هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی
هەرێم سێ بڕیاری تایبەت بە راییکردنی مامەڵەکانی وەزارەتەکەی رایگەیاند و تیایدا
هاتووە، ئەگەر فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێی نەکەن روبەڕوی سزا دەبنەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت،
دەبێت بەشێوەیەکی خێرا و لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتیدا مامەڵەی هاوڵاتییان راییبکرێت
و بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی بۆ هاوڵاتیانیش دابیندەکرێت.
دەقى بڕیارەکان:
١-لە ھەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی،
پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ
دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتییان و سەردانیکاران لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بەڕێ
بکەن. ئەو کارەی کە یاسا و رێنمایی ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زووترین کات ئەنجام بدرێت.
ھەرکارێکیش روبەڕوتان ببێتەوە لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیکار بێ وەڵام
بێت. دەبێت بەشێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵام بدرێتەوە.
٢- دەبێت بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە
و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نووسراو واژووی لەسەر
دەکرێت، لە رۆژانی دەوام.
٣- وەزارەت بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی ھەیە،
کە ژمارەکانی دیارە و ھەر سکاڵایەک بگاتە وەزارەت لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتییان
یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکارانی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی
خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە
دیوانی وەزارەت) بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت. پاش بەدواداچوون فەرمانبەری کەمتەرخەم
لەھەر ئاستێکی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت - ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە
و سزای کارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ساڵی
١٩٩١ی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش دوای ئەوە
دێت، هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان هەیە کە مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکاندا بە شێوەیەکی
رێک و خێرا بۆ راییناکرێت و زۆر جار چەند رۆژێک بە مامەڵەیەکی سادەوە سەرقاڵ دەبن
و هاتوچۆ دەکەن.
هەندێکیشیان
گرفتی ئەوەیان هەیە کە بەشێکی فەرمانبەرەکان رێنمایی پێویستیان پێنادەن یان مامەڵەی
گونجاو لەگەڵ سەردانیکارەکاندا ناکەن.