دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/06/2022

دادگای سلێمانی لەسەر ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر خێزانەکەی تاریقی بەتاڵ هاتە دەنگ

دادگای سلێمانی رایگەیاند، ‎لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە. 

دەقی رونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی:

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی
‎جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە..
‎ بۆیە بۆ هەموولایەكی روون دەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وە جێبەجێی كردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
‎ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.
‎ هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە كە زۆر لە كەیسەكەی ئەو قورستر و ترسناكتە بوون، و كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە.. بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حاڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.
‎سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (٢٣٠)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی.
‎ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات و بە نەخوازراوی دەزانێت، وە ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگایە.
‎سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢٢/٦/١٣ا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP