڵك بەدەست بهێنن"

لەبەرئەوە لە ئەمرۆدا ماهیر خۆی لە كۆمیدیای كۆمەڵایەتیەوە گوازتوەتەوە بۆ كۆمیدیای بازرگانی، لە كۆمیدیای بازرگانیدا ئیتر بینەر و كامێرات بۆ گرنگ نیە، بەڵكو ئەوەی گرنگە پێكەوەنانی سەروەتە تا ئاستی خۆبچوكردنەوە و خۆڕەزیلكردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP